بۆچی سالۆمی مێردی بە نیچە نەکرد؟
خۆشمدەوێ،
ئەوەیکە خوایەکەی (نەستی/دایکباوک/هەڵوەشاندنەوەی گرێی ئۆدیب) تەمێ دەکات.
ئەوانەی وەک ژن (فالۆس/ئەوەی نییەتی)
ژنییان خۆشدەوێ، پیاو (فالیک/ئەوەی هەیەتی/خەسێنەر) نین!
"نیچە"
من پیاوم، مێردم ناوێت.
"سالۆمی"
نیچە ئەو ژنەی هەڵگری زەکەری
دایکە بە بەچکەپڵنگ ناوی دەبا، کە سالۆمی یەکێک بوە لەوانە، بە ئاسانی پیاوی
مێگەلی منداڵ و باڵادەستییان بەسەردا دەکا، بەوەی دایکییان دەوێتەوە و ئەویش
دەزانێ چۆن (بە گەڕانەوەی بۆ ویژدانی ناخودئاگا) نەستییان بنوێنێتەوە.
بەڵام ئەوان (خەساوەکان) داخی
ئەو ژنە لەبەر ئاسان دەستبەسەرداکردن و نەخەسانی لە زێیەوە دانامرکێنن، چاوی لە
پیاوی ڕاستەقینەیە (مرۆڤی باڵا)، مرۆڤی باڵاش بەهۆی ئەخلاقە ناوەکییەکەی (مۆڕاڵ)
لە دەرەوەی هاوسەرگیریدا ناچێتە ژێر هیچ بارێکی تر، بەوەدا لێی دەبێ بە گرێی
دەرونی (دانەمرکانی زێی) و دەکەوێتە ململانێی، بۆ بچوککردنەوە و یەکسانکردنەوەی بە
ئەوانی دیکەی خەساو (مێگەلییەکان)، کەچی هیچ کات ئەم هەوڵەی سەرناگرێت، لەبەرئەوەی
مرۆڤ بە کوشتنی باوک و بەزاندنی دایک (دایکی ئۆدیبی/سۆز) دەبێتە باڵا، واتا ئەو
مرۆڤە بچوک و خەساوەی چێژ لە ژێردەستەیی (مازۆخیزم) و پێویستی بە دایکێکە
(هاوشێوەی باوک/ئەویتری گەورە) سۆزی پێبدا و بیخەسێنێ تێپەڕاندوە، خۆی کردۆتەوە بە
خاوەنی خۆیی و بۆخۆی ئەم باوکە خەسێنەر و ئەویتری گەورەیەی خۆیەتی (ئەویتری گەورە،
ئەویتری گەورەی نییە. لاکان)، چونکە مرۆڤی باڵا بەم هۆیەوە باڵایە.
لێرەوەیە نیچە لە زانستی
شاددا دەڵێ: "خۆشەویستی لە ڕوانگەی ژن (مێ/خەساو) و پیاو (نێر/خەسێنەر)
جیاوازە". لەم جیاوازییەش مەبەستی لە خاوەندارییەتی (هاوسەرگیری/بون بە
شەڕەف) و باڵادەستکردنی خەسێنەر(نێر)ە بەسەر خەساو(مێ)دا.
کەواتە ئەو ململانێیە
دەرونییە نەبڕاوەی (عەشق) لە نێوانی بەچکەپڵنگ و مرۆڤی باڵا و هیچیش بە ئامانجەکەی
ناگا، لە ترسی ئەوەیە بەچکەپڵنگەکە ددان بەو تێگەیشتنە نیچەییەدا بنێ و پێی ببێتە
قوربانی، وەکچۆن ژیل دۆلوز (لە ساردی و دڵڕەقی) لە شیکردنەوەی بەرهەمەکانی مازۆخدا
نمونەی ژنە کەڵەگەتە خەسێنەرەکە دێنێتەوە، ئەوکاتەی پیاوە مازۆخیستەکەی یەکەم
دەخەسێنێ، بە پەیدابونی پیاوی دوەم (Realman/پیاوی ڕاستەقینە) سڵ دەکاتەوە، نەوەکو ژنەکە
بۆخۆیشی لە بەرانبەر ئەم پیاوە ڕاستەقینەیەدا (باوک) یەکسان ببێتەوە بە هەمان ئەو
ژێردەست و خەساوانەی (مازۆخیست/مێبون) لە بەردەم خۆیدا، بە باڵادەستی دایکانە
(دایکی زارەکی/خاوەن زەکەری ئایدیالی) هەست بە بچوکی و چێژ لە سوکایەتییەکانی
دەبینن.
لەسەر ئەو بنەمایەیە کاتێک
نیچە داوا لە سالۆمی دەکا هاوسەرگیری بکەین (بەخاوەنکردن/لەقەفەسنانی بەچکەپڵنگ) و
سالۆمیش پێی دەڵێت: "با تەنیا بە هاوڕێی یەکتری بمێنینەوە". دواجار بەم
وەڵام و سڵکردنەوەیە لە بەخاوەنبون و بونی بە شەڕەفی ئەویتر، بۆخۆی هاوشێوە
دەبێتەوە بە پیاوێکی خەسێنەری خاوەندار، لەپێناو ئەوەی لە پێکەوەبوندا مرۆڤبون و
ژنبونە نێرانە و باڵادەستەکەی (خاوەنی ویستی هێز/فالیک/ئەوەی هەیەتی) بەشێوەیەکی توندوتیژ
(سادیست/چێژکردن لە ئازاردان) بەسەر ئەوانیترە شل و نەرمە خەساوەکان (چێژکردن لە
ئازار و سوکایەتی) ئەزمون بکات.
هیوا سەعید