ئەویندار گەورەمرۆڤی زەمانی خۆیەتی
بە منییان گوتوە مرۆڤ ئەوینداری خۆیەتی: ئاخ، ئەو ئەوین بەخۆیە دەبێ چەندە گەورە بێ! چەندە بە سوکدانان لەگەڵی لە کێشە دایە!
نابەدڵترین گیانداری مرۆڤایەتی دۆزیمەوە بەناوی "مفتەخۆر" ناودێرم کرد: ئەو نایەوێ ئەویندار بێ و سەرەڕای ئەوە دەیەوێ بە ئەوینی خەڵکی دی بژی.
عەدالەت وەها بە من دەڵێ: مرۆڤەکان بەرابەر نین. بەرابەریش نابن! ئەگەر جگە لەمەم گوتبا ئەوینم بە بەرزەمرۆڤ چی لێ دەهات؟
ئەوینی گەورە ئەوینی ناوێ - لەو پتری دەوێ.
"نیچە"
لە هەر
کات و شوێنێک دابڕان لە ئەوین ڕویدا، ئەوە ناعەدالەتییەک لەم کات و شوێنە هەیە. ئەویش هەوڵێکە بۆ لە جیاوازیخستن لە نێوان ناڕەسەنی و ڕەسەنیدا وەک هاوشوناسکردن (تێکەڵکەری) و بێشکۆبونێک لە ناخاوەندارییەتی لە خود. بەهۆی ئەوینەکەوە بە پێزانین بە بنەڕەتی بونەوە وەک چونە سەرەوەیەکی چاکە و خراپەوە، بە خۆناسین
ئەویترناسینەوە، پێی دەزانرێت.
بەوەدا ئامانجی ئەوینیش
بەتەنیا ئەم پێزانینە و سەرڕێخستنێکە بۆ هاوسەنگکردنەوەی ئەم ناعەدالەتی و ناهاوسەنگییە
(لەشکۆدان/شڵەژانی دەرونی) وەک ڕەتکردنەوە و دژوەستانێک. بۆیە لەگەڵ بە عەدالەتبونەوەی ئەم هەوڵی لەشکۆدانە بۆ تێکەڵکردن وەک نەزۆککردنێک، ئەوینەکەش ئامانجەکەی دەپێکێت. واتا ئەو ئامانجەی دەیویست ناڕەسەن (بێشکۆ)
هاوشوناس نەبێ بە ڕەسەنەکانەوە، بە وەکخۆلێکردنییان وەک نەبونکردنێک، بە دزین و بەتاڵانبردنی
کەسایەتی و بونییانەوە.
لێرەوەیە فەلسەفەکارە ئەویندارە بە شکۆ و پێزانەرەکانی بنەڕەتی بون زوتر و پێشتر و بەر لە ڕودانی، هاوشێوەی هۆڵدەرلین، یان نیچە هەستییان بە قڵپبونەوەیەکی سیاسی کۆمەڵایەتی (لە هاوشوناسبونەوە وەک چەقبەستنێکی مێژو) هێشتا هەستپێنەکراو لەکن ئەوانیترەوە کردوە. هەرواش قڵپبونەوەکە، بە ڕۆڵگێڕانی خۆشییان تێیدا ڕویداوە. وەکچۆن هیگڵ پێیوایە ئەویندار ئاگای لە تێپەڕینی
کاتە، ئەم ئاگالێبونەش ئاگاداربونە لە چۆن تێپەڕینیش. دواجار ئەم چۆنییەتی
تێپەڕینە ئەگەر و هەڵبژاردنی تێدایە، هەتا بە چ جۆرێک و لایەکدا، کە پەیوەستە بە بونییەوە (حەتمییەت) تێپەڕێ وەک
هەڵوێست وەرگرتن و ڕۆڵ تێدا بینینی مرۆڤ.
لەسەر ئەم بنەمایەیە بەم جۆرە
مرۆڤە ڕۆڵگێڕە ئەویندار و بە شکۆیانە وەک بزوێنەری گۆڕانکاری و گەورەمرۆڤی زەمانی خۆی دەوترێت مرۆڤی باڵا. بەوەی لە بلیمەتی بەخوابونی وەک هەڵگرێکی چاکە و خراپە شێتبوە، بەو مانایەی
لە ئەویندا بە پێزانینی بە ناعەدالەتییەکی هەندەکی لەژیانی خۆیەوە، هەوڵێک بۆ ناڕەسەنکردن و لەشکۆخستن وەک هاوشوناسکردنی چاکبون (خاوەنئاکار) بە خراپبونەوە دەدرێ، لە کاردانەوەیدا لەبەر چارەڕەشبون بەم هاوشوناسبونە شێت و لە هاوسەنگی کەوتوە. کەچی دەستی لە
ئەوینەکەی، هەرچەندیش ناتوانێ لێی هەڵگرێ بونە ڕەسەنە چاکەکەی وەک خاوەندارێتییەک لەخۆی پێ بەستراوەتەوە هەڵنەگرتوە. وەکئەوەی بۆ گەیاندنی پەیام و ئامانجێک لە ژیان بە ئەرک سپێردرا بێت.
هیوا سەعید