من ناکوژرێم
چۆن
دەتوانی من بکوژی!
من ناکوژرێم..
من شیرینترین خەونی بەدینەهاتوم
لە گشت بەیانییەکتدا دەبم بە سڵاوێکی وەڵامنەدراوە
لە گشت نیوەڕۆیەکتدا دەبم بە خوانێکی بێتام
لە گشت ئێوارەیەکتدا دەبم بە چاوەڕوانییەکی درێژ
چۆن دەتوانی من بکوژی!
من ناکوژرێم..
من ئەو گفتوگۆیە تامەزرۆیەم
لە فراوانترین سینەدا دەبم بە تەنگترین هەناسە
چۆن دەتوانی من بکوژی!
من ناکوژرێم..
من ئەو نیگایە پچڕاوەم
لە ژاوەژاوی ئاوەدانیدا دەبم بە قوڵترین خەیاڵ
چۆن دەتوانی من بکوژی!
من ناکوژرێم..
من ماچێکی نەکراوم
لەگەڵ هەر ئاوازێکی بەسۆز
دەبم بە بێدەنگییەکی گەورە بە لێوتەوە
من بەژنێکی لەباوەش نەگیراوم
بە دیمەنی هەر دابڕانێک
دەبم بە تەنیاییەک شەقاو شەقاو بە شوێنتەوە.
هیوا سەعید
"