نیچە فەیەلەسوفێکی هونەرمەند

(نیهیلیستی ژیاندۆست، شەیتانی نورانی)

کەمجار هەیە فەلسەفەی هونەرمەندێک، بریتی بێ لە پاشکۆیەتی و زیان بە هونەرەکەی نەگەیەنێت.

ئەو هونەرمەندەی حەزی پێ دەکەم زۆر سادەیە لە پێداویستی ڕۆژانەیدا، لە بنەچەدا تەنیا دو شتی دەوێ نانی ڕۆژانەیی و هونەرەکەی.

شیعری دراماتیکی هۆکاری کۆتایی هاتنی مرۆڤ و جیهانە (بنیادنانی کلتوری نزمی بازاڕی). ئەم هەمو قسە جوانە ڕیزکراوە بەکەڵکی هیچ نایەت.

ئەو هونەرمەندەی بەسۆزێکی زۆرەوە گۆرانی و سرود دەچڕێت، وەها خەون بەخۆیەوە دەبینێ وەکئەوەی لە سەردەمێکدا بێ، سۆز و هەست بەس بێ داهێنانی هونەری بەدی بێت.

"نیچە"

لە کتێبی وەهای گوت زەردەشت، نیچە لە زمانی زەردەشتەوە بەم جۆرە خەڵکەکە دەدوێنێ: "خۆشم دەوێ ئەوەیکە خوای خۆی تەمێ دەکا، ئاخر ئەوینداری خوای خۆیەتی. کەوایە دەبێ بە غەزەبی خوایەکەی بفەوتێت". لێرەدا (خوای خۆی) بە مانای نەست وەک هەڵگری پیرۆزی و خوایە، هەروەها تەمێکردن واتا بە ویستی هێز دەستبەسەرداگرتنی نەست و خەساندنی سۆزەکیبونەکەی، لەبەرئەوەی ئەویتری گەورەیە (دایکی ئۆدیبی/باوک/خوا)، بەهۆی گرێی ئۆدیبەوە ئەویندارییەکەی بۆ ئەم ئەویترە گەورەیەیە.

کەواتە ئەوەی (خوای خۆی) بە تەمێکردنێکی هەستەکییانە دەستبەسەر بەشە سۆزەکییەکەی (بە خۆخەساندنێکی خەسێنەرانە بەشی دەدات) خۆیدا دەگرێت، دەبێ بە بکوژی خوا و تێکشکێنەری بەها پیرۆزە باوەکان و خاوەن ویست، ئەوەش بۆ هۆشەکیبون و سەرئەنجام لەدایکبونێکی پێشڕەوانەی مرۆڤی باڵایە.

بەڵام چونکە مرۆڤی باڵا شێوە لەدایکبون و تەنیاکەوتنێکی ئۆرفیۆسی و بە دۆزەخبینینی ئەویتریشە، ئەم ئەویترەش لەلایەک نەست (سۆز/ئارەزو) و لەلایەکی دیکە ئۆبێکت و نواندنەوەی نەستە، بۆیە هەست لەم نێوانەدا هەمیشە دەکەوێتە بەر غەزەبێکی دۆزەخییانەی هەردوکییانەوە، وەکچۆن لە کۆتایی ئۆرفیۆسیش بەدەستی ژنەکان (سۆزەکییەکان/فالۆس) کە نەست و نواندنەوەیەکی نەستەکین، دەفەوتێ و دەکوژرێت.

لێرەوەیە نیچە لە خێر و شەڕدا دەگاتە ئەو تێگەیشتنەی زانینی بنەڕەتی بون لەناوچونە، بەو مانایەی ئەم لەدایکبونەوە ئۆرفیۆسییەی مرۆڤ و گەیشتن بە ناسینی دۆخەکەیی و پێزانینی بنەڕەتەکەی (ئاشکراکردنی ماسکی سۆزەکی/گاڵتەجاڕ/شکۆ) لەناوچونێکیشە. ئەوەش نەک لەبەر ئاشکرابونی ئەم ڕاستەقینەیەدا، بەڵکو بە نەمانی ڕاستەقینەیەک بەم ئاشکرابونە، جگە لە خودی ژیانێک، ئەویش تراژیدیایە.

کەواتە خۆشویستنی "ئەوەی خوای تەمێ بکا" پەیوەستە بە خۆشەویستی ژیانە تراژیدیاکە وەک خۆیەکسانکردنەوەیەکی تراژیدییانە و ڕاستەقینە ژیانێکی هونەرمەندانەی بە شکۆیانەی دور لە خەساوی، بەوەی ئەو مرۆڤە باڵایەی سەرەڕای هەستی کەوتۆتە نێوان غەزەبی نەستی خۆیی (سۆز/ئارەزو) و واقیعەکەی (ئۆبێکت/نواندنەوەی ئارەزو)، چۆکیش نادا.

دواجار ئەم چۆکنەدانە تراژیدییە هونەرمەندانەیە چۆکنەدانێکی ئەویندارانەیە (ئەدی عەشق و مەرگ برا نین! نیچە)، لەسەر ویستی هەستپێکردن بە ژیان کەوتۆتە جەنگی مەرگ (نەست و نوێنەرەوەی نەست) و یەکسانیش بۆتەوە بە مەرگی ژیانە پوچ و تراژیدیاکەی، هەتا بە هونەرمەندییەکی فەیلەسوفانە مانایەکی گەورە بە ژیانی بدات (من شەیتانێکی نورانیم. نیچە). لەپێناو ئەم مانا گەورەیەش لەبری هاوشێوەی عاریفەکان خەساوانە ئەوینداری خوایەکەی ببێ، بە خۆخەساندنێکی خەسێنەرانە (سادۆمازۆخی ناوەکی فالیکانە/شەیتانی نورانی) وەک خۆتەمێکردن و کوشتنێکی بە هەمودەمی ئەوینی لەگەڵ دەکات.


هیوا سەعید

Popular Posts