ئەخیل لە نێوان نیچە و هۆڵدەرلیندا
ئەی
یۆنانی پیرۆز! ئەی ماڵی گشت خواوەندان! کەواتە ڕاستە، ئەوەی ڕۆژگارێک بە گەنجی
بیستمان؟
"هۆڵدەرلین"
زانست لای من ئەوەیە: ئەوەی
قوڵە دەبێ هەتا بەرزایی من (سێنتێز) سەرکەوێت.
"نیچە"
ئەی شاعیران لە سەردەمی
تەنگانەدا بۆچی هەن؟
"هۆڵدەرلین"
بەڕاستی شەرم لەخۆم دەکەم بۆچ
دەبێ شاعیر بم و بە مەجاز قسە بکەم و هەروەک شاعیرەکان زمانێکی لەنگ و لۆرم هەبێ!
"نیچە"
ئەوانەی شادمانییان دەبەخشییە
ژیانی ئێمە هەمو بۆ سەرەوە هەڵکشان. کاتێ باوکی ئاسمانی ڕوی خۆی لە مەردوم وەرگێڕا
خەم بە ڕەوایی باڵی بەسەر دنیادا کێشا.
"هۆڵدەرلین"
مرۆڤی بچوک، بە تایبەت شاعیر
- چەندە بەسۆزەوە بە وشەکان لەدەست ژیان دەناڵێنێ! گوێ لەو بگرە، گوێدان بە
لەزەتێک لە هەر ناڵەیەک دایە، لەیاد مەکەن! کەچی ژیان بە نیگایەک بەسەر ئەو
ناڵەکارانەدا زاڵ دەبێ.
"نیچە"
ئێمەی پیر و لاو بێهودە دڵمان
لە سینەدا شاردوەتەوە، بێهودەش ئازایەتیمان ڕادەگرین، ئەی کێ حەز دەکا، ڕێ لەوە
بگرێ کێ بیەوێت شادمانیمان لێ قەدەغە بکا؟
"هۆڵدەرلین"
ئەم لە پێکەوتوە دەبێ کارەکەی
تەواو بکات.
پیاو و ژنم وەها دەوێ: یەکێک
لێوەشاوە بۆ جەنگ، ئەویدیکە لێوەشاوە بۆ زان، هەردوک لێوەشاوە بۆ سەما بە سەر و بە
پێ.
"نیچە"
لە ئەفسانەی یۆنانیدا: لە
سەرەتادا خەڵک بەهۆی لەبەرکردنی جلکی ژنانەوە وەهایان زانیبو ئەخیل ژنە،
لەسەروەختی جەنگیشدا لە "تڕۆی" ئەخیل وەک پیاوێک دەرکەوت بەرانبەر
هیکتۆر (شیاوی ئەخیل) و لە ڕوبەڕوبونەوەیدا هیکتۆری دەکوژێت. بەوەدا چونکە دەرونی
ئەخیل هەردوکییان (ئید/زێی ئایدیالی، ئیگۆ/شکۆ) و پێی نەزانیوە (هێشتا مێی
نەناسیوە و بە مێنەبوە)، بۆیە پاریسی ترسنۆکیش بە تیر لە دورەوە لە پاژنەی پێی
دەدا دەیکەوێنێ (زیرەکەکان ترسنۆکن. نیچە)، دواتر دەیکوژێتەوە.
لەبەرئەوەی پێشتر پاریس بەڕێی
هێلیناوە (زێ/تێکەڵکەر) هاوشوناس ببۆوە بە مینیلاوس و بە خاڵی لاواز (بە چونە
ویژدانی ناخودئاگا) و پاژنەی پێی ئەخیلی دەزانی بۆ بڕینەوەی عەسەب Achilles
Tendon (ویستی
بێهێزکردن) و تێکشکاندن (هاوشێوەی زنجیرکردنەوەی پاژنەی بەر لە قۆناغی هاتنەدەرەوە
لە ئەشکەوتدا و جارێکی تر گەڕاندنەوەی بۆ ئەشکەوت) و بە هاوشوناسکردنی بەخۆی(١).
بەو هۆیەی ئەخیل (ئەوینداری
تراژیدی) لایەنە فالیکەکەی (نێر/ئیگۆ/شکۆ) بەسەر فالۆسییەکەیدا بەشێوەیەکی
سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر بەرهەمهێنابۆوە وەک کوشتنێکی خوا و تێپەڕکردنی
دایکباوکی (خاوەن ویستی هێز)، دواجار بون بە جەنگاوەرێکی چاونەترس و ئازای بیسۆز،
واتا ئەو پاژنە(ئیگۆ)یەی لەسەری دەوەستا مێیە تێپەڕکراوەکەی (مەعشوقدایک/ئۆبێکتی
ئارەزو بە سیمبولی وەک ئەویتری بچوک دەکەوێتە پانتایی خەیاڵ/نوێنەرەوەی نەست)
ناوخۆی بو(٢)، ئەوەش تایبەتمەندییەکی بەخوابوانەی مرۆڤی باڵایە وەک ئەویندارێکی
تراژیدی (ناسۆزەکی) و دژەباوی ڕەسەن.
