هونەری شۆککردن (لەپڕڕودان) لە ڕۆماندا

من دەرونناسم، لە دۆستۆیفسکی فێربوم.
"نیچە"

ئازار تاقانە هۆکاری بەئاگاهاتنەوەیە.
"دۆستۆیفسکی"



یەکێک لە تەکنیکە سەرەکییەکانی ڕۆماننوسە گەورەکان لەپڕڕودان و شۆککردنی خوێنەرە، هەرچی خوێنەر لە گێرانەوەکاندا چاوەڕێیە پێچەوانەکەی (ئەوەی چەپێنراوە) ڕودەدات. ئەوە تایبەتمەندی ڕۆماننوسی گەورەیە، لەبەرئەوەی بەم هۆیەوەیە ڕۆماننوس بە خوا دادەنرێت، لە ڕوی مەعریفییەوە گەیشتوە بە یەکێتی بونی خۆی لەگەڵ خۆیدا، ئاگاییەکەی یەکسان بۆتەوە بە خوایەتی، بەوە دەزانێ چۆن بە گەڕانەوەی بۆ ویژدانی ناخودئاگا ناوەوەی مرۆڤەکان ئاشکرا بکا، لە دواتریش بە کارەکتەر لە ڕۆماندا دروستییان بکاتەوە.

وەکچۆن دۆستۆیفسکی لە ڕۆمانی تاوان و سزا، دوای خوێندنەوەی چەندین لاپەڕە لەبارەی ژیانە نالەبارەکەی دایک و خوشکەکەی ڕاسکۆڵنیکۆف، هەستی خوێنەر بەرەو ئەو لایەنە سۆزەکییە دەبا، ئاوات بەوە بخوازێ بەڵکو لە لاپەڕەکانی داهاتودا (بەم شێوەیە لە چاوەڕوانی هێشتنەوە خوێنەر ڕادەکێشێ)، ئەم دایک و کچە لەدەست هەژارییەکەیان ڕزگارییان ببێت. دواجار سەرەڕای هەرواش دەکا، دەرونە سۆزەکی و کەوتوەکەی خوێنەر یەکسان بە دەرونی دایکەکە و کچەکە (هاوشێوەی بەردەکەی سیزیف هەتا نزیک لوتکە) بەوە بەرز دەکاتەوە، پێیوایە نزیکە چاوەڕوانییەکەی پڕبێتەوە، کەچی جارێکی تر بۆ سۆزەکیبونەکەی سەرەتا خلۆر و بە کەوتنی دەداتەوە، لەپێناو بەئاگاهێنانەوەی بە ئازاردان، وەک لە دواتردا ئەوکاتەی دایکی نامە بۆ ڕاسکۆڵنیکۆف دەنێرێت، هەواڵی داخوازی خوشکەکەی لەلایەن پیاوێکی دەوڵەمەندەوە پێدەدا، خوێنەر بەم هەواڵە دڵخۆش و بەڵام کاتێک ڕاسکۆڵنیکۆف ناڕازییە بەم جۆرە خوازبێنیکەرە، لەسەر ئەو بنەمایەی پیاوێکی پارەدار چ کاری بە کچە هەژارێکە، ئەگەر بۆ تاقیکردنەوەی گشت ئارەزوە گورگانییەکانی نەبێ بەسەریدا! بەوەدا بەم بۆچۆنەی ڕاسکۆڵنیکۆف (هەرچەند خوێنەریش لە ڕوی ئاگاییەوە ڕازی دەبێت)، چاوەڕوانیکردنەکەی پڕ ناکاتەوە وەک دوچار بە لەپڕڕودانێک و شۆککردنێک.

لێرەدا ئەم شۆککردن و پێچەوانە کردنەوەیە ئەویترێکە (ئۆبێکت) بە نواندنەوەی نەستەوە سەرهەڵدەدا*، چونکە کارەکتەری ئەو پیاوە دەوڵەمەندەی بە بۆچۆنی ڕاسکۆڵنیکۆف (لە داخوازی بۆ هاوسەرگیری خوشکەکەی) دەیەوێ ئارەزوەکانی بەسەر کچە هەژارێکدا لە پانتایی واقیع بسەپێنێت، یەکسانە بە ویستی خودی ڕاسکۆڵنیکۆف لە پانتایی خەیاڵدا و ئەویش هەمان ڕۆڵی باڵادەستی (بەڵکو لەبری لایەنی شەهوەت سۆزی پێ تێر بخوا) بەسەر سۆنیا و خێزانە هەژارەکەیان دەگێڕێت. کەواتە ویستی پیاوە دەوڵەمەندەکە لە واقیعدا ویستی ڕاسکۆڵنیکۆفیش لە خەیاڵدا دەنوێنێتەوە، ئەوەش ئەم شۆک و نواندنەوەی نەستە بە زیندوبونەوەی گرێی ئۆدیب لە قۆناغی تێکهەڵکێشدا دەزانرێت، دو پێچەوانەی دژبەیەک هاوشوناس و وەکیەکییان لێدێتەوە وەکو گاڵتەجاڕییەک و لەناوچونی ڕاستەقینە لە نێوانییاندا.

