سالۆمی، پیاوێک لەناو لەشی ژندا

نیچە یەکێکە لە یەکەمین دەرونشیکارەکان، جێی سەرسوڕمانە هەتا چ ڕادەیەک قوڵبینییەکەی باڵی بەسەر دۆزینەوەکانی ئێمەدا کێشاوە، هیچ کەس لەو قوڵتر لە پاڵنەرەکانی پشت ڕەفتاری مرۆڤ تێنەگەیشتوە.      "فرۆید"

سالۆمی بەو بیرکردنەوە فەلسەفییانە گەیشتوە، نیچە پێی گەیشت.      "پۆل ڕی"

سالۆمی هاوشێوەی نیچە سادۆمازۆخییەکی ناوەک(توندوتیژی خۆئازاردەر)ی خەسێنەرە، بە هەستی دەستبەسەر نەست و لایەنە مازۆخییە(زێ/مێ)کەیدا دەگرێت. بە مانای ژنبونی خۆی (جوڵە و دەربڕینی ژنانەی) لە واقیع ڕەتدەکاتەوە.

ئەم ڕەتکردنەوەیە پەیوەستە بەو ڕق و ئیرەییەی کچ لە دایکییەتی، کە ئەویشی بە ژنی بەرهەمهێناوە، بۆیە لە تۆڵەی نایەوێ ژن بێ، لە ناوەوە حەزی بەزاندنی تابوی هەیە، دەیەوێ ببێ بە شوێنگرەوە و خەسێنەری دایکی لە بەرانبەر باوک(ئەویتری گەورە/خوا)دا. لێرەوەیە ئەم ڕقەی حەزیشە لە دایک، لەبەرئەوەی خاوەنی زەکەری دایکە. دواجار بەم هۆیەوەیە لە واقیعدا بۆ هاوشوناسی سەرسام بە پیاوی بە شکۆی وەک نیچەیە.

لەبەرئەوەی پێزانینەکانی سالۆمی بەوەیە بە هەمان تەکنیکی نیچەیی لەبری بەشێوەیەکی عاریفانە هەستی (ئێستای/شێر) لەبەردەم نەستی (خوا/ڕابردو/وشتری ملکەچ) بخەسێنێ و ببێتە کەسێکی سۆزەکی و واقیعەکەی (ژنە) بە خەساوی پەسەندی بکات، بە پێچەوانەوە بە هەست نەستی دەخەسێنێت (کوشتنی خوا/ وەستانەوە دژی نەریتی باو) و دەبێ بە هۆشەکی. واتا بە چونە ئەودیوی شێتی (بازدان بەسەر هیستریا) دەست بۆ شێواندنی پێکهاتە ژنانە واقیعییەکەی دەبات. بەو مانایەی لەپێناو بەزاندنی تابو (چێژپێدان بە ئارەزو) دەگەڕێتەوە ناو ویژدانی ناخودئاگای، دواتر وەک ئاشکراکەرێک دەخزێتە ئەوانیتریشەوە.


لێرەدا کاتێک ئەندامە ئایدیالییەکەی سالۆمی نێرە و لە واقیعیشدا ژنە (زێ)، بەم دوکەرتبونە ناچونیەکەی خەیاڵ و واقیعی (یەکانگیرنەبونی نەست و ئەویترەکەی) دەشڵەژێ وەک ترسانێک.


کەواتە جارێکی تر سەرسامبونی بە نیچەیەکی تاکگەرا لەسەر بنەمای زانینی ئەم تەکنیکە (خۆشڵەژاندن/خزینەناو) و ناسینی فەلسەفەکەیەتی، کە سالۆمی (ئەویش وەک تاکگەرایەک/مێردم ناوێ. سالۆمی) خەیاڵی دەنوێنێتەوە و لەگەڵیدا هاوشوناس دەبێت. ئەوەش یەکسانکردنەوەیەتی بەخۆی، چونکە هاوشوناسبون بە تواندنەوە و سڕینەوە لە ئەویتر ڕودەدات. ئەم ئەویترە بۆ ژن باوک و بۆ پیاو دایکە، لە کۆتایی ئەم باوک و دایکە سیمبولێکن، ئامانج لە هەردوکییان خوایە (ئەویتری گەورە). لە کاتێکدا سالۆمی نیچەییانە (خەسێنەرانە) بکوژی ئەویتری گەورەیە (کوشتنی خواباوک/خەساندنی دایک). وەکچۆن لە بنەما فەلسەفییەکانی نیچەشدا بە کوشتنی خواباوک دەستبەسەرداگرتنی دیوە مازۆخیی(چێژکردن لە ژێر دەستەیی)ەکەی ناوخۆی دەست پێدەکا، بە تێکشکاندنی نەریتە باوە پیرۆزەکان و ویستی هێز تێپەڕ دەبێ، بەڵکو مرۆڤی باڵا لەدایک بێت.

بەڵام نیچە لەبارەی خۆشەویستی لەگەڵ ئەم جۆرە ژنبونە، لە زانستی شاد و لە نامەیەکیشدا بە سالۆمی دەڵێ: خۆشویستن لە ڕوانگەی ژن و پیاوەوە جیاوازە، سەرەڕای ئامادەم بۆ تاکەکەسیک لە هاوسەرگیری تەنازولی پێشوەختە پێشکەش بکەم، بڕوام بە یەکسانی ژن (ئەوەی نییەتی/زێ/سۆز) و پیاو (ئەوەی هەیەتی/نێر/خاوەن هۆش و مۆڕاڵ*/شکۆ) نییە. لەئاوابونی بتەکانیش ئەم تێگەیشتنە بە ڕونتری دەڵێت: خۆتان لە ژنێک لادەن نێرانە بجوڵێتەوە (داوای دایکباوکایەتی بۆ منداڵکردنەوە و ژێردەستەیی بەسەر پیاو دەکات)، ئەگەر لانەچن (بەپیاوبونێکی باوکانە نەمێننەوە) بۆخۆی دەڕوات. بەوەدا تەواوی مەبەستەکەی لە هاوسەرایەتی خاوەندارییەتییە، لەبەر گرێی ئۆدیب و ئەلێکتراش پیاوەکان دایکییان و ژنەکان باوکییان لە یەکتر دەوێتەوە، پێویستە پیاو قوربانی بە نەویستنی ئەم چێژە (مازۆخیزمی دەرەکی/دایکی ئۆدیبی) لە خۆیدا بدا و گرێیەکەی هەڵوەشێنێتەوە، ببێ بەو باوکەی ژن دەیەوێت. بەپێچەوانەوە پیاو بە منداڵبونەوە ببێ بە ژێردەستە، ژنەکەی لە خاوەندارییەتی دەکەوێت و دەبێ بە هی هەموان، پیاویش (مرۆڤی باڵا) ئەوە پەسەند ناکات.



* مۆڕاڵ ئاکارێکە لە ئاگاییەوە، بەشێوەیەکی بێئاگایانە نییە بەس ئەوە بە چاک دابنێ بۆخۆی چاکە.


هیوا سەعید

Popular Posts