نیشتیمان

نيشتيمان چییە!
ئەو بازرگانە دزەیە
خۆراکی بەسەرچو دەفرۆشێ،
یان ئەو میوەفرۆشە فێڵبازەیە
تەرازوەکەی ناتەواوە،
یان ئەو نانەوا کەمتەرخەمەیە
نانی خاوم نەداتێ، سوتاوم دەداتێ؟

نیشتیمان چییە!
ئەو دراوسێیە بێباکەیە
لە ژورەکەم بمرم سەرێکم لێهەڵناکێشێ،
یان ئەو خزمە چەتەیە
کەسایەتی و
سامانم بە تاڵان تێدەگات؟

نیشتیمان چییە!
ئەو خاوەن خانوە چاوچنۆکەیە
لە نیوەی مانگەوە
تەنگی کرێیەکەم پێهەڵدەچنێ،
یان ئەو بەڕێوەبەرە بێهەستەیە
کاتژمێرێک لە کار دوابکەوم
گشت ڕۆژەکەم بە نەهاتو دەژمێرێ؟

نیشتیمان چییە!
ئەو سیاسییە درۆزنەیە
بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی پێشوی بەجێنەهێناوە
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە بەڵێنی دیکەم پێدەدا،
یان ئەو حیزبە خائینانەن
لە جەنگدا برایەکیان بە کوشت داوم
براکەی ترم دەنێرن بۆ مفاوەزات؟

کەس پێم نەڵێ نیشتیمان خاکێکی بە پیتە
کەس پێم نەڵێ نیشتیمان ماڵە
کەس پێم نەڵێ نیشتیمان ئاساییشە

خاکی بەبێ هاوڕێ غوربەتە
ماڵی بەبێ خۆشەویست وێرانەیە

نیشتیمان کام ئاساییشە؟
ئەو هەزار گوێیەی
گفتوگۆی من و هاوڕێیەکەم دەبیستێ،
یان ئەو هەزار چاوەی
تەماشای ماچی من و خۆشەویستەکەم دەکات!


هیوا سەعید

Popular Posts