نیچە و کۆزیما و ڤاگنەر

ژیان لە شارەکان خراپە: لەوێ هەوەسباز زۆرن.

ئێمە زۆرباش پیاوە بچوکەکان دەناسین، ژنە بچوکە هەڵچوەکان دەناسین، ئەوانەی لە ئەمڕۆدا پێویستییان بە ئایینە بیکەنە پەردە و خۆیانی لە پشت بشارنەوە.

ئەرێ باشە من دەبێ چ باوکێکم هەبێ، کێ دایکم بێ؟ ئەدی شازادەی فەیز باوکم نییە، خەندەی هێمنانە دایکم نییە (فەلسەفەکاری).

دێڵەسەگی هەوەس پلێکی گۆشت نەدرێتێ، زۆر چاک دەزانێت چۆن کوتە ڕۆحێک گەدایی بکات.

- چ شتێک ناو دەنێی خراپ؟
+ ئەو کەسەی دەیەوێ ئابڕوی خەڵک ببات.

گەلێک کەس دەیانەویست شەیتانی ناو دەرونی خۆیان بتارێنن، بۆخۆیان بونە بەراز.

ئۆپێڕا لەسەر بڕوایەکی ساختە لەبارەی کاری هونەری دامەزراوە، بڕوایەکی شوانکارەیی دەشتەکی، بەوەدا هەرکەسێک هەست و سۆزی هەبێ هونەرمەندە.

نابێت موزیک ببێتە هونەرێک بۆ درۆکردن.

                                                                  "نیچە"

نیچە وەک بکوژێکی خوا (سۆز/دایکباوک/نەست) و هەڵوەشێنەرەوەی گرێی ئۆدیب و سادۆمازۆخییەکی ناوەکی خەسێنەر و عاشقێکی مەرگ و تراژیدیا، لەو مرۆڤە بچوکە نەستەکی و سۆزەکییانە نییە، چێژ لەوە ببینێ (بە کەوتن و سۆزەکیبون) لەناو ڕابردوییەکی ئۆدیبییانەدا جارێکی تر منداڵ و پاڵی مەعشوقەکەی بۆ باڵادەستییەکی دایکانە (دایکی ئۆدیبی) و ژیانێکی نائێستایی بدا، بەزەیی بە لاوازییە منداڵانەکەیدا بێتەوە. بە پێچەوانەوە ئەو ئۆرفیۆسییەک و ئەویتری گەورەیەکە ویستی هێزی هەیە، واتا بێسۆز و سوتێنەری ئەم جۆرە لە ژن و مەعشوقەیە، دەیەوێ بەڕێی سۆز و نواندنەوەی نەستەوە ناکۆکی بخاتە نێوان هەست و نەستی و لە دۆزەخی شڵەژاویدا (مرۆڤ باشتر لەناو سروشتی دڕندانەیدا دەحەسێتەوە لە سروشتی شێواویدا، لە پێکهاتەی عەقڵیدا. نیچە) بیسوتێنێت.

لەسەر بنەمای ئەم پێزانین و ناسینە، دواجار ئەوە نیچەیە وەک باوکێک پاڵ بە ڤاگنەرەوە (ڤاگنەر دیوە سۆزەکییە چەپێنراوەکەی نیچە خۆیەتی) دەدا، هاوشێوەی منداڵێک خۆی لە پەنا کۆسیمای (سۆز/مازۆخیزم) هاوسەریدا بشارێتەوە و بە خەسانی بدات، لە مرۆڤێکی یاخی (فەلسەفەکار/باوک/ئەویتری گەورە) دژەسۆز و ئەخلاقی عیساییەوە ببێ بە ژێردەستەیەکی سۆزەکی، لەکۆتایی بەرەو کەنیسە و پاڕانەوە و ئاوازی کەنیسەیی بگەڕێتەوە.

چونکە کۆسیما ئەو ژنە بەچکەپڵنگەی لەبەر هیستریای ژنانە (یەکسانبونەوەی ڤاگنەر بەخۆی/لەدەستدانی زێی/ویستی بەزاندنی تابو/کوشتنی خواباوک) بەوە دەزانێ بە شڵەژاندنی نێوانی پیاوەکان، چۆن بە خەساندنی پیاوێک پیاوێکی تر دەکرێ بە باوک، خەساوەکەش بە منداڵی هەردوکییان (لەش عەقڵێکی مەزنە/بێعەقڵی توخمێکی ناژنانەیە و بەدەرە لەوان. نیچە)، لەپێناو چارەسەری دوکەرتییە هیسترییەکەیی و هەمیشە چالاکبونی دەرونی، بە تێرکردنی لایەنە توندوتیژ و نێرانەکەی (چێژکردن لە ئازاردان/فالیک/ئەوەی هەیەتی/قیتکە) بەهۆی باڵادەستی بەسەر یەکییان و لایەنی نەرمونییان و مێیانەکەشی (چێژکردن لە ئازارخواردن/فالۆس/ئەوەی نییەتی/زێ) بە ژێردەستەیی کردن بۆ ئەویتر.

