شێتی لە بلیمەتی
تەنیا ئەوسا کە هەموتان منتان ڕەتکردەوە، بۆ لای ئێوە دەگەڕێمەوە، بەڕاستی برایان، ئەودەم بە چاوێکی دیکەوە بۆ بزربوەکانم دەگەڕێم، بە ئەوینێکی دیکەوە ئەوینداری ئێوە دەبم.
کەس وەکو من لە کاتی پێویستدا نەبۆتە پارێزەری شەیتان.
ئەگەر خوایەکان هەبان، چۆن دەمتوانی تاقەتم هێنابا خوا نەبام؟
خوا بڕوایەکە هەر ڕاستێک خوار و هەر وەستاوێک توشی سوڕان دەکات. چۆن؟ زەمان تێپەڕە و ئەوەیکە تێدەپەڕێ جگە لە درۆیەک نییە؟
ئێوە ئەوکاتەی ئاواتەخوازی عروجن (بەرزبونەوە)، چاو لەسەرەوە دەکەن من چاو لە خوارەوە - چون عروجم کردوە. کێ دەتوانێ لە ئێوەدا هەم پێبکەنێ و هەم عروجی کردبێ؟ ئەو کەسەی دەچێتە ترۆپکی بەرزترین کێو، بە تەواوی غەمێنەرەکان بەڕاستی بونە غەمێنەرەکان پێدەکەنێ.
"نیچە"
هۆش لە قۆناغی منداڵبونەوەی نیچەیی (بەخوابون/چاودێر بەسەرخۆ) وەک هەڵگری دو کەسایەتی جیاواز لەناویەکدا پێکەوە، یەکییان وشترێکی ملکەچ بۆشاییەکە لە ئارەزو و لە بارکردنی حەزەکان تێرناخوا (id)، ئەویدیکە شێرێکە لەپێناو شکۆی خۆی
ناچێتە ژێر هەموبار و حەزکردنێک دەبێتە ڕێگر لە بەردەمی ئەویش منە (Ego)، وەکئەوەی
دەرونێک لایەنی نەرمی (ئەوەی نییەتی/زێ/مێ/سۆز) لە ململانێدا بێ بەرانبەر
لایەنە توندوتیژ(ئەوەی هەیەتی/نێر/هۆش)ەکەی خۆیدا.
لێرەدا بەر لەوەی مرۆڤ بگات بەم قۆناغەی بەخوابون و چاودێرییە بەسەر لایەنە دژبەیەک و پێچەوانەکانی (ئید/ئارەزو، ئیگۆ/شکۆ) خۆی، ئەوە لەوە بێئاگایە ناکۆکییەکی لەم جۆرە و ئەم دو کەسایەتییە جیاوازە لەناویدا هەیە. بۆیە لە تێکهەڵکێشبونەوەی پێچەوانەکان کاتێک بەم دو کەسایەتیبونەی ناوخۆی دەزانێ دوچاری کەرتبونی کەسایەتییەکەیی و ناهاوسەنگی دەبێتەوە، بەوەی ئەگەر بەشی هەردولا وەکیەک بدا لە واقیع دادەبڕێ، چونکە ئەم قۆناغە دەرچونە لە مرۆڤی ئاسایی و بەخوابونە (لێکدانەوەی نێوان لۆژیکەکانی چاکە و خراپە وەک چونەسەرەوەی هەردوکییان)، ئەگەریش بۆ کەوتنەوەی بە پانتایی واقیع بەرگری لە لایەنێکی ئەم دژبەیەکانە بکا لەسەر چەپاندنی ئەویترییان تەواو دەبێ، لە کاتێکدا بە ئاگایە لەخۆی ئەم چەپاندنەی وەک تەمێکردنێکی (چەوساندنەوەی) لایەنە چەپاوەکەی کردوە. واتا بە توندوتیژ(ڕەق/نێر)ی نەرمی(زێ/مێی)یەک بە ڕوی دەرەوەدا دەشارێتەوە بە پێچەوانەوەش، کەچی گشت شاردنەوەکانیش وەک نەستنواندنەوەیەک پێچەوانەکەی لێ دەکەوێتەوە، بە مانای بە خۆپاڵنان بۆ توندوتیژبون ئەویتر نەرم و لە نەرمیش ئەویترەکە بۆ توندوتیژ پاڵ دەخوا. هۆکاری ئەمەش بۆ ململانێی هەردو دەرونێک لەسەر باڵادەستی و ژێردەستی دەگەڕێتەوە.
لەسەر بنەمای ئەم پێچەوانەیی بونەوەیە ئەوانیتر ئەم کەرتبونەی کەسایەتییەی ئەویترێکی لەخۆبەئاگابوی خۆناسدا بە شێتی (بۆخۆی بلیمەتییە) وەک لە هاوسەنگی دەرچونێک لێکدەدەنەوە، بەو هۆیەی ئەوانیترەکان لە شێتییەکەی خۆیان بەو مانایەی لە دو کەسایەتییەکەی خۆیاندا (بەهۆی بێئاگایی و خۆنەناسی پێیانوایە شێت و دوڕو نین، بێئاگاییەکەیان هاوسەنگی کردون) بێئاگان.
