منداڵێکی گەورە

تەماشای بکەن
بەڵام تکایە لە دور
تەماشای ئەو پیاوە گەورەی سەر لوتکەکە بکەن
ئەها لەو بەرزاییە
چ خەندەیەکی هێمنی لێ دەڕژێ
تەماشای بکەن و بیر لەوە بکەنەوە
ئەو ڕوە نەرم و
دڵە ئارامەی لە کوێ بەدەستهێناوە،
بیر لەوە بکەنەوە
چۆن ئەو حەزەی بۆ گوێگرتن لە موزیکی با،
بۆ سەما لەگەڵ درەخت و
ئەو هەمو خۆشەویستییەی بۆ ژیان هەیە.
ئەها!
پەنجەکانی چەند بە ناسکی هەڵدەبڕێ
ئەها بەتەنیا لەبەرخۆی قسە دەکات!
بیر لەوە بکەنەوە بەبێ زمان چ دەدوێنێت،
بە چی ئاوا منداڵ بۆتەوە!

تەماشای بکەن
هەروەکو تابلۆیەک، لە دورەوە
تەماشای ئەو پیاوە گەورەی سەر لوتکەکە بکەن
لە دورەوە پێی سەرسام بن،
لە دورەوە ئیرەیی پێ ببەن،
لە دورەوە ڕقتان لێی ببێتەوە،
تکایە تێکەڵی مەبن،
لێیگەڕێن با دانەبەزێتە ئاستی ئێوە،
با نەکەوێتە ناو هەرا و دەنگەدەنگ و ململانێکانتان
ئەوەی گورگ ڕام بکات، منداڵێکی ترسناکە
بڕواتان هەبێ لەو بەرزاییە بێتە خوارێ
وەک گورگ دەتانخوات.

تەماشای بکەن
هەروەکو تابلۆیەک، لە دورەوە
تەماشای ئەو پیاوە گەورەی سەر لوتکەکە بکەن
هیچ لێی نزیک مەکەونەوە
بڕواتان هەبێ ئەو خەندە هێمن و
ڕوەنەرم و دەستە ناسکەی
بە ڕامکردنی گورگێکی لە هەموان دڕتر دروستبوە
ئەو هەر لە دورەوە مرۆڤێکی جوانە
تکایە لێی مەچونە پێش، با گورگەکەی بەئاگا نێت.


هیوا سەعید

Popular Posts