لێرەوەیە ئەم شێوەیە لە
مرۆڤبونە (دەرونهۆشە) ئەویندارە بەڵکو بە دەستی پیاوە ناڕەسەنە هاوشوناسبوەکان (بە
مێبو و تێکەڵکەرەکان) نەکوژرێت (بەزەییت بە پێیەکانتدا بێتەوە لەم چڵکاوەی
وەرمەدە/زۆرجار لە خۆپاراستن و وەلانان و تێپەڕیندا، بوێرییەکی پتر هەیە: بەم چەشنە
دەکرێ خۆ بۆ دوژمنێکی شیاوتر ڕاگری. نیچە) دەبێ دورکەوێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە
ئەخیلیش دەبو نەچوبا جەنگەکە، کە چوش لە پشتی سوپایەکەیدا بوایە وەک تواندنەوەی
تەواوی سوپایەکی وەکیەک و دیسپلینکراو لە خۆیەک و ئەخیلێکی ڕەسەنی جیاوازدا.
بەڵام لێرەدا بۆ ئەوەی لە
پشتەوە بە سەرۆک مینیلاوسی هاوشوناسبوی (بەڕێی هێلیناوە) بە پاریس (جێی سەرنجی
مینیلاوسە، بەم سەرنج لێگرتنە دەرونی لەسەری بەرهەمدێتەوە) هاوشوناس نەبێتەوە وەک
دژ بە هاوسەرۆکایەتی، لە هەمان کات لەپێناو چەقنەبەستنی مێژوش وەک هۆکارێکی جەنگ
(هاوشوناسی/ناڕەسەنی) و پێویستییەکە دەبێ ڕوبدات(٣)، هەروەها لەسەر ئەو بنەمایەی
سەرکردەی پێشڕەو و سەرۆکی پاشڕەو لە پانتایی واقیعدا وەکیەک نییە، بەوەدا خوایەتی
(چاودێر/تێکهەڵکێش/عەدالەت) ئەخیلی وەک مرۆڤێکی باڵای ئەویندار بە هەڵگری
تایبەتمەندییەکانی لەخۆی دەبینی، بەم کوشتنە نەشیاو و ترسنۆکانەیەی (جیاواز لە
ڕوبەڕونەوەکەی هیکتۆر) لەلایەن پاریسەوە توڕەیی دروست دەکا (من دۆستی بوێرەکانم:
بەس شیروەشاندن بەس نییە، دەبێ بزانی لەکێی دەدەی! نیچە)، سەرئەنجام لە تۆڵەیدا
سزای گەورەی خوایەتیشی (تۆڵەسێن/ ئۆدیسیۆس) لەبەر نەمانی ڕەسەنیدا
(ئەوین/جیاوازی/شکۆ) و بەسەرکەوتنی هاوشوناسبوە ترسنۆکە هەوەسبازە ناڕەسەنەکان
جەنگ و وێرانکاری بەدواوە دێت، بۆ زیندوبونەوەی ڕۆح(٤).
(١)
پێزانین بە هاوشوناسبونەوە سێنتێزە وەک پێزانینێک بە بنەڕەتی بون: (پێزانین بە
بنەڕەتی بون لەناوچونە. نیچە، خێر و شەڕ) وەک لە هاوسەنگی کەوتنێک و دوکەرتبونی
کەسایەتی، یان منداڵبونەوەی عاریفانە و کەوتنە ژێرباری سوپەرئیگۆ و بەخوابونەوە.
