سالۆمی
لێرە پیاوەتی کەمە: لەبەرئەوەیە ژنەکانییان خۆیان وەک پیاو لێ دەکەن.
"نیچە"
بە سۆزێکی نوێ نەبێ، سۆزی کۆن لانابرێت.
"دۆستۆیفسکی"
ڕۆیشتن هەتا ئەوپەڕی هونەری
خۆت، زیاتر لەوەیش بۆ کۆتایی بونی خۆت: ئەمە یاسای تاکێکە تەنانەت بە هێندەی
گەردێک خۆی بە هەڵبژاردە بزانێ.
"ئەمیل سێوران"
شەیتان دنیا بەڕێوە دەبات.
"شۆپنهاوەر"
لە دیمەنێکی زنجیرە درامای
فرۆیددا سالۆمی دەڵێ: "بە چاوی خوا تەماشای دڵی مرۆڤەکان دەکەم". بە
مانای دەگەڕێمەوە ویژدانی ناخودئاگای خۆم، لەوێوە بە ئارەزو و حەزی ئەوانیتریش
دەزانم. ڕونتر مەبەستەکەی ئەوانیتر گرێیان هەیە و حەزیش بەبێ حەزکردن لە بەزاندنی تابو و چونە ئەودیو بونی
نییە، خوایەتیش وەک سەرچاوەی هەردو دیوی چاکە و خراپە ئەم خۆناسین و
ئەویترناسینەیە.
لەبەرئەوەی لە عیرفانیدا بەهۆی
ئەم خۆناسینی ئەویترناسینەوە یەکسانبونەوەی مرۆڤ وەک هەندەکییەک بە خوا (هەمەکی) ڕودەدا، بەڵام
سالۆمی بۆ بەشداری ژیان لەم خواکەوتنە لەبری هاوشێوەی عاریفەکان هەستی (ئێستای) لە بەردەم نەستیدا (خوا/سۆز/ڕابردو)
بخەسێنێ، بە پێچەوانەوە بە ئاگاییەکەی نەستی دەخەسێنێت. بەم شێوەیە لە ژنبونێکی سۆزەکییانەی خەساوانە (ئەوەی نییەتی/زێ) دەگۆڕێ بۆ ژنێکی خەسێنەر (ئەوەی هەیەتی/هۆش/نێر) و خاوەن زەکەری ئایدیالی لە پانتایی
خەیاڵ و قیتکەش لە پانتایی واقیعدا.
لێرەوەیە بۆ تانەلێدانی دەڵێن
سالۆمی ژنێکی لادەرە، مێردی بەشێوەیەکی خاوەندارانە نەویستوە، یان هەمیشە
ویستوییەتی پیاوان لە ڕێ لابدات و سەردەمێک خۆشەویستی نیچە و پۆل ڕی و فرۆید
(ئێمەی پیاوان، بۆ دەستبەسەرداگرتنیان/بەخاوەنکردنییان ئەم جۆرە ژنانەمان خۆشدەوێت.
فرۆید) بوە، لە دواتریش سەرەڕای مێردکردنی بە ئەندەریاس، ئینجا پەیوەندییەکی دیکەی لەنێوان خۆیی
و ڕیڵکەی شاعیردا، کە چواردە ساڵ لە ڕیڵکە گەورەترە داناوە و مێردەکەی وەک مێردێکی
هەمیشەیی هەر بەناو مێرد بەکارهێناوە. تەواوی ئەم تێگەیشتن و بۆچونانەش لەبارەیەوە بۆ ئەو گرێی
نێرینەییەی دەگەڕێتەوە"١"، پەیوەستە بە کەوتنێکی دەرونی و لە ئەنجامدا هەڵسانەوە و کەسایەتییەکی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە.
لەبەرئەوەی کاتێک
ئەلێکتراش"٢" لە توڕەییان (بێزاری) پرچە درێژەکەی بە مۆدی پیاوانە
دەبڕێ، چێژکردنی لە ڕێی زێیەوە لەدەستداوە و قیتکەی شوێنی گرتۆتەوە، حەزیشی لە
سینگنەرمی مێیانەی گۆڕاوە بۆ هەبونی سینگێکی نێرانەی ڕەق (مەمک زەکەرە. فرۆید).
