دەبێ کێ ببێتە سەرۆکی دنیا؟
هەرە
پاکەکان دەبێ ببنە سەرۆکی دنیا، هەرە نەناسیاوەکان، هەرە بەهێزەکان، ڕەوانە
نیوەشەوییەکان، کە لە گشت ڕۆژێک ڕوناکتر و قوڵترن.
ئەی ڕۆژ کوێرانە بەشوێمندا
دەست دەکوتی؟ بەدوای بەختیاری منەوەی؟ ئایا ساماندارم؟ تەنیا؟ خەزێنەیەکی زێڕ؟
گەنجینەیەکم بۆ تۆ؟
ئەی دنیا منت دەوێ؟ وەک
دنیام؟ ڕوحانیم؟ وەک خوام؟ کەچی ئەی ڕۆژ، ئەی دنیا ئێوە گەلێک خاون دەبێ
دەستگەلێکی زیرەکتان هەبێ، دەستگەلێکی درێژکراو بەرەو بەختیاری قوڵتر، بەرەو
نابەختیاری قوڵتر، بەرەو خوایەک نەوەکو بەرەو من.
نابەختیاری من، بەختیاری من
قوڵە، ئەی ڕۆژی سەیر، بەڵام من نە خوام، نە دۆزەخی خوا: ڕەنجی ئەو قوڵە.
ڕەنج دەچێژن، ئێوە هێشتا
ڕەنجی مرۆڤتان پێنەگەییوە، جگە لەمە بڵێن درۆتان کردوە! ئێوە هەموتان لەوەی من لێی
لە ڕەنجدا بوم، ڕەنج نابەن.
تەواوی تاوانەکانی مرۆڤ
ناکاتە ئەوەیکە بەرانبەر من کرا.
ئەی مرۆڤە باڵاترەکان،
گۆڕەکان ڕزگارکەن، جەندەکەکان هەستێنن! ئاخ! بۆچی کرم هەروا ڕەهەند لێدەدا، نزیک
دەبێتەوە، کات نزیک دەبێتەوە زەنگ دەزرینگێتەوە، دڵ هەروا ترپەی دێ، کرمی دار،
کرمی دڵ هەروا ڕەهەند لێدەدا. ئاخ! ئاخ!
"نیچە"
مرۆڤێک هۆشی تێکهەڵکێش
(سێنتێز/بەخوابون/سەروی چاکە و خراپە) بوبێتەوە، داوای ئاشتەوایی لە نێوان دوبەرەی
وەکیەکی ناکۆکدا بکات، بەم داوایە هاوشوناسی (ناڕەسەنی/بێشکۆیی) دەوێت. واتا
مرۆڤێکی سیاسی ناڕاستگۆیە نەک فەلسەفەکارێک، هەڵوێست و هێڵی بیرکردنەوەی خۆی لەپێناو
بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی بە لێ لێڵکردن وەک ساختەییەک گوایە ئاشتیخوازە پەنا
داوە(١).
لەبەرئەوەی ئەم جۆرە هۆشە
تێکهەڵکێشە بەڕێی ئەوینەوە (سۆز/مەعشوقدایک/نوێنەرەوەی نەست)، بە لەدەستدانی
ئۆبێکتی ئارەزو و کەرتبونی کەسایەتی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئۆبێکتەکە (کەرتێکی ئیگۆ
یەکسان دەبێ بە ئید/هاوشوناسی، کەرتەکەی دیکەیش دەبێ بە ئایدیال/سوپەرئیگۆ بەسەرییەوە)،
بەو مانایەی بە چونەسەرەوەی چاکە و خراپە (لۆژیک) و پێزانین بە بنەڕەتی بونەوە،
یانیش خواناسی (لاهوت/میتافیزیک نەک خواپەرستی) گەیشتوە بەم پێگەیە.
بۆیە یەکەم: لە ڕاستیدا لە
پەناوە لایەنگری سۆزە (ئەوین/ڕابردو/باوکایەتیکردن بەسەر منە منداڵییەکەی
ناوەوەیدا/دایکی) نەوەک هەردو بەرە وەکیەکەکان پێکەوە.
