گەڕانەوەی هەمیشەیی
لەش عەقڵێکی مەزنە.
لەشی ساغ، لەشی تەواو ڕێک و پێک، پاکتر و دروستتر قسە دەکا: باسەکەی لەمەڕ مانای زەوییە.
ئەوەی مرۆڤی باڵای پێ دروست
دەبێ توندی هەستە باڵاکان نییە، بەردەوامییەتی.
"نیچە"
فەلسەفەی نیچە لە پێنج بنەمای
سەرەکی پێکدێت:
١-
کوشتنی خوا: بە مانای کوشتنی سۆز (دایکباوک) و هەڵوەشاندنەوەی گرێی ئۆدیب.
٢-
تێکشکاندنی بەها پیرۆزەکان: ئەو بەهایانە دەگرێتەوە لەکن زۆرینەی مێگەلەوە پیرۆزە.
٣-
ویستی هێز: بەهۆی فەلسەفەکەی نیچە تاکگەرایی و دژەمیتافیزیکە، بۆیە بەرجەستەکردنی ئەم
هێزە بە هێزی لەشە، ئەگەر لەش چالاک نەبێ، ئەوە مرۆڤ
ناتوانێ بۆ بەرهەمهێنانی دەرون(جوڵە و دەربڕین)ی درێژە بە هەمیشە
کوشتنەوەی خوا (خەساندنی سۆز/ڕابردو) بدات. لەسەر ئەو بنەمایەی بەم جۆرە بە کوشتنی
خوا، تێکشکاندنی بەهایە پیرۆزەکان، بون بە خاوەنی ویستی هێز مرۆڤێکی پێچەوانەی مرۆڤە
مێگەلییەکە، ئەویش باڵایە لەدایک دەبێت.
٤-
مرۆڤی باڵا: مرۆڤی باڵای نیچەیی ناعاریفانەیی ئەو مرۆڤەیە بکوژی خوایە
(سۆز)، تێکشکێنەری بەها پیرۆزەکانە، خاوەنی ویستی هێزە. بەو مانایەی لەبری
سادۆمازۆخییەکی ناوەک(توندوتیژی خۆئازاردەر)ی خەساو بە ئاگایی هەستی (ئێستا/شێر) لەبەردەم خوای نەستدا بە خەسان بدا، سادۆمازۆخییەکی
ناوەکی خەسێنەرە، بە هەست نەستی (وشتری ملکەچ) دەخەسێنێت. بەوەدا هۆشی پێ دەکەوێتە
پانتایی ئایدیاکان، بۆ قڵپکردنەوەی بەهاباوەکان و دروستکردنی بەهای نوێ.
بەڵام لەبەرئەوەی مرۆڤی
مێگەلی نەستەکی (وشتری ملکەچ/تێز) پاش دابڕانی مەعریفی و بونی بە مرۆڤی باڵاش هێشتا لە
قۆناغی دژەمێگەل (شێر/ئەنتی تێز) دایە، ئەوەیە لە گەیشتنی بە تێکهەڵکێشی هەردوکییان پێکەوە (منداڵبونەوە/سێنتێز) و تەواوبونی ماوەی دابڕانە مەعریفییەکەی، وەکئەوەی بگاتە ئەو ڕاستەقینەیەی هیچ ڕاستەقینەیەک بونی نییە، ئەوەندەیە یەکەمییان ڕۆڵگێڕێکی بێئاگایە لە ڕۆڵگێڕانەکەیی و دوەمییان لێی بەئاگایە، کە
لەدواتردا ئەویش لە قۆناغی تێکهەڵکێشبونەوەی پێچەوانەکاندا لەخۆی بەئاگادێتەوە ڕۆڵگێڕێکی
دیکەیە پێی نەزانیوە!
لێرەدا لەگەڵ پێزانینیدا گاڵتەی بەخۆیی و بە مرۆڤە
مێگەلییەکەش دێ وەک لەناوچونی هەردو کەسایەتییەکان و گشت ڕاستەقینەبونێک، بەوەی ئەوانە لۆژیک و کەسایەتی (دەرون) جیاوازن، مرۆڤەکان بۆ ڕۆڵگێڕان و چۆنییەتی خۆهاوسەنگکردن (لەبەر حەز و ئارەزوییان) دەچن یان دەخزێنرێنە ناوییان. لەکاتێکدا ژیانیش تراژیدیایە،
بەم شێوەیە گەیشتن بە تێکهەڵکێشبونی پێچەوانەکان (دو کەسایەتیبون لەناو یەکدا پێکەوە) وەک گەیشتن بە یەقینێک، دەبێتە شێتبونێکی تەواوەتی و
منداڵبونەوەی گەورەیەک وەک خەسانێک لە بەرانبەر ژیاندا.
٥-
گەڕانەوەی هەمیشەیی: لێرەوەیە گەڕانەوەی هەمیشەیی دەبێ بە پشتێنەیەک بۆ پاراستنی
مرۆڤی باڵا، بە گەڕانەوە هەمیشەییەکەی لە قۆناغی منداڵبونەوە (سێنتێز) بۆ قۆناغی شێرەکەی پێشتری (ئەنتی تێز) دەگەڕێتەوە، بۆ
ئەوەی هاوشێوەی مرۆڤێکی مێگەلئاسا (سۆزەکی/خەساو) نەخەسێ و بە ڕوی ژیانەکەی، کە خەسێنەرێکی تراژیدییە بوەستێتەوە وەک
ڕوبەڕوبونەوەی دو خەسێنەری هاوشانی یەک، لەپێناو ژیانێکی یەکسان بە ڕاستەقینەیی تراژیدیای ژیان و مردنێکی بە بەها(لە چۆکنەدانییەوە)ی جواندا.
هیوا سەعید