نیچە لە پەراوێزی ئۆدیبدا
"تاعون بەبێ جەنگ ناڕوات!"
لە وڵاتەکەی ئێمەدا کەس کەسی
خۆشنەدەویست، هەموییان خۆشەوستییان لەبیرچوبۆوە بۆیەش تاعون هات.
"ئەلبێر کامۆ"
شارێک ئەوینی تێدا نەبێ دەبێ
لێی تێپەڕی.
"نیچە"
لە ئەفسانەی ئۆدیب پاشادا خوایەکانی دێلفی دەڵێن: تاعون لە شاری تیبا ناڕوا، هەتا ئەو کەسە نەدۆزرێتەوە باوک(خاوەن موڵک/سۆز)ی کوشتوە و دایکی کردۆتەوە بە ژنی خۆی وەک کوشتنێکی خوا و لە سۆزکەوتنێک دژ بە ڕەوشتی باو، دواجاریش هۆکاری تاعونەکە.
سەرئەنجام لە ماوەی پشکنین و گەڕانیدا ئۆدیب پاشا بەوە دەزانێ ئەو کەسەی ئەم کارەی کردوە و سەرچاوەی تاعونەکەیە خۆیەتی. بەڵام لە خۆنەناسی، چونکە بە منداڵی فڕێدراوە وەک نەفیکراو و ناڕەسەنکردنێک کارێکی وەهای لەدەست ڕوداوە. ئەم ناڕەسەنییەش ڕەسەنبونە وەک خۆپێگەیاندن و گەورەکردنێک بە بێکەسی (دابڕانی مەعریفی/ئەنتی تێز). بەوەدا پێزانینەکەی سێنتێزە(١)، ئەو بابەتی ئارەزوەی نەستی دەنواندەوە (دایکباوک/تێز) بەدەستیهێنا (هەڵوەشاندنەوەی گرێی ئۆدیب/مخیر). لێرەدا نەست نوێنەرەوەش بۆ پیاو دایکە، هەروەها بە ژنبونی خۆی یان بە پیاوکردنی دایکییەتی وەک هاوشوناسبونێک"٢"، بۆیە لە پەشیمانیدا وەک خۆسزادانێک چاوەکانی دەردەهێنێت. بەڵکو بەم جۆرە لە نێوان ڕەوشت و نەریتی باوی مێگەلی (مسیر)"٣" و دژەباوێکی تاکگەرایی، کەسایەتییە دو کەرتبوەکەی هاوسەنگ بکاتەوە.
لەبەرئەوەی قۆناغی سێنتێز بەهۆی چاودێر بەسەرخۆبونەوە، بە کەوتنە سەرەوەی چاکە و خراپەوە وەک بەخوابونێکی مرۆڤ، لە هاوسەنگکەوتن و دو کەسایەتیبون و شێتبونێکە لە بلیمەتیدا، بە خزینەناو کەسایەتییەکانی مێگەل و تاکگەرا وەک ئاشکراکردنی پشت پەردەی
نهێنییەکان، ئەویش بە مانای ئۆدیب بە خۆکوێرکردن و تێکشکانێکی نیچەیی وەک
دانانەوەی پەردە بەسەر نهێنییەکاندا (خۆداماڵین لە چونە ویژدانی ناخودئاگای
مرۆڤەکان بە چاوی سێیەمی خوایی/دورکەوتنەوە لە ئاوەدانی) هاوسەنگییەکەی بەدەستهێناوە، تاعونیش لە شاری تیبادا نەما.
لێرەوەیە نیچە (مەبەستی لە
ئۆدیبی باوککوژە) دەڵێ: "ئەوەیکە خوای خۆی تەمێ
دەکات، ئەوینداری خوایەکەیەتی، کەوایە دەبێ بە غەزەبی خوایەکەی بفەوتێت"، بەو هۆیەی ئۆدیب سەرەتا دنیابینی و شارستانییەتێکی دژەباوی بێسۆزی (بە
کوشتنی باوک/خەساندنی دایک) ناخوایی دروستکرد، لە دواتریش بۆ نەفەوتان و
گەڕاندنەوەی سۆز بۆ شارستانییەتەکە عیساییانە خۆی لەپێناودا بە غەزەب فەوتاند، بۆ
هاوسەنگکردنەوەی دوکەرتبونی کەسایەتی و ڕەتکردنەوەی هاوشوناسی وەک خاوەنسۆزێکی
ئەویندار(٤).
کەواتە لەسەر بنەمای ئەو
تێگەیشتنەی نیچە: "سەروترین خراپە بەستراوەتەوە بە سەروترین چاکەوە، بەڵام
ئافرێنەری خۆی هەر ئەمەیە"، ئۆدیبیش بە کوشتنی خوا و هەڵوەشاندنەوەی بەها
پیرۆزەکان، هەروا بە خۆکوێرکردنی و پەشیمانبونەوەکەی لە شارستانییەتی باوککوژیدا، لە
خوایەتی (سێنتێز/گاڵتەجاڕ) نەکەوت، بە پێچەوانەوە گاڵتەجاڕییەکی خواییانەی (سەروی چاک و خراپ/نەمانی ڕاستەقینەبون جگە لە گاڵتەجاڕی) بە دو شارستانییەت دژەباو
و باوی مێگەل(سۆزەک)ی وەک دو چۆنییەتی ژیان و خۆهاوسەنگکردنی دەرونی (لۆژیک/حەز) نەک ڕاستەقینە کرد.