دوەم: ئاشتی لەبەر
هاوشوناسبونەوە (ناڕەسەنبون/بێشکۆبون) ناوێت. ئەگەر وەهای ویست دەبێ لە بەشداری
ژیانی پێکەوەیی و ئاوەدانی دورکەوێتەوە، هاوشێوەی عاریفێک ئەم ئاشتەواییەی لە
هەڵنەگرتنی باری ململانێ و جەنگ (سەرەڕای هەڵگریشە بە ویستی تۆڵە بۆ جارێکی تر
تێپەڕینەوە) بەتەنیا بۆخۆیی و لە ژیانێکی ناکۆمەڵایەتی و لە دەرەوەی دیالێکتیکی
میژوییدا بژی، ئەگەرنا دەبێ وەک فەلسەفەکارێکی بە هەڵوێست و واقیعی بڵێت:
دیالێکتیک، بە مانای جەنگیش. ئەوە ڕاستگۆییە(٢).
لێرەوەیە کاتێک نیچە بە
نواندنەوەی نەستییەوە دوچاری تێکهەڵکێشان دەبێتەوە، بەوەی دوژمنە تێکەڵکەرەکانی
ویستییان بە هاوشوناسکردنەوەی (خاوەندارییەتی بەسەر هۆش و دەرون و یەکسانکردنەوەی
بە مفتەخۆری/خۆنەبون) بێشکۆ و ناڕەسەنی بکەن شێت بو (کەرتبونی کەسایەتی/شێتی لە
بلیمەتی)، شێتییەک لە ڕەتکردنەوەی هاوشوناسی و بە جیاوازی (ڕەسەن) مانەوە. لێرەدا
لەناو ئەم شێتییەیدا وتی: دوژمنەکانم جوانترین تەمەنی لاوەتیمیان بە شەونخونی
فرۆشت، هەروەها وتی: ئیتر قەرەبوی منداڵییەکەم دەکەمەوە، دەبم بە باوک(ego)ی منداڵییەکەم: (نەستنواندنەوەکەی
هاوشوناسبونەوەیەتی بە دایکی، دایکیش باوکە: بەوەدا یەکسان و بونەوەشییەتی بە
منداڵی دایک) وەک نەفرۆشتنێکی سۆزی بۆ منە منداڵییەکەیی (بەشێوەیەکی سیمبولی
دەکەوێتە پانتایی خەیاڵ) و ئەوینی بۆ دایکی (ئید:identity/your
mom)، بە گەڕانەوە باوەشی وەک
خۆلەباوەشگرتن و منداڵێکی گەورە(٣). ئەم گەڕانەوەیەش سەرڕێخستنەوەی سەرەتایەکی
ترە(٤) بۆ ویستی ململانێجەنگ لە پانتایی واقیعدا! وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە لاوییە
فرۆشراوەکەی (زێڕکەفتی ڕەنگین/مۆدێرنە/تەمێکەری خوا)، بە منداڵییە بەسۆزەکەیی و دایکە
(ئەوینشەڕەف/بزنەوانی ئەڕباب) نەفرۆشتوەکەی(٥)، لە دواتر جەنگەکەش (جەنگی
دوبەرەکەی جیهان) زۆر بە گەورەیی ڕویدا(٦)!
ئەو پێشبینییەشی (گشت ناوێک
لە مێژودا منم/گۆڕانکارییەک لە داهاتو ڕونادا نەگەڕێنەوە بۆ من. نیچە) ئەم منداڵە
بەخوابوە خۆنەفرۆش و ئەڕبابە لەکەسنەچوە پێزانەرەی (توانای پێگرتنی هەمو پێیەکانی
زەمانەکەی هەبو: بە شیزۆییبون/خزینەناو و دەرون لەسەر بەرهەمهێنانەوە وەک خەساندن
و یەکسانکردنەوەیەکی ئەویدیکە بە ئید "بە ئیگۆ لەسەر دانان"، لەبەر
هاوشوناسبونەوە و تێکەڵکەری وەک دژەپاریسی و دژەڕاسپۆتینی و بێشکۆییەک، وەک
ئەوروپییەکی باش چیتر خۆیی بەدورگرت)(٧) پێشتر کردبوی مانایەکەی ئەوەبو: دەبێ
گەورە گەورەکەتان ئەوەی هەموتان لەبەری دەلەرزن، بێ خۆی بە من هەڵواسێ، چونکە
هیچکات لەخۆم زیاتر (ئەوینشەڕەفەکەم/ئایدیالی ئیگۆ/چاوی سێیەمی خوایی/گەورەمرۆڤی
زەمانە) دارشەقی بنهەنگڵی کەس و پێشەنگی خۆم بوم لەنێو خەڵکدا. ئەوەش سزایە (بۆ
هەردولاتان)، لەسەرئەوەی ئێوە نەتانزانی من کێ بوم و چمبو، ئەوکاتانەی لە لەرزیندا
بوم(٨)!
