لوتکە
دەزانن
مرۆڤی باڵا بە چی گەیشتۆتە ئەم لوتکەیە!
بە تێپەڕین، بەناو سەرسامەکان
بەناو ئەوانەی بە گەنجینە ناویان دەبرد و
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی ورد سەرنجییان لە هەڵسوکەوتی دەدا،
ببو بە بابەتی بیرکردنەوەیان
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی تامەزرۆی گفتوگۆ و لە نزیکەوە دانیشتنیبون
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی خۆشحاڵ دەبون پیاسەیەکییان لەگەڵ کردبا
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی لە گشت شوێنێک ستاییشییان دەکرد
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی کەسێک بە خراپ ناوی هێنابا،
بەگژیدا دەچونەوە
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی ئەوەندەیان خۆشدەویست لەسەری دەمردن
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەڵێ بەناو ئەوانەدا.. بەناو ئەوانەی چاوییان لەوەبو
بیکەن بە هی خۆیان و
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی کاتێک نەبونە خاوەنی،
ئیتر دوچاری ئیرەیی بونەوە
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی ئیتر سەرسامییەکەیان پێی نەما
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی ئیتر سەرنجییان نەدەخستە سەر،
دەیانویست لەبیریان بچێتەوە
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی ئیتر خۆشەویستییەکەیان بۆی بوە ڕق
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی ئیتر ستاییشەکانییان بو بە سوکایەتی و
نەفرەت لێکردنی
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی ئیتر حەزییان لێبو بە ناوزڕان
کەسایەتی بشکێ، هەموکەس بە خراپ باسی بکات
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
بەناو ئەوانەی ئیتر بە زیندوبونی هیچ ئاسودە نەبون،
ئەوەندە ڕقییان لێی دەبۆوە،
هیوای لەناوچونییان دەخواست
ئەویش هەر تێدەپەڕی..
هیوا سەعید