من مرۆڤێکی ئاسایی نیم

تۆ دەبێ بیر لە من بکەیتەوە،
هەموکەس شایانی بیرلێکردنەوە نییە،
من جیاوازم.

بە وردی بە باڵام هەڵگەڕێ،
سەیری لەسەر پێ وەستانم بکە،
سەیری بریسکەی چاوم بکە،
سەیری دەستم و ئەو مشتانەی دەیانوەشێنم،
پارچەیەکم لە هێز.

من بەرگەی تەنیایی دەگرم،
تۆ هەمیشە خۆت بەوانیتر هەڵدەواسی.
من خۆمم،
تۆ ئەوانیتری.
من لە ئێستا دەژیم،
تۆ لە ڕابردو دەژی.
من بەختەوەرم،
تۆ دڵتەنگی.
من بڕیار دەدەم،
تۆ بڕیار دەدەیت و پەشیمان دەبیتەوە.

چبو!
هەستت بەوە کرد خۆهەڵکێشم؟
هەستت بە هەڵەی دابردی
تەماشا چۆن من خۆم دەناسم،
تۆ خۆت ناناسیت.

تێگەیشتی چیم وت!
وتم هەست هەڵەکارە،
ئەم وشانەم بە دڵڕەقانە دەبیستی،
بە بێبەزەییم تێدەگەی،
لەم خۆبەگەورەزانییەم زویر دەبی،
زویر بە.
ئەدی نەمگۆ مشت دەوەشێنم!

من بەڵام!
ئەوەی توشم دەبێ، لێم نابێتەوە..
هەرچەندە پیرۆزییەکانم شکاندی،
هێشتا ناتوانی دەستبەردارم بیت.
ئەدی نەمگۆ هەموکەسێک شایانی بیرلێکردنەوە نییە!

لە نێوان دڵڕەقی و ڕاستگۆییم،
لە نێوان بێبەزەیی و یەکڕوییم،
لە نێوان خۆبەگەورەزانی و چاکیم
سەرت لێم سوڕماوە.
ئەدی نەمگۆ من جیاوازم!

جیاکردنەوەی شەکر لە خوێ قوڕسە،
ئەوەندە لێم وردبەوە هەتا دەبی بە مێرولە!
من مەتەڵێکی ئاڵۆزم،
ئاشکرام بکەی وەک منت لێ دێ
وەک من گەورە.


هیوا سەعید