لە نێوان هەقیقەت و گاڵتەجاڕیدا
ئەوکاتەی
مرۆڤ بە هەردو دەرونی نیچەیی (هۆشەکی/ سادیستی/شێر) و عیسایی (سۆزەکی/ مازۆخی/وشتری ملکەچ)، دواجار
بە چۆنییەتی بەرهەمهاتنەوەی دو ئەخلاقە جیاوازەکەیان دەزانێت، بۆخۆی وەک
ئاشکراکەرێک دەبێتە گاڵتەجاڕێک بە هەقیقەت، وەکئەوەی هیچ هەقیقەتێک بونی نەبێت.
بە مانای ئەم
گاڵتەجاڕییە لە ئاشکرابونی هەقیقەتێکەوەیە لە گاڵتەیەک هیچی تر نییە، ئەوەش تەنیا
ئاشکراکردنی هەقیقەتی مرۆڤە و گاڵتەهاتنیشە بە خودی مرۆڤ، نەک بە هەقیقەتی ژیان.
بە پێچەوانەوە لەبەرئەوەی ژیان تراژیدیایە، لێرەدا گاڵتەجاڕبونەکەی بەرهەمی
تراژیدیاکەیە، واتا مرۆڤ گاڵتەپێکەر نییە، بەڵکو گاڵتەپێکراوە.
ئەوەیە فریدریک نیچە
بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم گاڵتەپێکرانە ڕێگایەکی تراژیدی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ژیانێک
هەڵدەبژێرێ تراژیدیایە، بەو مانایەی بە تراژیدیا لە بەردەم تراژیدیادا
دەوەستێتەوە، بۆ ئەوەی لە ئەنجامدا لەبری گاڵتەیەکی لێ بکەوێتەوە، یەکسان ببێتەوە
بە هەقیقەتی ژیانەکە و تراژیدیای لێ بەرهەم بێت.
کەواتە مرۆڤێک ئەو
بوێرییەی نەبێ بەشوێن هەقیقەتێکی جیاوازتر لە سەرەوەی دەسەڵاتدا بگەڕێ، هەمیشە ئەو
هەقیقەتە بەرهەم بێنێتەوە دەسەڵات بەرهەمی هێناوە، جگە لەوەی ئەم ترسنۆکییەی
ترسێکە لەبەر گیانپارێزی، جگە لەوەش ئەم ساختەبونەی هەڵبژاردنێکی
بەرژەوەندخوازانەیە لەپێناو ژیانکردن، گاڵتەجاڕێکیشە بە ئەوانیتر وەک تۆڵەیەک لە
شکۆداماڵڕاوەکەی خۆیی و یەکسانکردنەوەی ئەوانیتریش بەخۆی.
لە بەرانبەردا ئەو
مرۆڤەی پێیوایە زیاتر لە یەک هەقیقەت هەیە و لەسەرەوەی دەسەڵاتیش لە هەقیقەتی تر
دەگەڕێ، سەرەڕای ئەم گەڕانە ئازایەتییە وەک دژێک بەڕوی تاکە هەقیقەتەکەی دەسەڵات،
هەروەها ساختەنەژیان و لەبەرچاونەگرتنی بەرژەوەندییەکی تایبەتە، گاڵتەنەهاتنیشە بە
ئەوانی دیکە، چونکە لە سەرەتاوە ڕێی نەداوە دەسەڵات شکۆی لێ بستێنێت، هەتا
بەشێوەیەکی بەرژەوەندخوازانەی تایبەتانە هەوڵی تۆڵە بداتەوە. بۆیە لە گەڕانیدا بۆ
هەقیقەتی تر و دژوەستانەوەی دەسەڵاتدا، ئامانجییەتی شکۆ بۆ لە شکۆخراوەکان
بگەڕێنێتەوە، سەرئەنجام بە گەڕانەوەی شکۆی ئەوان و یەکسانبونەوەیان بەخۆی، دەبێ بە
تۆڵەیەکیش لە دەسەڵاتێک مرۆڤەکان بەرەو ترسنۆکی و ساختەیی و گاڵتەجاڕی (ژیانکردنی
بە ناچاری) پاڵ بنێت.
لێرەوەیە ئەو فۆرمەی
لە پانتایی خەیاڵی گاڵتەجاڕە ئەوە نییە بە بەرجەستەبون ببێ بە کۆمیدیایەک، لە
بنچینەدا ئامانج و فۆرمی خەیاڵی گاڵتەجاڕ لێدانێکی بکوژانەیە بۆ لە شکۆخستن و
یەکسانبونەوەی لە شکۆخستنەکە بە هەمان تراژیدیاکەی خۆی لە پانتایی واقیعدا، بەڵام
لە ترسان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی ناوێرێت، لەسەر ئەو بنەمایەی مرۆڤ
نامۆیانە لە شکۆ دابماڵرێ و ببێ بە گاڵتەجاڕێک، ئەم لێدانە بکوژانەیەی وەکو
بەدەستهێنانەوەیەکی شکۆکەی دەبێ بە تۆڵەیەکی ئازادیخوازانە.
هیوا سەعید