عەشقی نیچەیی

عاشق بونەوەرێکی تەلقیندراوە، کەوتۆتە ژێر کاریگەری خەواندنی موگناتیسی، وەک فرۆیدیش ڕونی کردۆتەوە، دەکرێ لە ڕێی چاو و نیگاوە ئەم کاریگەرییە ڕوبدات. ئیتر دەرونێکی خەساو و چێژ لە تلانەوە و خۆئازاردان (مازۆخیزم/چێژکردن لە ژێردەستەیی) بەهۆی سۆز و گەڕانەوە بۆ ڕابردو وەردەگرێت.

لێرەوەیە دەسەڵاتە ئاینی و سیاسی و کلتورە نزمەکان (مێگەل/ئاڕاستەکراو) لە تاکی نەخەساوی نیچەیی بە ویستی هێز لەناوخۆی دەرونێکی سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر (دەستبەسەرداگرتنی نەست/ناسۆزەکی/خۆئاڕاستەکەر)ی بەرهەمهێناوە و باڵادەستە بەسەرخۆیدا دژ دەوەستنەوە.

لەکاتێکدا هەرچەند لە نێوان دەسەڵات و تاکی نیچەییدا هەردوک نەخەساون، بە مانای باڵادەست و دەستبەسەرداگەرن، بەڵام یەکەمییان دەستبەسەر ئەویتری دەرەوە دەگرێ و مۆڕاڵی (ئەخلاقی ناوەکی) نییە، دوەم هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دیوە لاوازەکەی ناوخۆی دەدات و خاوەن مۆڕاڵە.

بۆیە کە نیچە تانە لە ئەخلاقی مەسیحی دەدا، بەوەی لەباتی عەشق لە ئایینی مەسیحیدا فەزیڵەت بێ ڕەزیڵەتە، واتا بە چێژ لە تلانەوەکردن و بەزەیی بەخۆهاتنەوە یەکسان بۆتەوە بە خەساوی (فالۆس/ئەوەی نییەتی).

کاتێکیش لە کتێبی بەرەبەیاندا دەڵێ: "ئەدی عەشق و مەرگ برا نین!" بەو مانایەی مەرگ بۆخۆی وەک دەسەڵاتێکی زاڵ یەکسانە بە نەخەساوی (فالیک/ئەوەی هەیەتی) و ئەم نەخەساوییەش مەبەستی لەو عەشقەیە تێگەیشتنێکی پێچەوانەی ئەخلاقە مەسیحییەکە دەداتەوە و دەبێ بە فەزیڵەت، بەوەدا عەشقێک نییە چاوی لە بەزەیی ئەویتر و بەرگەی تەنیابون نەگرێ و هەست بە بۆشایی و ژیان هیچ مانایەکی تێدا نەمێنێ، وەکئەوەی بە ئاواتی لەناوچون و لە بەرانبەر ژیاندا خۆی بدا بەدەستەوە، بەڵکو عەشقێکە سەرەڕای تەنیاییەکەی هێشتا خۆشەویستی بۆ ژیان لەدەست نادا و تەنیایی لە دەرەوەی ناچاری وەک ڕوبەڕوبونەوەیەکی چارەنوس بە ڕەزامەندانە هەڵدەبژێرێ و بەهێزەوە لە بەربەرەکانێی مەرگە، ئەم بەربەرەکانێیەش ئەبەدی (ئەو ژنە نەبێ حەز دەکەم منداڵم لێی ببێ، ئەوە تۆم خۆشدەوێ ئەی ئەبەدییەت. نیچە) و ئەنگوستیلەی ئەنگوستیلەکان و گەڕانەوەی هەمیشەیی نیچەییە (بنەمای پێنجەمی فەلسەفەکەی)، لەبری دەستبەرداربون خولانەوە و لە سەرەتا دەستپێکردنەوەیە. بەم جۆرە عەشقیش لە خەساوییەوە دەگۆڕێ بۆ نەخەساوی و لەگەڵ مەرگ دەبێ بە برا وەک دو نەخەساو.

لەسەر بنەمای ئەم تێگەیشتنە عەشق ببێتە برای مەرگ ئینجا بە فەزیلەت ببینرێ، ئەو مەرگەشیان فەزیلەتێکە لە چۆکنەدان و دەستهەڵنەگرتن لە ژیانەوە بێت، ئەوەیە نیچە لە زانستی شاددا بە پێچەوانەی ڕەخنەکانی لە مەسیحییەتەوە، لەبارەی لەخاچدانەکەی بە ستاییشەوە بە عیسا دەڵێت: "پیاوێک بە شکۆوە لەسەر خاچەکە کوژرا"، بە مانای ئەوەی هەتا لەخاچدانی لەبەر پەیامەکەی دەستی لە ژیانەکەی وەک تەسلیمنەبونێک هەڵنەگرت.


هیوا سەعید

Popular Posts