(١)
زۆرجار دەزگا جاسوسییەکان ئەم هۆشە تێکهەڵکێشە (سێنتێز/ئەویندار/بەشەڕەف)ە بە
بێشەڕەفکردن وەک بڕینەوەیەکی عەسەب و خەساندنی جڵەو دەکەن، بەڵکو لەناو
سێنتێزبێلایەنییەکەیدا (لێڵییەکەیدا/حاڵەتی سێیەم) بۆ کاری جاسوسیکردن بەسەر
نەیارەکانییان، لە هەمان کاتدا ئاڕاستەکردنییان بە ئاشتیخوازییەکەی، بە ئامانجی
سڕکردن و جڵەوکردنی نەیارەکان وەک پیاوچاکێک.
(٢)
"ئێمە حەزمان لێ نییە مەملەکەتێک دابمەزرێ دادپەروەری و پێکەوەژیان تێیدا
بەرقەرار بێ (بە دڵنیاییەوە دەبێ بە مەملەکەتی ساختەچێتی و برسێتی)! چەپڵە بۆ
ئەوانە لێدەدەین حەز دەکەن وەک ئێمە لە مەترسی و سەرکێشی و جەنگدا بژین، ئەوانەی
هەرگیز خۆیان ناگونجێنن و بەدەستەوە نادەن بۆ ئەم جۆرە بیرۆکانە و بڕوا بە چاکسازی
و ئاشتەوایی ناهێنن. نیچە، زانستی شاد"
(٣)
بۆ ڕێگرتنییەتی لە یەکسانکردنەوە (هاوشوناسکردنەوە)ی هیچ ئەویترێک بە
دایکە(منە)کەی وەک شەڕەفێک: "گەلێک سەرباز دەبینم: بریا گەلێکم پیاوی شەڕکەر
دیتبا! پۆشاکەکانییان بە جلی "یەکسان" ناودەبەن! بڵا ئەوی دایدەپۆشن
یەکسان نەبێت! نیچە، وەهای گوت زەردەشت"
(٤)
لەسەر ئەو بنەمایەی کێ لە "ڕاستەقینە" دەگەڕێ دەبێ لە سەرەوەی دەوڵەتەوە
بەدوایدا بگەڕێت، ئەم سەرەوەیەش ئەوینە (سێنتێز). بەم هۆیەوەیە فەلسەفەکاران
ئەویندارن (سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر/هەڵگەڕاوە لێی و ئەوینداری تێز: دایکشەڕەف و
باوکایەتییە بەسەر منداڵییەکەی ناوەوەدا، خاوەنداری لەخۆکردنە بۆ خۆنەفرۆشی و
ئەویننەفرۆشی)، موڵکی هیچ دەوڵەتێک نین و گەورەمرۆڤانی جیهانن وەک گەورەیەکی
بێگەورە لە سەرو گشت ئەویترێکی گەورەی دەوڵەتەکان و بۆخۆیان ئایدیالی ئیگۆی
خۆیانن. ئەو فەلسەفەکارەیشی ڕاستەقینە لە خوارەوەی دەوڵەتدا و سەرۆک وەک ئەویتری
گەورەیەکی دەبینێ، جگە لە مفتەخۆرێکی دەوڵەتەکەی هیچی تر نییە، فەلسەفەکاریش نییە
(مادام کپ و بێدەنگ بین، چیتر فەلسەفەکار نین. نیچە، مرۆڤانە زێدە مرۆڤانە)،
ئەوەندەیە حەزی لە بەڵێکردن (لەپێناو جێخۆشییەکەیی) و لە دژی سەرکێشی
(ململانێ/دیالێکتیک) و مەترسی دایە، ئەم کەسایەتیبونەش زیرەکێکی بەرژەوەندخواز و
بەکاربەری ئەویترە وەک هۆکار و هەوەسبازێکە (فرەزانە ناودارەکانی خۆشلەوەڕ، ئەم
گیانلەبەرە بارەبەرانە، لە شارەکان دەژین. چون هەموکات وەک کەر داشقەی خەڵک
ڕادەکێشن. وا نییە لەم کارەیان توڕەبم: بەس ئەوانە هەردەم لەبەرچاوم خزمەتکار و
لغاوکراون، هەرچەند بە لغاوی زێڕینەوە بتروسکێنەوە. نیچە، وەهای گوت زەردەشت) لە
بێشکۆیی و ترسنۆکییەوە.
