هاوڕێیەتی نیچەییانە

شۆپنهاوەر هیچ هاوڕێیەکی ڕاستەقینەی نەبو بزانێت دابڕان و دورەپەرێزی مانای چییە، ئەگەر هەمو جیهانیش دژی بونایە - ئای لەم خەمە، ئێوە نازانن دابڕان و دورەپەرێزی مانای چییە!

پێویستم بە هاوڕێیە، هاوڕێی زیندو نەک هاوڕێیانی مردو و ئەو کەلاکانەی بۆ کوێم بوێ بتوانم بیانبەم(ئاڕاستەیان بکەم).
"نیچە"

لەبەرئەوەی کەسایەتی نیچە وەک مرۆڤێکی باڵا کەسایەتییەکی سادۆمازۆخی خەسێنەرانەی ناوەکییە، بە ویستی هێز دەرونی دەخەسێنێت، هۆشی وەکو باڵادەست و براوەیەک لە ململانێدا دوچاری تێربون دێت. بەوەدا هۆشەکەی دەخزێتە پانتایی ئایدیاکان، بەو مانایەی هەرچی لە نەستیدا بارکراوە بەهۆی هەستە تێرەکەی بەراورد و شییاندەکاتەوە، دواجار وەک تەقینەوەیەک لە ماناپێدانەکانی، بە قڵپکردنەوە (تێگەیشتنی نوێ) لێی دەڕژێت.

لێرەوەیە ئەم جۆرە کەسایەتییە لە گفتوگۆ و دیالێکتیکی ئەویتری (بازاڕی) دەرەوەی خۆیدا کەوتوە و لەناوخۆی لە دیالێکتیک و هەمیشە لەگەڵ خۆی دەدوێت. لە ئەگەری گفتوگۆکردنی ئەم ئەویترە بازاڕییەشدا، دیسان گفتوگۆیەک لەگۆڕیدا نییە، بەڵکو سەپاندن هەیە، واتا بە ڕێی زمان و دەربڕین تێگەیشتن و زانینەکانی فڕێدەدا، ئەویترە بازاڕییەکەش لە دەرەوە بەبێ هیچ پرسیارکردنێک (لە نەزانینەوە) تەنیا لێی هەڵدەگرێتەوە.

کەواتە ئەم چۆنییەتی پەیوەندییە ناهاوسەنگە، هاوڕێیەتیش بە نەبونی گفتوگۆ بونی نابێ (هاوڕێیەتی قسەیە) و نێوانەکە دەبێ بە باڵادەستێکی سەپێنەر و ژێردەستەیەکی خەساوی ئیسفنجی (فالۆس/ئەوەی نییەتی/ئاڕاستەکراو) هەر هەڵدەمژێت (وزە لێ بردن).

بۆیە لەپێناو بە هاوڕێبونی ئەم مرۆڤە نیچەیی و باڵایە، پێویستە هۆشێک توشی هەمان دۆخەکەی هاتبێ، هەتا بە سەرنجڕاکێشان و تێگەیشتنی جیاواز وەک شۆککردنێک هۆشی لە گەڕان بوەستێنێ (Pause/ وەستانی کاتی) و ڕوبەڕوی بیرلێکردنەوەیەکی دیکەی بکاتەوە، ئینجا وەک دو باڵادەست خەسێنەرانە زمانییان دەکەوێتە گفتوگۆکردن و هاوڕێیەتی لە نێوانییاندا پەیدا دەبێت*.

ئەوەیە کاتێک شکۆمەند هەوڵی بچوککردنەوەی شکۆمەندێکی دیکە نادات، لەبری بە هەوڵێکی وەها ببێتە مایەی هیچوپوچی، هەوڵێک دەدا دەستکەوتی لێ بکەوێتەوە، بە مانای بە شکۆ وەک خەسێنەرێک (خاوەندارییەتی لە خود/فالیک/ئەوەی هەیەتی) ڕێز لە شکۆی ئەویترێکی خەسێنەر دەگرێت، چونکە وەک لە نامۆکەوتنێک (پێکەوەبون بە جیاوازییەوە) بە هاوڕێی (دەستکەوت) دەزانێت.

لێرەدا بە پێچەوانەی ئەم تێگەیشتنە نیچەییە، لەنامۆکەوتن بە عەشقی سۆفیگەرانە (سۆزەکی/خەساو) ڕوبدات، هۆش لە گەڕانی بەرز دەکەوێت، لێکدانی دو سۆز یەکێتی بونێکی سۆزەکی (کلتورێکی نزم) دروست دەکات. لەسەر ئەم بنەمایەیە مرۆڤی باڵا (هۆش/کلتوری بەرز) و بازاڕی (سۆز/کلتوری نزم)، هەروەها ئەندامە ئایدیالییەکانی فالیک (نێر/هۆشەکی) و فالۆس (مێ/سۆزەکی) بە یەکسان دانانێت.
                                                      

* نیچە، بەرەبەیان: ڕەخنەگرتن لە ژیانی فەلسەفی بەو ناوەی گوایە مرۆڤ دوچار بەوەی سودی بۆ هاوڕێکانی نەبێ، شتێکە ناشێ بە خەیاڵی مرۆڤی هاوچەرخدا بێ: ئەوە زۆر کۆنە. لە سەردەمانی کۆندا، چەمکی هاوڕێیەتی بەهێزتر و قوڵتر بو، بگرە خەریکبو لەکاتی مردنیدا هاوڕێکانی ببات بۆ گۆڕیش. ئەوە جیاوازییەتی لە سەردەمی ئێمەدا: خۆ دەکرێت بەوە تێیبگەین جۆرێکە لە خۆشەویستی هاوڕەگەزی.


هیوا سەعید

Popular Posts