چۆن لە منداڵبونەوەی نیچەیی گەورە ببینەوە؟
بێژن: چییە ئەوەیی منداڵ دەیتوانێ و شێر نایتوانێ؟ ئەو شێرە ڕفێنەرە دەبێ ببێتە منداڵ؟
منداڵ بێگوناهی و فەرامۆشییە، سەرەتایەکی نوێیە، یارییەکە، چەرخێکە خۆگەڕ، یەکەمین جوڵە، ئا - گوتنێکی پیرۆزە. بەڵێ برایان بۆ یاری ئافراندن، ئا - گوتنێکی پیرۆز پێویستە: گیان ئێستا داخوازی ویستی خۆیەتی. دنیا بزرکردو، دنیای خۆی وەچنگ دەخاتەوە. "نیچە"
١- عەشق؛ پانتاییەکە بەهۆی ئۆبێکتی ئارەزو (نەستنواندنەوە)وە، تەواوی دالەکانی پانتاییەکەی وەک خاڵێکی هاوبەش(یەکترنواندنەوە)ی خۆی: (ئۆبێکتی ئارەزو ئەویش دالێکە)، کە مەدلولی وەکو ئەویتری بچوکێک (شوێنگرەوی دایکباوک بە مەبەستی داگیرکردن و خاوەندارییەتی لێکردن/هاوسەنگکردنی دەرون) لە پانتایی خەیاڵدا وەرگرتوە، ڕەمزاندوە. لێرەوەیە بە لەناودابونی دوبارەی ئەم پانتاییە ڕەمزێنراوە (لەپاڵ ئۆبێکتە ئارەزوەکەی/نەستنواندنەوەکەی) سۆبێکت چالاکانە درێژە بەخۆی دەدات.
٢- بە پێچەوانەوە لە ئەگەری لەدەستدانی ئەم ئۆبێکتی ئارەزوەدا، سۆبێکتیش لەناو پانتاییە ڕەمزێنراوەکەی لەبەر ناچالاکبونی (خاوەندارییەتی بەسەرخۆنەکردن/خەرجنەکردنی لیبیدۆ) دوچاری کەرتبون دێت، بەوەی کەرتێکی ئیگۆ (ئاگایی) هاوشوناس دەبێتەوە بە ئید (نەست: منداڵبونەوەی نیچەیی) و کەرتەکەی دیکەی دەبێتە سوپەرئیگۆ (دەنگی ئەویتری ئۆبێکت) و چاودێرێک بەسەرییەوە.
٣- لێرەدا ئەم ناچالاکی و هاوشوناسبونەوەی کەرتێکی ئیگۆ بە ئید (هەرچەند ئیگۆ ڕەتیدەکاتەوە وەک خۆڕەتکردنەوە و نەفییەک، لە بەرانبەردا سوپەرئیگۆش ئەم نەفی و بێتواناییەی لە خۆخاوەنداریکردن ڕەتدەکاتەوە وەک نەفی نەفییەک و زاڵبونی نەست) توانای خاوەندارییەتییەکەی بەسەرخۆی (وەک لە واقیع دابڕانێک، کە ئیگۆئاگایی سەر بە پرەنسیپی واقیعە/سایکۆسیس) پێ لەدەست دەدا و ئەم ناخاوەندارییەتییەش نەمانی سۆز (پەیوەندی ناوەکی/ئاساییش و سەلامەتی)ی لێدەکەوێتەوە، دواجار دەبێتە مایەی ترس و گومان و ئیگۆلۆمەیی.
٤- بۆیە چارەسەری ئەم دۆخە بەشێوەک بە گۆڕین و چیتر لەناودانەبونی پانتاییە ڕەمزێنراوەکەیەتی (ئەو پانتاییەی بە لەدەستچونی ئۆبێکتی ئارەزوەوە ناچالاکانە لەکارکەوتوە/چەقبەستنی مێژو) لەپێناو جارێکی تر ڕەمزاندنەوەی پانتاییەکی دیکە و بەدەستهێنانەوەی چالاکی (خاوەنداری لەخۆکردن/هاوسەنگبونەوە/مێژوگۆڕین) تێیدا وەک جۆرێک لە گۆڕینی Lifestyle و شێوازی ژیانکردن.
هیوا سەعید