لەکاتێکدا نیچەی ئۆرفیۆسی وەک توندوتیژێکی خۆئازاردەر (سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر/خاوەن مۆڕاڵ)، جگە لەوەی ڕقی لە ویستێکی وەها و دوڕوبونی ژنی لەم شێوەیە، نەیاری ئەو پیاوە خەساو و بچوکانەشە (مێ/مازۆخیست) بۆ مێردبونێکی هەمیشەیی (ئەوانەی وەک ژن ژنییان خۆشدەوێ، پیاو نین. نیچە) پەسەندی دەکەن.

لێرەوەیە بە لەباوکنەکەوتنە ئۆرفیۆسییەکەیی و بە دژایەتیەکانی ڤاگنەر (لە نوسراوەکانی دوای تێکچونی نێوانییان) لێدان لە ئەخلاقییاتی عیسایی و عاریفانە لە بەردەم نیچەدا خۆشتر دەبێ، بەوەی لە سەرەتادا بە نەچونەژێربار و ململانێی (بون بە گرێی زێی) کۆسیما، لە دواتر ڤاگنەریش بە کۆسیمادا (بە زەکەری ئایدیالی دایک) بە منداڵکردنەوەی دەخەسێنێتەوە. ئەوەش ئەم بە باوکە هەردەم بەشکۆ و خەسێنەرەکە (فەلسەفەکار/هۆشەکی) دەهێڵێتەوە، لە بەرانبەردا ڤاگنەر دەبێ بە عاریفێکی خەساو (کۆیلەی خوای نەست و ژن) و سۆزەکی.

لەبەرئەوەی نیچە ئەو خوا شەیتانییە تاکگەرا و هەڵگەڕاوە ئۆرفیۆسییەیە (عاشقی تراژیدی/بەشکۆ)، لە شوێنی خوایە مردوەکەدا (ئەوەی دەستی لە ژیانی بچوک و دوڕوی مێگەل لەسەر زەوی بەرداوە)، بە تێگەیشتن و ئەخلاقی دژەباوی فەلسەفەکارانە (مۆڕاڵ/پۆستمۆدێرن) چاودێرە (ئاڕاستەکەر) بەسەر جیهانەوە، بە ژنیش (بە بەزاندنی تابو) لە مێردی بێ ویستی هێزی ناباوک و لە خاوەندارییەتی(شەڕەف) کەوتو دەدات، بەڵکو یان ئەوەیە ئەم مێردە ناباوکە بە یەکڕویی و بە ئاشکرا لەخاوەنداری کەوتنەکەی ڕابگەیەنێ و ببێ بە دژەباوێک، یانیش ناچار لە بەرگەنەگرتنی بێسۆزی ببێتەوە کوڕی ژنەهاوسەرەکەی، هەتا بە منداڵبونەوە لە باوەشی ژنەدایکە ئۆدیبییەکەیی و چێژی ژێردەستەیی ئەزمونی هاوڕەگەزخوازی ناڕاستەوخۆ وەک دوڕوێکی لە شەڕەفکەوتوی داپۆشراو بە هاوسەرگیری بکات.

سەرئەنجام ڤاگنەری کۆسیمایی لە بەرژەوەندی ژیانەکەی خۆیدا، خەساوییەکی دوڕوانەی مێگەلی (کلتوری نزمی بازاڕی) بە چاکتر دادەنێ لە کلتورێکی باڵای فەلسەفی، نیچەش کە دژی دوڕویی سیاسییانەی مێگەلییە، هەر داواکاری ژیانێکی هونەرمەندانەی ئۆرفیۆسییانەیە، هونەرێک هەڵگری فەلسەفەیەکی باڵای یەکسان بە ڕاستەقینەیی تراژیدیای ژیان و هونەرمەندێک فەیلەسوف (ڕاستگۆ/تراژیدیایی) بێت.


هیوا سەعید

Popular Posts