ئەوەیە ئەوکاتەی مێژو بە
هاوشوناسبونەوە (ناڕەسەنی/لەجیاوازیکەوتویی) چەق دەبەستێ، فەلسەفەکارە لێهەڵگەڕاوە
و ئەویندارەکانی تێز (خۆنەفرۆشە بەهەڵوێستەکان) مێژوییەکی نوێ سەرڕێدەخەن وەک
هەڵوێستێک، ئەوانەی دامەزراندنی شارستانییەت و تازەکردنەوەی لە چەمک و دنیابینییە
هەمیشە هەڵگەڕاوەکەی ئەوانەوە (ئەوانەی ویستی ئاڵقە لەگەڵییاندا لە
کێشەیە/تەسلیمنەبوە کاوێژنەکەرەکان) سەرچاوە دەگرێ وەک سەرۆکان و بەڕێوەبەرانی
کاروباری زەوی.
(٥)
"بێژن: چییە ئەوەیی منداڵ دەیتوانێ و شێر نایتوانێ؟ ئەو شێرە ڕفێنەرە دەبێ
ببێتە منداڵ؟
منداڵ بێگوناهی و فەرامۆشییە،
سەرەتایەکی نوێیە، یارییەکە، چەرخێکە خۆگەڕ، یەکەمین جوڵە، ئا - گوتنێکی پیرۆزە.
بەڵێ برایان بۆ یاری ئافراندن، ئا - گوتنێکی پیرۆز پێویستە: گیان ئێستا داخوازی
ویستی خۆیەتی. دنیا بزرکردو، دنیای خۆی وەچنگ دەخاتەوە. نیچە، وەهای گوت زەردەشت".
(٦)
"شەڕکردن لە دژی چارەنوس دەتگەیەنێتە چارەنوسێک ناتەوێ، ئاگاداربە لە شەڕی
گورگ خۆشت نەبیتەوە بە گورگ. نیچە". لە بەرانبەردا نیچە بە
هاوشوناسکرانەوەکەی یان دەبو پەسەندی خۆنەبون و ناڕەسەنی بکا، یانیش ببێتە گورگێکی
تر و بکوژێکی بەڕاستی لەسەر خۆبونی بە لەناوبردنی ئەوانەی خۆیە لاو و ڕەسەنەکەیان
(بە شێتکردن/نەستنواندنەوە) لێ بەتاڵانبرد، ئەویش هەرچەندە: (ئەویندار لەوپەڕی
پاداشت و سزادا، ئەوینەکەی دەردەبڕێت. نیچە)، بەچونەوە کن دایکی (خۆ لە
موڵکییەتنەخستن/شەڕەف/مانەوەی بەو خۆیەی دەیویست) جەنگەکەی لە ئاستی تاک بەشێوەیەکی
ناوەکی (بە شێتییە بەخوابونەکەی/زیاترویستن لە بکوژی هەندێک کەس/مێژوگۆڕین: ئەوینی
گەورە ئەوینی ناوێ - لەو پتری دەوێ. نیچە) لەخۆیدا درێژە پێدەدا لە دژایەتی
ناڕەسەنکەریدا، بۆ تەسلیمنەبون و دەستهەڵنەگرتن لە ململانێکەیی و خۆبونەکەی.
