خراپە لە نێوان ئاگایی و نائاگاییدا

پێوەدراو بە مێشە ژاردارەکان، وەک بەردی سواو بە دڵۆپە بێ ئەژمارەکانی بەدخوازی، لە نێویاندا دانیشتم و دیسان بەخۆم گوت: "تاوانی بچوکی بچوکەکان سوچی ئەوان نییە!"

                               "نیچە"

مرۆڤ سەیری بەوەی لە دواتردا جادوی بەتاڵ دەبێتەوە دێ، ئەوەندە پێی سەرسام بوە. ئەم سەیرپێهاتنە لە ناسینییەتی و سەرسامییەکەش نەناسینییەتی. واتا ئەزموننەکردن و بێئاگایی جادو دروست دەکا و ئەزمونکردن و بەئاگاهاتنەوە لێی، بەتاڵی دەکاتەوە.

هەروەها ئەوەی ببێتە مایەی ڕقلێبونەوە، لە دەستگیرنەبونییەتی. لەگەڵ ژێردەستکەوتن و دەستگیربونیدا، ڕقەکەش نامێنێ. بەو مانایەی ڕقیش وەک سەرسامییەکە جارێکی تر ئەویش گرێ و جادوییەکە دروست دەبێ.

لێرەوەیە ڕق و سەرسامی وەک دو دۆخی دەرون(جوڵە و دەربڕینی سادی و مازۆخی)ی مرۆڤ چێژیان پێ وەردەگرێ. ڕقهەڵگرتن چێژە لە بەهێزی و باڵادەستی بەسەر ئەویتردا، سەرسامبونیش چێژکردنە لە لاوازی و ژێردەستەیی بەرانبەر ئەویتر. ئینجا ئەو چێژی باڵادەستکردن و ژێردەستەبونە لە پانتایی واقیع بە ئاژۆتن و ملکەچکردنی بە زۆری و ئارەزومەندانە بێ، یان بە تەنیا لە پانتایی خەیاڵ بێت.

بۆیە کاتێک ئارەزوی مرۆڤی نائاگا، بەهۆی سەرسامبون و ڕقەوە چێژ لە شتەکان دەبا، هەمیشە پاساوێک بۆ ئەم دو ڕەفتارەی دێنێتەوە، بۆ ئەوەی خۆی لەسەر هەق و بە ڕاست بزانێت. بەوەی لەبەر نائاگاییەکەی لایەنگیرانە بەرگری لەخۆی دەکا و مۆڕاڵی وەک ئاکارێک لەخۆیەوە بۆخۆی نییە، بەبێ لایەنی و بابەتییانە بڕیار لە چاکە و خراپەکانی بدات. ئەوەیە ئەم جۆرە مرۆڤە نائاگایە، کە بە ڕەوشتی باوی کڵێشەیی دەرەکی (ئیتیک) دەژی هەرچەند خراپەکاری بکا، هێشتا دان بە خراپەی خۆیدا نانێت.

بەڵام مرۆڤی نائاگا بێئاگایە لەم نائاگاییەی، لە دیدی ئەو ئەوە چاکە بۆخۆی چاک بێت. ئەم نائاگاییەش لە دەرەوەی ئاگایی ناناسرێت و لە هەمان کات بە تەواونەبونی پرۆسەی بونەوە، ناسینێکی هەردەم تەواو نەناسراوە. لێرەدایە سارتەر تیگەیشتنێکی تر بە چەمکی مرۆڤی ناڕەسەن(نائاگا)ی هایدگەر دەدا و بە دوچاربون بە (بیرکردنەوەی خراپ) لێکیدەداتەوە.

کەواتە تەنیا لە ئەگەری دروستبونی ئەم خۆئاگاییە، مۆڕاڵ وەک ئاکارێکی بەرزی ناوەکی، دور لە سەرسامبونێک و ڕقێک، بێ هیچ پاساوهێنانەوەیەکی لایەنگیرانەی بەرژەوەندخوازانە، دان بە چاکە و خراپەکانیدا دەنێت.


هیوا سەعید

Popular Posts