(٢)
بە منداڵی دایکی ئەخیلی لە پاژنەی پێیەوە گرتوە لە ئاوی مەرگی (ستێکس) هەڵکێشاوە،
بۆ ئەوەی هیچ تیرێک نەیبڕێ و نەیکوژێت وەک تواناپێدانێک لە کوشتن و خستنەناو
نەبونی هەموئەویترێک (بێسۆزی). لە هەمان کات ئەم لە پاژنەگرتنەی بۆ تەڕنەبونی
پاژنەکەیەتی وەک خاڵێکی لاواز و تاکەکەس ئەخیل پێی نەکرێ بیکوژێ و بیخاتە ناو
نەبونەوە دایکەکە خۆیەتی، ئەویش سۆزە:
"ئەوەیکە
خوای خۆی تەمێ دەکات، چون ئەوینداری خوای خۆیەتی، کەوایە دەبێ بە غەزەبی
خوایەکەیشی بفەوتێت. نیچە"، بەو مانایەی ئەم غەزەبە (ئەم پێکراوییە ئەخیلییە)
لەپێناو جیابونەوەی لە ئەوینەکەیە (بۆ ڕزگاربونی ئەوینەکە)، بۆ نەوەستانی
دیالێکتیک وەک دژ بەهاوشوناسی (شکۆ): "ویستی ئاڵقە لەودا لەگەڵە خۆی
کێشەیەتی. نیچە"
پێسڕبونیش وەک بڕانەوەیەکی
عەسەب بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێی ئۆدیب دەگەڕێتەوە، خۆکوێرکردنی ئۆدیبیش
(هاوشوناسبونەوە بە دایک/نواندنەوەی نەست/یەکسانبونەوەی ئیگۆ بە ئید)، پەیوەستە
بەمەوە، کە بۆ جیاوازکەوتنەوەیی و دەرچون لە هاوشوناسی (دوکەرتبونی
کەسایەتی/لەپێکەوتن) وەک خۆهاوسەنگکردنەوەیەک لە لەپێکەوتویی (پێسڕی/بڕانەوەی
عەسەب/بێئیرەییبون/لەرزۆکی) لە قۆناغی سێنتێزدا (چاوی سێیەمی خوایی/چونەویژدانی
ناخودئاگا) پێی دەزانرێ ڕودەدا.
ئینجا ئەم لەپێکەوتوە
ئۆدیبییە بەخۆکوێرکردن و جیاوازبونەوە لە هاوشوناسییەکەی (دورکەوتنەوە و بەخوابونی
ئۆدیبی لە ئاوەدانی وەک چاو لەسەرخۆهەڵگرتنێک و بونەوەی بە منداڵی دایک و بە
ئەویندارمانەوە/شارێک ئەوینی تێدا نەبێ دەبێ لێی تێپەڕی. نیچە) وەک تەواوکردنێکی کارەکەی
دیالێکتیکەکە درێژ دەکاتەوە بە جەنگی دوای خۆی (نەوە هاوشوناسبوە لەیەکچوە
ناڕەسەنەکانی) لەسەر جێگرتنەوەی. هەتا ویستی ئاڵقە (شەڕەف/شکۆ/خۆبون/ڕەسەن دژ بە
هاوشوناسی) بە هەرمانەتی لە کێشەدا بێ.
(٣)
"ئێمە حەزمان لێ نییە مەملەکەتێک دابمەزرێ دادپەروەری و پێکەوەژیان تێیدا
بەرقەرار بێ (بە دڵنیاییەوە دەبێتە مەملەکەتی ساختەچێتی و برسێتی)! چەپڵە بۆ
ئەوانە لێدەدەین حەز دەکەن وەک ئێمە لە مەترسی و سەرکێشی و جەنگدا بژین، ئەوانەی
هەرگیز خۆیان ناگونجێنن و بەدەستەوە نادەن بۆ ئەم جۆرە بیرۆکانە و بڕوا بە چاکسازی
و ئاشتەوایی ناهێنن. ئێمە خۆمان بە کەسانێکی ڕزگارکەر دەبینین، بیر لە پێویستی
هەبونی سیستەمێکی تازە دەکەینەوە، پێویست بکا کۆیلایەتییەکی تازەش! بەهێزبونێکی
مرۆڤانە بەدی نایەت، لەگەڵیدا کۆیلایەتی بەرهەم نەهێنێت. نیچە، زانستی شاد"
(٤)
"زیندوبونەوەی ڕۆح: کاتێک گەلێک لەلایەنی سیاسییەوە نەخۆش دەکەوێت، ئەوکات
ڕاستەوخۆ ئەم ڕۆحە بەدەست دێنێتەوە پێشتر هێدی هێدی لە میانەی گەڕان بەدوای هێز و
پاراستنی ئەم هێزە، لەدەستیدا بو. شارستانییەت لە میانەی قۆناغەکانی لاوازی سیاسی
خۆیدا، قەرزاری باڵاترین بەهاکانی ئەم لاوازییەیە. نیچە، مرۆڤانە زێدە
مرۆڤانە."
تێبینی: وتەکانی دیکەی نیچە
لە وەهای گوت زەردەشت و هۆڵدەرلین لە نان و شەڕابدا هاتوە.
هیوا سەعید