نیچە و سالۆمی
شەڕی نێوان مرۆڤی باڵا و بازاڕی
بەشێک لە عەشق ئەو چێژە لە لاوازی و بەزەییەیە، ناوەوەی مرۆڤ لە شێوەی خۆی بەرهەم دێنێتەوە. بە پێچەوانەوە، مرۆڤی باڵا بە کوشتنی خوا و هەڵوەشاندنەوەی بەها پیرۆزەکان و ویستی هێزەوە دەژی، بە مانای ئەو لاوازی و بەزەییەی لە رابردویەوە دێ (وشتری ملکەچ)، لە خۆیدا کوشتوە (بوە بە شێر) و مرۆڤێکی ئاسنینی بەهێزی لێ بەرهەم هاتوە.
لێرەوەیە سالۆمێ لە بەرانبەر مرۆڤێکی باڵای وەک نیچە نوێنەرایەتی خەڵکی بازاڕ وەردەگرێ، بە بەرهەمهێنانەوەی نیچەیەکی لاواز و بەزەییدار، بەڵکو لە باڵایی بکەوێت، ببێ بە هاوشانی ئەو مرۆڤە خۆنەناس و بێ ویستانەی بە دەرونێکی شێواوی دوفاقانەی نێوان چاکەی خواییانە و ئارەزوییان دەژین، بۆ ئەوەی لە جڵەوکردنی ئەم دەرونە سوپەرمانییە، چێژێکی باڵادەستانە بکات.
ئەلبێر کامۆ، لە یاداشتەکانی ئاماژە بەوە دەدا، نیچە لە دارستانەکەی نزیک ماڵیان بە دار قومەتە ئاگری گەورەی دەکردەوە بە دیارییەوە ڕادەوەستا هەتا دەکوژاوە. بەو مانایەی ئەو لاوازی و بەزەییەی سالۆمێ بەهۆی عەشقەوە لەناوەوەی نیچە دروستی کردبو بەشێوەی سیمبولی و بە کردنەوەی ئاگرەکە و دامرکانەوەی، ئاگرەکەی ناوەوەی خۆی دادەمرکاندەوە. ئەم دامرکاندنەش سەرەتا بۆ سەرکوتکردنی سالۆمی وەک نوێنەرەوەی لاوازی و بەزەییەکە، دواجار کوشتنەوەی خوا و نەبونی بە خەڵکی بازاڕ و تێکنەشکانی باڵاییەکەی.
هەروەها لەبەر ئەم سوتانەی ئیلیزابێسی خوشکی نیچە زۆر ڕقی لە سالۆمی دەبۆوە و بە ژنێکی بەدڕەوشت ناوی دەبرد. لەکاتێکدا پیشاندانی ئەم ڕقە، هەرچەند بۆ بەرگری و دورخستنەوەی نیچە لە لاوازی و کەوتن بێ، کەچی پاراستنێکی سوپەرمانانەی هاوشان بە نەریتی نیچەیی نییە، چونکە نامە هەڕەشەئامێزەکانی ئیلیزابێس لە سالۆمی و ئەم سوڕانەوەیە لە پشت کارەکتەرێکی خاوەن ویست (بەرپرسیارییەتی خۆی بە شکۆ و دور لە بەزەیی و ناچاری هەڵبگرێ)، ئەم پاراستنە ئاماژەی بەزەیی ئەوانیتر بە دەوری کەسایەتییە سوپەرمانییەکەی دەگەیەنێ، ئەوەش دیسان بۆ سالۆمی بە چێژوەرگرتنێکی باڵادەستانە بەسەر نیچە تەواو دەبێت. ئەوەیە دواتر نیچە بەو ڕەفتارانەی ئیلیزابێس دەزانێ و ڕقی لێ دەکاتەوە، لەبەرئەوەی مرۆڤی باڵا وەک بکوژی باوک و بەزەیی و دوفاقی، گرێی ئۆدیبی هەڵوەشاندۆتەوە و چیتر منداڵێکی خەساوی یەکسان بە خەساوییەکەی دایکی نییە، ئیلیزابێس ڕۆڵی دایکایەتی بەسەردا بگێڕێ و سالۆمی بە عەشق (لاوازکردن و بەزەیی)، چێژ لە منداڵکردنەوە و خەساندنەوەی ببینێ، وەک دژێک بە مردنی خوا و زیندوکردنەوەی لە نیچەدا.
بۆیە ئەگەر سالۆمی لەبری پێکەوەژیانێکی لە نزیک و یەکسانی هاوسەرگیرانە بە خۆدورگرتنێکی مەعشوقانە چێژ لە باڵادەستی و جڵەوکردنی دەرونێکی بەهێز و جیاواز لە خەڵکی بازاڕ، کە دەستەمۆکردنی قوڕسە بکات، لە هەمان کاتدا نیچە بەم دورییە ناڕەزامەندییە لە تێرکردنی ئارەزو و مامەڵەکردنی بەرجەستە بێبەش و ڕوبەڕوی تەنیاییەکی پڕ ئازار و بەزەیی عاشقانەی خەیاڵییانە ببێتەوە، هێشتا لەپێناو باڵایی، لاوازی و بەزەییە سالۆمییە خواییەکەی ناوەخۆی، بە شایانی کوشتن و ئازارەکەشی بە شکۆوە هەڵدەگرێ. بەوەدا دەبێتە مرۆڤی باڵا.
هیوا سەعید