(١)
داواکارییەکەی نیچە بۆ هاوسەرگیری لە سالۆمی، بەشێوەیەکی خاوەندارییەتی پیاوانەی
عاشقانەی تراژیدی (ئەوەی هەیەتی/هۆش) لە ژن (ئەوەی نییەتی/سۆز/مەعشوق)، یەکسانە بە ئەو دنیابینییە
عیساییە خواییەی بۆخۆی وەک ئەنتی تێزێک دژایەتی دەکرد، واتا وەکچۆن عیسا ڕێی بە
مەریەمی مەجدەلی ژنێکی باغی و شەهوانیدا بە گریانەوە پێی ماچ بکا و بە فرمێسک شۆردنی (سۆز/پەشیمانی) خۆی لە هی هەموانەوە (بێئەوینی/بێسۆزی) بکاتەوە بە موڵکی یەککەس،
داواکەی نیچەش لە سالۆمی هەمان شتە، لە چەندین نوسراویشیدا لەم بارەیەوە بۆ نمونە
دەڵێ: "ئامادەم گشت تەنازولێکی پێشوەختە بۆ هاوسەرێتی لەگەڵ یەک کەسدا
بکەم، بەس هەرگیز قبوڵ ناکەم لە خۆشەویستیدا باسی مافی یەکسانی نێوان ژن (ئەوەی نییەتی/زێ/سۆز) و
پیاو (ئەوەی هەیەتی/نێر/هۆش) بکرێت. لە بنچینەدا ئەم مافە یەکسانە بونی نییە."، یان دەڵێ: "خۆتان لەو
ژنانە لادەن نێرانە دەجوڵێنەوە."، "ئەوانەی وەک ژن ژنییان خۆشدەوێ پیاو
نین."، "ژن بە جلی ڕەش(سۆز)ەوە جوانە."
(٣) دژ بە هاوشوناسی نیچە دەڵێ: "ئێمە و ئەم دەڵاڵ و تێکەڵکەرانە دوژمنین."، "نابەدڵترین گیانداری مرۆڤایەتی دۆزیمەوە بەناوی "مفتەخۆر" ناودێرم کرد: ئەو نایەوێ ئەویندار بێ و سەرەڕای دەیەوێ بە ئەوینی خەڵکی دی بژی."
(٣) مسیر وەک هەمەکییەک هەڵگری هەردو ئیختیار و بژاردەی هەندەکی بەڵێ و نەخێرە لەناوخۆیدا وەک دیالێکتیک و وەک حەتمییەتێک نەخێری نەخێر دەکاتەوە بە بەڵێ.
(٤) لەدوای خۆکوێرکردنی ئۆدیب وەک چونەدەرەوەیەک لە ئاوەدانی و کۆتاییهاتنی تاعون، جەنگێکی گەورە لە تیبا قەوما. هۆکاری جەنگەکەش دەگەڕایەوە بۆ لە هاوسەنگکەوتن(هاوشوناسبون)ی ئۆدیب پاشا وەک بەتاڵبونی شوێنی باوک (تێکشکانی مرۆڤی باڵای خەسێنەر/شێر)، ناچار کوڕە ناڕەسەنە خەساوە هاوشوناسبو و لەیەکچوەکان (ئیتۆکلیس و پۆڵینیکس) بۆ دەرچون لە هاوشوناسی (ناڕەسەنی/چەقبەستنی مێژو) و جیاوازبونەوەیان لە یەکتر کەوتنە جەنگ.
لەم پێزانینەوە نیچە بەرلەوەی لە ساڵی ١٩٠٠ بمرێ پێشبینی جەنگی گەورەی لە ئەوروپای مۆدێرندا کردوە، لەو ڕوانگەیەی نیچەش وەک پۆستمۆدێرنێک (ڕەخنەکردنی مۆدێرنە دەچێتەوە خزمەت سەدەکانی ناوەڕاست) ئەویندارێکی ئۆدیبی (تراژیدی) بوە، لەسەر شکۆی (بە کوشتنی خوا و بونەوەی بەخوا/مرۆڤی باڵا) دەستی لە زۆر حەز بۆ تەمێکردنی ئید و دروستکردنی ئیگۆ/شکۆ بەرداوە، وەکئەوەی هەموئازاری ئەوانیتر هەڵبگرێ، لەدواتریش ئەوانەی لەناو بێشکۆیی دەژیان باجەکەی (باجی بێشکۆیی و بێئەوینی/هاوشوناسی) بدەنەوە. بەوەی ئەوینداری تراژیدی (چاوی سێیەمی خوایی/چونە ویژدانی ناخودئاگا) وەک سێنتێزێک لەوە بەئاگایە لە جێی متمانە و ڕێز بێشکۆییەک (بێئەوینی/گومان و نەفرەت) سەریهەڵداوە وەک تاعونێک، کەچی ئەوانیتری خۆنەناس ئەویترنەناس (ناخوا) بێئاگان، بەو مانایەی ئازارخواردنی لە دواتری ئەم بێئاگاییەیان هاوشێوەی بە عەدالەتکردنەوەیەکە بە ئازارخواردنی پێشتر و بەئاگایانەی ئۆدیبئاسا لە چیتر یەکانگیرنەبونی نەست و ئەویترەکەیی و تەنیاکەوتنی وەک یەکێک لە بەرانبەر هەمواندا (تەواوی تاوانەکانی مرۆڤ ناکاتە ئەوەی بەرانبەر من کرا. نیچە)، بۆ ئەوەی هەموانیش وەکیەک بە دیالێکتیک (پێکەوەیی بە ململانێوە)، بە تەواوبونی دیالێکتیکیش لە نێوانیاندا وەک تەنیامانەوەیەک (سایکۆسیس) لە ئازارخواردنەکەدا یەکسان بکەونەوە: ئینجا مرۆڤایەتییەکی بەهێز لەپاش جەنگ و مەترسیدا، بە ئەوین(خۆناسین ئەویترناسین)ەوە لەدایک ببێتەوە.
هیوا سەعید