دەسەڵات وەک نەخۆشخەرێکی تەندروست
لەپێناو ناسیندا هیچ قوربانییەک ئەوەندە گەورە نییە.
مرۆڤ نەخۆش بێ کارێکی بەسودە، هیچ گومان لەوەدا نییە، بەڵکو بەسودترە لەوەی تەندروستی باش بێت. ئەوانەی ئێمەیان نەخۆشخستوە، ئەمڕۆ ئێمە بە پێویستتریان دەزانین لەو کۆمەڵە تیمارکەر و ڕزگارکەرانە.
لەنێو سروشتی دڕندانەیدا، مرۆڤ باشتر دەحەسێتەوە لەوەی لە سروشتی شێواویدا، لە پێکهاتەی ئەقڵیدا.
زیاتر لە تەندروستییە باشەکەم قەرزاری نەخۆشییەکەمم.
سوپاس بۆ شێتی. "نیچە"
دەسەڵاتدار هاوشێوەی
داگیرکەرێک بەهۆی دەسبەسەرداگرتنەوە خۆی لە ئەویتر دابڕاندوە، واتا بە غەریب(نامۆ)کردنی
ئەویترەوە خۆیشی غەریبخستوە. غەریبیش لەناوخۆیدا هەست بە گومان (بێمتمانەیی) و مەترسی
دەکات، بە مانای سەرپێچیکەرانە لەناو میتافیزیکی گوماندا دەژی لە درز و لە
پڕ ڕودانێک، بەوەی دەستبەسەرداگیراو وەکو خوایەکی نەکوژراو لە نەستی دەسەڵاتداردا
چاودێرێکە بەسەرییەوە، لێرەوەیە دەسەڵاتداریش بە دەرونێکی نائارام و شڵەژاو تەواوی
ئەوەی دەکەوێتە دەرەوەی بە سیمبول و ئاماژەیەک دەیبینێ، دواجار لەپێناو
یەکسانبونەوەی بە بارکراوەکانی ناوەوەی (نەستی) شییاندەکاتەوە، بەڵکو هەمیشە
بگاتەوە بەو ڕاستەقینەبون(واقیع)ەی لە دۆخێکی مەترسیدار و دەورەدراو بە نەیارە.
لێرەدا سەرەڕای
بەرهەمهێنانەوەی گومانەکانی (بۆ دروستکردنی ڕاستەقینەبونێک/واقیعێک) بۆ خۆبەئاڕاستەبردن و
ئاڕاستەکردنی ئەویتردا، هیچ لەو ڕاستەقینەیەی لێک غەریببون و داگیرکارییەک لە
پانتایی واقیعدا ڕویداوە ناگۆڕێت، بەو هۆیەی داگیرکراوەکەشی بە هەمان شێوە لەخۆی
بەرهەمهێناوەتەوە.
بە مانای ئەوکاتەی
خاوەن دەسەڵات لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی ئایینیدا، یان ئایدیۆلۆژیایەکی سیاسی وەک
ستەمێک هەوڵی لە چوارچێوەدانی ئارەزوی هاوڵاتییە غەریبکراوەکانی داوە، پێی لە
چوارچێوە نەگیراوە (خوا چاودێرە نەکوژراوەکە = ئارەزوە زیندوەکە لە نەستدا)، لە
پانتایی خەیاڵ وەک ویستێکی بەرجەستەبون ماوەتەوە، بەم هەوڵەی ئەوەندەیە ئەوانی
سەرکوت و نەخۆش و دوڕو (کۆیلە) کردوە. ئەوەش هەرچەند شکستخواردنێکە بۆخۆی، بەڵام ئەم شکستە
لە نێوان سەپاندنە دەرەکی و داواکارییەکانی ئارەزودا دوکەرتبون و ناکۆکییەکی
ناوەکی سەرڕێخستوە، لە هەلێکی ڕەخساودا بەڕوی سەپاندنەکە خۆیدا بەتاڵ دەبێتەوە،
وەک یەکلابونەوەیەک.
بۆیە کاتێک نیچە لە
زانستی شاددا دەڵێت: "بەهێزبونێکی مرۆڤانە بەدی نایەت، لەگەڵیدا کۆیلایەتی بەرهەم
نەهێنێت". مەبەستی لەم پێوستییەی
بە کۆیلەکردن شۆککردنە، کە لە شێتییەکی سەرکوتکراوانە سەرچاوە دەگرێ، باز
بەسەر شێتییەکەی خۆیدا دەدا و جارێکی تر شێتبون و شۆککردنیش (لە بەهێزبونییەوە) بەرهەم دێنێتەوە. چونکە ئەو مرۆڤە بەهێزە(باڵایە)ی دۆخی لاوازی کۆیلەیی تێدەپەڕێنێ وەک سەرکێشییەک، سەرەتا بە نەخۆشکەوتنێک لە نامۆبونییەوە (لە ویستی بەزاندنی قەدەغەیەک و نەوێرانی بەرجەستەکردنی) دەست پێدەکا، لە دواتریش بە تێپەڕاندنی
کۆیلەییەکەی (دوڕوبونەکەی/نەخۆشییەکەی)، بە شێتکردن و شۆککردن (بە هەڵگەڕاندنەوەی دەسەڵاتی بەها جێگیر و باوە داگیرکەرەکان)وە وەک چاکبونەوە و دەرونساغییەک(بەهێزبونێک)ی تەندروست.
هیوا سەعید