ئەوەش ڕوبەڕوبونەوەی عەشق و مەرگە، چونکە ئەلێکترا عاشقی باوکە کوژراوە
لەدەستچوەکەیەتی، لە کاردانەوەیدا بەم بەزاندن و پێچەوانەبونەوە، ئامانجی ئەوەیە
هەموان بە مێ (ئەوەی نییەتی) تەماشا بکا و بیانخەسێنێ. وەکئەوەی لەدوای پیاوبونی باوکیدا
(ئەویترە گەورەکەی) چیتر نابێ کەسیش ئەو پیاوە بێ جێی پڕ بکاتەوە. ئەگەرنا لەناو ئەو پوچگەراییەی بە کوژرانی
باوکی دوچاری هاتوە، ناتوانێ مانایەک بە ژیانە دۆزەخییە کەوتوەکەی ببەخشێ، وەکو لەدایکبونەوەیەکی تر بە چالاکی بژیت.
بۆیە لێرەدا سالۆمی بە
هەڵوەشاندنەوەی ئەم گرێ ئەلێکتراییە (تێپەڕاندنی دایکباوک/خۆتێپەڕکردن) یەکسان دەبێ بە کەسایەتی سیزیفی،
دواجار ئەویش پێویستە ژیانێکی چالاکانە بباتەسەر (بەو مانایەی ئەو بەردەی سیزیف هەردەم بۆ لوتکەی چیاکە بەسەری دەخا و
پێیناگا هۆشی خۆیەتی، گشت خلۆربونەوە و بەسەرخستنەوەیەکی هۆکاری پێزانینێکی تر و تاقیکردنەوەی دیکەیە وەک چالاکییەک)، لە هەمان کات لە ئەزمونی جەستەیی و پێکەوەییدا حەز بە سەرجێی خۆخاوەندارانە و خولیای منداڵکردنەوەی پیاوان و هەروەها عاشق بە ئەو کچە پرچ درێژ و
ناسک و نەرمانەی لە پانتایی واقیع نەستی دەنوێننەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی بە کوشتنی خوا (کوشتنی باوک) بازی بەسەر هیستریاکەیی و ترسی بەزاندنی
تابودا داوە و بۆخۆی بۆتەوە بە باوک (دابڕاوی مەعریفی/خاوەنی زەکەری دایک)، واتا ئەو
کچێنییەی لە نەستیدا هەوڵی تێپەڕکردنی دەدا، جارێکی تر ئەویشی دەوێتەوە. کەواتە ئەوە تەنیا بەو مانایە
نایێ لە سەرەتادا سالۆمیش ئەلێکتراییانە لە عاشقبونی بە ئەویتری گەورەی باوک بۆ توانەوە و سڕینەوەیەتی لەودا، بەوەی نیگەرانە هاوشێوەی دایکی بە ژن/زێی پێوەیە لەدایکبوە، بەڵکو ئەوان دەیانەوێ هەردوکییان باوکەکە و زێیەکە بن لەناوخۆیاندا وەک جیاوازێکی سادۆمازۆخی تێکەڵ لە حەزەکان و عاشقبونێک بە خود.
"١" گرێی نێرینە لە ژنان بە هۆمۆسێکسواڵیتەی ژنانە هەڵدەوەشێتەوە، فرۆید.
"٢" ئەلێکترا له ئەفسانەی یۆنانیدا کچی ئاگامهمنون پاشایه، ئەوکاتهی باوکی دهچێته
شهڕی تهڕواده کلمنسترای دایکی پهیوهندی خۆشهویستی لهگهڵ پیاوێکی تر دادهنێ،
له گهڕانهوهی مێردهکهیدا به پیلانێک، به خۆشهویستهکهی لەناوی دەبا و
هەردوکیان دهسهڵات دهگرنهدهست. له کاردانهوهی ئهم خیانهته له
باوکیان، ئهلێکترا و براکهی له دایکیان ههڵدهگهڕێنهوه، سزای ئهم ههڵگهڕانهوهیهش
به گیرانی ئهلێکترا و ههڵاتنی براکهی تەواو دەبێ. لە دواتردا هەرچەند ئهلێکترا
له زیندان ئازاد دەبێ، کەچی له یاخیبونهکهی بهردهوامه، وهک ناڕهزایهتییهک
له دایکی پرچی دهبڕێت، ئهمجاره سزاکهی قوڕستر و دهبێ بە نهفیکردن، له ماوهی
نهفیبونهکهیدا به یارمهتی برای پیلانێکی تر بۆ تۆڵەکردنەوە و کوشتنی
کلمنسترا و خۆشهویستهکهی دادەنێن، ههرواش دهکهن و ئهلێکترا بەدەستی خۆی
دایکی دهکوژێت.
هیوا سەعید