دەرون لە نێوان خەساوی و خەسێنەری و خۆخەسێنەریدا
دەرونی
خەساو (فالۆس/ئەوەی نییەتی/مازۆخیست) بە دور لە ویستی هێز (هۆش)، سروشتێکی ئیسفنجی و بەهۆی
پڕنەبونییەوە فلتەرێکی بۆ ڕێگری لە هەڵمژیندا نییە، بەوەی لە دەرەوەی پابەندی و
ئەخلاقێکدا پیشەی هەڵمژینێکی بەبێ پڕبونە. ئەم جۆرە سروشتە لەپێناو چێژکردنە
نەبڕاوەکانی وەک چڵێسێکی خۆپەرست سەرەڕای لە شکۆکەوتوە و ویستی هەرچی و کێی
بەسەردا دەسەپێنرێ، سەرئەنجام قوتدەرێکی لەناوبەری ترسناکیشی بە ڕوی دەرەوەدا لێ
دەکەوێتەوە.
بە هەمان شێوە دەرونی
خەسێنەر (فالیک/ئەوەی هەیەتی/ سادیست) بێ ویستی هێزە ناوەکی و دەرەکییەکان، هەرچەند جیاواز لە
سروشتێکی ئیسفنجی سروشتەکەی ئاسنینە، بەڵام ئەویش فلتەری بۆ ڕێگرتن لە خەساندن
نییە، چونکە بەبێ پابەندییەکی ئەخلاقی پیشەکەی لێبارکردن و خەساندنە. دیسان ئەم شێوە
سروشتەش لەبەر چێژە تەواونەبوەکانی وەک خۆپەرستێکی چڵێس و دڕندە هەڵپەی ئەوەیەتی
ویستی بەسەر هەرچی و کێدا بسەپێنێت. جارێکی تر ئەوەش سەپێنەرێکی لەناوبەر و
ترسناکی لە بەرانبەر ئەوانیتردا لێ دروست دەبێت.
بە پێچەوانەی
هەردوکییانەوە، دەرونی خۆخەسێنەر وەکو توندوتیژێکی خۆئازاردەر (سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر) بەرهەمی هۆشێکی خۆناسە، بەو مانایەی خاوەن مۆڕاڵ
(ئەخلاقی ناوەکی) و ویستی هێزە. لەگەڵ ئەوەی ڕەقییەکی ئاسنینی هەیە، وەک هەوڵێکی
پابەندبون بە ئەخلاقە ناوەکییەکەی، بە خۆسەرکوتکردن تێرکردنە دەرونییەکەی لەخۆیەوە
بەخۆی دەدا. لێرەدا جگە لە خۆنەسەپاندنی دەرەکی بەسەر ئەویتردا، ویستی هیچ ئەویترێکیشی لە
دەرەوەی ویستی خۆیدا بەسەرەوە ناسەپێت. بۆیە بە هەبونی ئەم ئەخلاقە ناوەکییە
توندوتیژبون و ترسناکییەکەشی بە قوتدانەوە لە ناوەوەدا دەمێنێتەوە. دواجار ئەم
توندوتیژی و ترسناکییەی لەباتی بە قاقای خەساوانە، یان بە قاقایەکی ئەویترخەسێنەر
و دڕندانە (هەردو قاقا لە بەتاڵییەوەیە)، بە بزە لە پڕبونییەوە دەڕژێت.
لەبەرئەوەی خۆخەسێنەر
(توندوتیژی خۆئازاردەر/مرۆڤی باڵا) لەسەر بنەمای خەسڵەتەکانی باڵایی، بەشێوەیەکی
بەراوردکارانە لە پانتایی خەیاڵیدا فۆرمی ئەویترە واقیعییەکان بەخۆی دەپێوێت، بە
مانای ئەویترێک هەڵگری خەسڵەتێکی باڵایانە نەبێ بە خەساندن و خستنەناو نەبونی فۆرمەکەی
لە خەیاڵدا بچوکی دەکاتەوە. واتا لەبری بە زمان و دەربڕینێکی ڕاستەوخۆ لە واقیعدا
بچوکییەکەی پێ ڕابگەیەنێ وەک بەتاڵکردنەوەی توندوتیژییەک بەسەریدا، خەیاڵەکەی
دەخەسێنێت. ئەم خۆخەساندنەش پەیوەستە بە دانەبەزینە هەموئاستێک، لە کۆتایی
توندوتیژییەکەی بە قوتدانەوەیەکی خۆئازاردەرانە دەباتەوە ناوەخۆیی و بە بزەیەک لە
ئەنجامی بەراوردەکەی دێتەوە دەرێ.
هیوا سەعید