لەکاتێکدا جیهان لە دەرەوەی ئەوی دوامرۆڤیشدا شێتبوە و پیر بوە (هاوشوناسبۆتەوە/
مێژو چەقیبەستوە و لە دیالێکتیککەوتوە) پێویستی بە قڵپبونەوە و شۆڕشە بۆ
خۆگەنجکردنەوەیی و سەرڕێخستنی جیهانێکی (مێژوییەکی) تازە، وەکئەوەی یەکسانبونەوەی
شێتییەکەی نیچە (هەڵگرە بە ویستی تۆڵە لە پانتایی واقیعدا/چونەوە لای دایکە چەفییە
بەسەرە بزنەوانە ئەڕبابەکەی/ئایا باشتر نییە وەگیر بکوژێک بکەوی هەتا وەگیری
خەیاڵەکانی ژنێکی هەوەسباز!/دەپرسن داوێنپاکی چییە؟ داوێنپاکی گەوجایەتی نییە؟ ئەم
گەوجایەتییە بۆخۆی ڕوی لە ئێمە نا نەک ئێمە لە ئەو. ئێمەش جێگا و دڵماندا بەم
میوانە: نوکە لە تەک ئێمەدا دەژی - هەرچەندی دەیەوێت بمێنێتەوە! نیچە) بە
شێتبونەکەی جیهان (چەقبەستنی مێژو/ویستی شۆڕش وەک حەتمییەتێکی مێژویی) بێ و پێیشی
زانیوە بەهۆی ئەم شێتبونە بەخوابونەی.
(٧)
"لێڕەوارم خۆشدەوێ. ژیان لە شارەکان خراپە: لەوێ هەوەسباز زۆرن. بێتاوانی
لەکوێیە؟ لەو جێیەی ویستی زاوزێکردن هەیە. لای من پاکترین ویست هی ئەو کەسەیە
دەیەوێ بەرزتر و سەرتر لەخۆی بافرێنێت. نیچە، وەهای گوت زەردەشت"، "ئەو
ژنە نەبێت، حەز دەکەم منداڵم لێی ببێ و خۆشمدەوێت، تۆم خۆشدەوێ ئەی ئەبەدییەت!
نیچە، زانستی شاد"
(٨)
"گەلێک دور بۆ داهاتو هەڵفڕیم، لەرزێک منی داگرت، کاتێ ڕوانیمە دەوروبەرم،
تەنێ کات هاوکاتم بو"، "هەرە گەورەکەیانم زۆر بچوک بینیوە! ئەمە بو
بێزاری گەورەم لە مرۆڤ. نیچە، وەهای گوت زەردەشت".
لە زانستی شادیش تیشک دەخاتە
سەر ئەسکەندەر، قەیسەر، ناپلیۆن، محەمەد و فێگرتن و شێتییەکەیان وەک جۆرێک لە
ستاییش: "ئیمڕۆ ئیدی سەردەمی پاشاکان نییە، هەرچی ئیمڕۆ خۆی بە گەل ناو دەبا
شیاوی چ پاشایەک نییە. بڕوانن ئەم گەلانە ئێستا چلۆن وەک دوکاندارەکان دەجوڵێنەوە:
ئەوان لە چوکترین قازانجی هیچ زبڵێک خۆناپارێزن! ئەوان لە بۆسەی یەکدی دان و یەکدی
فریو دەدەن و ئەوە بە "هاوسا دۆستی" دادەنێن. یادی بەخێر ئەو ڕۆژگارە
دورەدەستە پیرۆزەی گەلێک بەخۆی دەگوت: "من دەمەوێت سەرۆکی گەلەکان بم!"
برایان، هەرە باش شیاوی سەرۆکاتییە و هەرەباشە سەرۆکایەتی دەوێ، لەو شوێنەی
ئامۆتەیەکی جگە لەوە لە ئارادا بێ، ئەوەیکە لە ئارادا نییە - هەرەباشە. نیچە وەهای
گوت زەردەشت"
تێبینی:
١-
ناونیشانەکە پرسیاری نیچە خۆیەتی.
٢-
ژیانی نیچە فەلسەفەکەیەتی، کۆتاییەکەشی کۆتایییەکەیەتی، وەک بۆخۆیشی دەڵێت:
"هەمو فەلسەفەیەک فەلسەفەی قۆناغێکە لە قۆناغەکانی ژیان".
هیوا سەعید