لە ستاییشی تەنیاییدا

-١-
جوانترین هەست لە عەشقدا ئەوەیە
دنیا پڕە لە مرۆڤ،
تەنیا لەناو یەک کەسدا خۆمان دەبینین.
لە پشت ئەم ڕاستییە هیچ نادادییەک نییە،
ئەم کەسە جیاوازە خۆمانین!


-٢-
پیاوی عاشق
پێیخۆشە خۆشەویستەکەی
لەناو کەسێکی دیکەدا بتوێتەوە و نەمێنێت،
نەوەک ببێتە هی هەموان.
ئەگەر پیاوێک بانگەشەی پیاوسالاری کرد،
ئەوە بەرگەی بونی ژنێک ناگرێ،
لەکن خۆی نییە.
بەرگەی دوپارچەبونی خۆی ناگرێت، نەک ژنەکە.


-٣-
لەکۆتاییدا یاریش بەوە دەزانێ
شەڕەکە لەسەر جوانییەکەی ئەو نییە،
هەرکەس لەبەر شکۆی خۆیەتی.


-٤-
گشت مرۆڤێک لە مرۆڤێکی تر جیاوازە،
کەچی مرۆڤ لە عەشقدا
بەدوای کەسێک دەگەڕێ لە خۆی بچێ!
عەشق هاوشوناسییە،
هەتا بە تواندنەوەی ئەویتر لە خۆیدا
کەس لە خۆی نەچێت.


-٥-
بەشوێن وەفادا دەگەڕێی؟
سەرەتا خۆت مرۆڤێکی گەورە بە،
ترست لە تەنیایی و ناچاری هیچ کەسێک مەبە.
منداڵ نازانێت وەفا چییە،
خۆپەرستێکی بچوک و لە خۆیشی بێئاگایە.
بە وەفایی سروشتی ئەو گەورەیە
بە تەنیاییش دەتوانێ بژیت.


-٦-
لە بیر مەکەن:
ئەوکاتەی وەک پیاوێک دەچن بۆ لای سۆزانییەک
لە بەردەمی پارەکانتان بسوتێنن،
ئەوەش ببینن پارە زۆر سوک و بێزراوترە
لەوەی شکۆی مرۆڤی پێ بکڕێت.


-٧-
خوایەتی ئەوەیە
ڕو لەو کەسە نەکەی
هەمیشە چاوەڕێیە سەیری بکەیت،
هەستکردن بە خراپە و ناپاکیش هەر ئەوەیە،
دۆزەخیش لەمە زیاتر هیچی تر نییە.


هیوا سەعید

Popular Posts