بەوەی ڕاسکۆڵنیکۆف مرۆڤێکی یاخییە لە نەریتی باو، لەبەر هەستکردن بە چەوسانەوە و نادادگەری ڕوبەڕوی خوا وەستاوەتەوە، بە مانای بۆتە سادۆمازۆخییەکی ناوەکی خەسێنەر و شەیتانێکی نورانی (نیهیلیستی پۆزەتیڤ/خاوەن مۆڕاڵ)، بە ویستی هێز لە پانتایی خەیاڵیدا خوای کوشتوە (سۆز/دایکباوک/نەست) و گرێی ئۆدیبی هەڵوەشاندۆتەوە و تەواوی ئەویتری خستۆتە ناو نەبونی خۆیەوە. لە ئەنجامدا بەم باڵادەستبونە ناوەکییەی (دەستبەسەرداگرتنی سۆز) هیچ ئەویترێک نەماوە لە خوار خۆیدا (وەکئەوەی بوبێتەوە بە خوا، بە خوایەکی دادگەر و یارمەتیدەری کەوتوان) نەبینێت.

لێرەوەیە بەم توندوتیژییە خۆئازاردەر و خۆخواردنەوەیە (سادۆمازۆخی ناوەکی) بوە بە خاوەنی مۆڕاڵ و ڕۆڵی ئەو بە گورگبونەی دەوڵەمەندەکە مەبەستییەتی بەسەر لەشی کچە هەژارێک بیبینێت، ڕاسکۆڵنیکۆف لە ناوەوە بە تابوبەزاندن (کوشتنی خوا/بازدان بەسەر هیستریا) بە گورگبونەکەی ئەزمونکردوە، بۆ تێرکردنی لایەنی سۆزیش سۆزی بۆ هەژارێکی دەرونکەوتوی وەک سۆنیا و خێزانەکەی دەجوڵێت و بە واقیعی نیازی چاکەکردنی لە بەرانبەرییاندا پیشان دەدات.


ئەوەیە ڕودانی ئەم شۆکە پەیوەستە بە نواندنەوەی نەست و گرێی ئۆدیبەوە، کە ڕاسکۆڵنیکۆف ئەو ئارەزوەی بە دابڕانە مەعریفییەکەی (خۆناسین/هەڵوەشاندنەوەی گرێی ئۆدیب) لەناوخۆی پێی زانیوە، بە خۆچەپاندن و هێشتنەوەی لە پانتایی خەیاڵدا لێناگەڕێ بەرجەستە ببێ (بۆ ڕامکردنی دڕندەیی/بە مرۆڤبون/بەشارستانیبون)، لە ئەویشدا لە پیاوە دەوڵەمەندەکە دەیناسێتەوە و لێی دەبێ بە ڕێگر لە بەرجەستەکردنیدا. بەو مانایەی ڕازینەبونی ڕاسکۆڵنیکۆف بە داخوازیکەرە دەوڵەمەندەکەی خوشکە هەژارەکەی وەک ئەویترێکی دەرەکی و شۆکێک (لەکاتێکدا هەستی خوێنەر ڕاکێشراوە چاوەڕێیە لە هەژارییەکەی ڕزگاری ببێ) بۆ نواندنەوەی نەستی دەگەڕێتەوە، بۆ پێکدادانی لە دژی هەستدا.

بۆیە ڕۆماننوسی نابازاڕی پێویستی بەم خۆناسین و ئەویترناسین و بەخوابونە هەیە لە دروستکردنی کارەکتەر و بەرز و نزمکردنەوەی (لێکدابڕاندنی هەست و نەست/شۆک) دەرونی خوێنەردا، بۆ بەئاگاهێنانەوەی، هەروەها دور لە پڕکەرەوەی چاوەڕوانییەکانی وەک داهێنەر و جیاوازێک، واتا سەرەڕای بەرهەمەکەی هەڵگری مەعریفەیەک بێ، دەبێ تەکنیکیش (نواندنەوەی نەست/شۆک/چێژ) بێت. بەوەدا جگە لە مەعریفە و چێژ داهێنەرەکەی پێ جیاواز (باڵا) دەبێتەوە وەک هونەرمەندێکی فەلسەفەکار.

                                                
                                                            

* ئەوە هۆکارە هەمیشە خوێنەرەکانییان وەک دابڕاوێکی مەعریفی (ئەنتی تێز) خۆیان لە کارەکتەرەکانی نمونەی ڕاسکۆڵنیکۆف و گریگۆر سامسا و میرسۆ دەبیننەوە و لەبیرییان ناکەن، ئەوانە نەستییان دەنوێننەوە، شۆکبونەکانیش لە هێشتا نەگەیشتنەوەیە بە قۆناغی سێنتێز و یەکساننەبونەوەیان بە دروستکەری کارەکتەرەکان بە ڕۆماننوسەکان.


هیوا سەعید

Popular Posts