لە ڕۆژی لەدایکبونی قارەمانێکدا
ئێستا
تێناگەی باسی چی دەکەم
لەکۆتاییدا دەزانی ناولەپی زەمانەم خوێندۆتەوە
ڕۆژێک دادێ
تۆ باوکی خۆت دەکوژیت،
شەوێکیش حەز لەدایکت دەکەی
دوای ئەم شەوە چیتر ڕۆژ نابینیتەوە
کوێر دەبیت!
بە کوێری لە تاریکی،
لە عەشق،
لە مەرگ ڕادێی
بەم ڕاهاتنە گەورە دەبی
دەبی بە پیاو، ژن دێنێت
منداڵێکت دەبێ، لەسەر ئەوەی حەز لە دایکی دەکاتەوە
ئەویش دەکوژیت!
خەڵک لەبەر ئەم کوشتنانە
بە قارەمانێکی چاونەترست دەزانن،
کەس نابینێ لە ناخەوە منداڵێکی چەند بە بەزەیی و
سینگت پڕپڕە لە دڵۆپی گەرم و
پێت شەرمە بریسکەی هیچ تەڕاییەک لە ڕومەتت
چۆک بە قارەمانییەکەتدا بدات
تەنیا باوک و
دایک و
منداڵە کوژراوەکە دەبینن
چۆن بە ئاگری قارەمانییەکەت دەسوتێی!
هیوا سەعید