چۆن ڕاستەقینە بونی نییە؟

سەروترین خراپە بە سەروترین چاکە بەستراوەتەوە. بەڵام ئافرێنەری خۆی هەر ئەمەیە.

بە هۆی گۆڕانکارییەوە ئەمەیان دەبێ بە ئەویتریان.

ڕاستەقینە بونی نییە، تەفسیر هەیە.

لە بنەڕەتدا لۆژیک حەزێکی ترە. 

                            "نیچە"

لە سەرەتادا هۆشی مرۆڤ لە قۆناغی نەستەکی (تێز/وشتری ملکەچ) دایە، بە مانای بە بیرۆکە پیرۆزە باوەکان وەک سەرکوتکردنێکی هەست و خۆچەپاندنێک بەڕێوە دەچێت. کەچی بەهۆی داواکراوەکانی ئارەزو درک بە دوڕویی خۆیی و پەرێشانی (هەستکردن بە چەوسانەوە) وەک نامۆبونێک دەکات، بۆیە لێرەدا هەتا لەم سەرکوتی و دوڕوییەی ڕزگاری ببێ دوچاری دابڕانی مەعریفی دەبێتەوە، بە تێگەیشتنی نوێ بەهایە کۆن و پیرۆزەکان تەفسیر و پێناسە دەکاتەوە، دواجار لە قۆناغی نەستەکیبونەکەی دەبێ بە هەستەکی (ئەنتی تێز/شێر)، بە مانای هەستی (ئێستای) دەبێ بە دژەتێزی تێگەشتنە باوەکانی نەستی (تێز/ڕابردو) وەک چەپاندنەوەیەکی تر.

بەڵام چونکە سەرەڕای دابڕانە مەعریفییەکانیش هێشتا ئەو تێگەیشتنانەی دەکەوێتە نائاگایی و نەستەوە نامرن، بەوەی نەست بێئاگاییە لەخۆی، ئەوە هەستە بە ئاگایە لە دابڕانەکەی، کەواتە قۆناغی هەستەکیبونیش (شێر) هەرچەند هەڵگری تێگەیشتن و زانینی تازە بێ، ئەوە مەعریفە باو و چەپێنراوەکان (نامۆکراوەکان) بەم دابڕانەی بە زیندویی دەمێننەوە لە نەستدا. ئەوەش لە قۆناغێکی تر لە تێکهەڵکێشبونەوەی پێچەوانەکان(سێنتێز/منداڵبونەوە)دا ئەوکاتەی نەست (وشتری ملکەچ) لە نامۆییەکەی بەرانبەر هەست (شێر) دەکەوێ و لەگەڵیدا بە جیاوازییەوە تێکهەڵکێش دەبێ، پێی دەزانرێت.

کاتێکیش قۆناغی سێنتێز تێگە جیاواز و ناکۆکەکان(کۆن و نوێ)ی نەست (تێز/وشتری ملکەچ) و هەست (ئەنتی تێز/شێر) تێکهەڵدەکێشێت، هۆش لەم قۆناغەدا بە پێداچونەوە بۆ دنیابینییە باو و کۆنەکانی سەرەتای، دەتوانێ دەرونی لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی نەستەکی بەرهەم بێنێ وەک وشترێکی ملکەچ (سادۆمازۆخی ناوەکی خەساو)، بە هەمان شێوە بە هاتنەوەی بۆ ناو دنیابینی دابڕاو لێی و هەستەکییە ناباوەکانیش (شێر) دەرونێکی تر (سادۆمازۆخی ناوەک(توندوتیژی خۆئازاردەر)ی خەسێنەر)، واتا جوڵەیەک و دەربڕینێکی دیکەی پێچەوانە لە خۆیدا بەرهەم بێنێتەوە.

لێرەدا وەڵامی ئەو پرسیارەی چۆن ڕاستەقینە بونی نییە؟ ئەوەیە دەکرێ مرۆڤێک بە ویستی(هۆشی) خۆی جوڵەکان و دەربڕینەکانی (جۆری کەسایەتییەکەی) لەسەر بنەمای لێکدانەوەکانی (تەفسیرکردنەکانی لەبارەی ڕاستەقینەبونەوە) دیاری بکات، بەو مانایەی مرۆڤێکی کۆنەپارێزی نەستەکی (لاواز/سۆزەکی)، یان نوێگەرێکی ئێستایی (هەستەکی/هۆشەکی/شکۆ) وەک دو دەرون و کەسایەتی (لۆژیک/حەز) دژ بە یەکتر ئەزمونی چۆنییەتی لێکدانەوە و دنیابینییەکانی نەست(ڕابردو/تێز) و هەست(ئێستایی/ئەنتی تێز)یان بکەن، لە کۆتایی جوڵە و دەربڕینی تایبەت بەخۆیانی لێ دەکەوێتەوە. لەکاتێکدا هیچییان ڕاستەقینە نین، هەردوک لۆژیکن وەک حەزێک، بۆ خۆهاوسەنگکردن.


هیوا سەعید

Popular Posts