ئەوەیە لە تێگەیشتنی عاریفانەدا، لەبەرئەوەی عاریف عاشق بوە و عاشقیش لەبەر گرێی ئۆدیب و ویستنەوەی دایکباوک(خوا/سۆز)، لەلایەن ئەویترێک(بابەتی ئارەزو)ەوە نەستی نوێنراوەتەوە، بە هەردوک لای کەسایەتییەکانی زانیوە و بەخوابوە. ناچار لە پێچەوانەکەوتنەوەی بە ئەوانی دیکە و یەکبونی هۆشی لەگەڵ خوادا وەک چونەدەرەوەیەک لە ئاوەدانی، ئادابی مەجنونە لە سارا. لە هەمان کات داواکاری نیچەش لە دورکەوتنەوەیەکی زەردەشتییانە لە بازاڕ پەیوەستە بەم پێچەوانەبونەوە لە کەسنەچوە و بە تەنیایی مانەوەیە، وەک دەڵێت: هەڵێ هاوڕێم لەدەست ئەو مێشانە (ئەو بێئاگایانە لە دۆخی مرۆڤێکی بلیمەتە بە شێتی تێدەگەن) بۆ ناو تەنیاییەکەت.
لێرەوەیە مرۆڤ بە لەدەستدانی سۆزی سەرەتای منداڵییەکەی دایکباوکی (هەڵوەشاندنەوەی گرێی ئۆدیب)، بەدوای جێگرەوەیان دەگەڕێت، لەکاتی دۆزینەوە و بەدەستنەهێنانی، دەگاتە ئەوەی ئەم جیهانە بە نادادوەری بەڕێوەدەچێ و ڕوبەڕوی چارەنوس و نادادوەرییەکە دەوەستێتەوە وەک خۆئاڕاستەکەرێک (مخیر)، دواتر سەرەڕای ئازارخواردنێکی زۆر و گەیشتن بەم شێتبون و بلیمەتبونە، بە دنیابینی عاریفانە دەچێتە سەر ئەو باوەڕەی ئاڕاستەکراو(مسیر)ە وەک ناسین (خۆناسین ئەویترناسین) و باوەڕهێنان بە خوایەک.
بەڵام لەکن نیچە ئەم خوایە بنەڕەتی بون و ویستی هێزە، دەڵێ: "ئەم جیهانە لەسەر ئیمانێکی پێچەوانە دامەزراوە/سەروترین خراپە بەستراوەتەوە بە سەروترین چاکەوە" وەک پێزانین و ئاشکراکردنێکی بنەڕەتەکەی ئەم بونە، کە بە زانینی تەواو و بە لەناوچونیشی (شێتبونی بلیمەتانە/پێچەوانەبونەوەی هەموان، بە لە هاوسەنگکەوتن لە دو کەسایەتیدا) لێکدەداتەوە. نەک وەک خوایەکەی عاریفان بۆ گاڵتەجاڕی بە مرۆڤەکان ئەم جیهانەی بە چەپاندن و حەزی هەڵگرتنی (گرێی ئۆدیب) دروستبوە، دامەزراند بێت. بەڵکو هیچ مرۆڤێک بە بلیمەتیشەوە نەبێتە ئەو خوایەی هەر چی حەز کرد بەدەستی بێنێت. وەکچۆن شێتی لە بلیمەتی بەخوابو (لە هاوسەنگکەوتوی کەسایەتی) جێگەی گاڵتەی شێتە نابلیمەتەکان(مێگەل)ە لە ئاوەدانیدا، یانیش دەبێ لێیان دورکەوێتەوە وەک غەریبێک بژی، غەریبیش لە ئاشنایەتی کەوتن و ترساو و گوناهە وەک ناهاوسەنگ و جێی بەزەییەک. بون (تراژیدیا) و خوایەتیش ئەم لەناوچون و گاڵتەجاڕبونەیان لە مرۆڤایەتی دەوێ، هێشتا ئەوەیان قایلکەرتر و دەسکەوتێکە بە چۆکنەدان ڕویداوە، ئەگەرنا هەرچەند بە تێگەیشتنە خواییانەکە تاقیکردنەوەیەک بێ بۆ چۆکدادان، گاڵتەپێکردنێکە وەک یارییەکی بێ دەسکەوتی پوچ.
بەوەدا لە کاردانەوەی ئەم لەناوچونە، ئەم گاڵتەپێکردنە و مانادانەوە بەم پوچییە، خۆشویستنەوەی ژیان سەرهەڵدەدا، بە دروستکردنی زەوی (شارستانی) شێتە بلیمەتەکان، مەبەست لەم شێتە بلیمەتانەش ئەوانەی تاکگەران (ئاژەڵەخواکان) بە دژوەستانەوەیان بەڕوی بونێکی تراژیدی و خوایەتییەکی گاڵتەپێکەر.
لە کۆتایی نیچەش وەک حاڵەتێکی سێیەمی فەلسەفەکار (چون گیانی تێربونی نەدەناسی) سەرەڕای بە ئاژەڵی شێری ڕفێنەر بە گەڕانەوەی هەمیشەیی (جارێکی تر هەڵوەشاندنەوەی گرێی ئۆدیب/هاوسەنگکردنەوەی دوکەرتی لە کەسایەتی/دروستکردنەوەی مرۆڤی باڵای تراژیدیایی) لە بەردەم ڕاستەقینەیی تراژیدیای ژیان(بون)دا ژیا، بە خوایەتییە شێتییەکەیشی (تێکهەڵکیشی کەسایەتیبونی مێگەل و دژەمێگەل وەک دو لۆژیک و حەز بۆ خۆهاوسەنگکردن/نەمانی ڕاستەقینەبون جگە لە گاڵتەجاڕی) گاڵتەی بە گاڵتەپێکەر(چارەنوسساز)ەکەی وەک چارەنوسی بەدەستی خۆی ساز کردبێ، کردەوە.
هیوا سەعید