مێگەل
زۆرباش
هەموتانم ناسیوە
ئێوە بە شوێن پەرستندا دەگەڕێن
بتێکی بەرزتان دەوێ لە بەردەمیدا کڕنوش ببەن،
ستایشی گەورەییەکەی بکەن،
بە سەرسامی بە چواردەوریدا بسوڕێنەوە!
هەر بەوەندە ناوەستن
دەتانەوێ گیان بەبەر ئەم بتەدا بنێن،
بیکەن بە مرۆڤێک!
لە خۆشەویستی ئەم چاکەیە ناکەن،
لە خۆپەرستیان،
هەتا بە ماچ، بە باوەش، بە هەڵمژینی هەناسەی
جادوی بەتاڵ بکەنەوە!
ئێوە لەم یارییە خۆشهاتون
چ جارێک بتێک دەکەن بە مرۆڤێک
بۆ کڕنوشێکی تر
بۆ ستایشێکی تر
بۆ سەرسامییەکی تر
حەزتان دەچێتەوە پەرستن!
دیسان بەوەندە ناوەستن
ئەمجارەیان بۆ ئەوەی مرۆڤەکە بکەنەوە بە بت
بیر لە گفتوگۆکانی دەکەنەوە
لە کوێ وشەیەکی ناخۆشی بەکارهێناوە،
چاو بە ڕەفتارەکانیدا دەخشێننەوە
لە کوێ هەڵەیەکی بەرانبەرتان کردوە.
کاتێک دەتانەوێ ببنەوە بە کۆیلەکەی سەرەتا
گوێتان کەڕ نییە بۆ چرپەیەکی نابەدڵیش
چاوتان وردترین هەڵەکانیش دەبینێ
پێویستتان بە پاساوێکە
بۆ ڕۆیشتن!
هیوا سەعید