پیاوبون لەنێوان ژن و دایکدا
ئەگەر چوییە کن ژنەکەت، قامچییەکەت لەبیر مەکە!
لێرە پیاوەتی کەمە: لەبەرئەوە ژنەکانییان خۆیان وەک پیاو لێ دەکەن. تەنیا ئەو کەسەی بە ڕادەی پێویست پیاوەتی هەیە، ژنایەتی لە ژندا ئازاد دەکات.
"نیچە"
کاتێک
کوڕ خوای پێ ناکوژرێ، واتا بە ویستی هێز توانای دەستبەسەرداگرتنی سۆزی دایکباوک و
هەڵوەشاندنەوەی گرێی ئۆدیبی نییە، ئەوە هەمیشە وەک منداڵێک دەمێنێتەوە. ئەوکاتەشی هاوسەرگیری پێکدێنێ (چونکە ئەو ئەویترە گەورەیەی لە پانتایی واقیع سێکسی
لەگەڵدا دەکا هەمان وێنای دایکەکەی منداڵی خۆیەتی بەشێوەیەکی سیمبولی و بە ئەویتری
بچوکی لە پانتایی خەیاڵیدا)، ئەوا ژنەهاوسەرەکەی بەهۆی مێردەمنداڵێکی ناباڵادەست هاوشێوەی ناباوکێک کە زێیە تێرنەبوەکەی
پێ نەخەسێنراوە، ئەم بۆشاییە دەکاتە بیانوی زوتر بینین و چاونەپۆشین لە خەوشەکانی
ژیانە هاوسەرییەکەیان، بەوەدا بۆخۆی دەبێ بە خەسێنەرەکە (دایکی زارەکی) بەسەر مێردەمنداڵەکەیدا.
لەکاتێکدا دایکە
یەکەمینەکەی کوڕەمێردەکە چاوی لەوەیە بە ڕێی کوڕەکەیەوە ژنەهاوسەرەکە بخەسێنێت، کەچی خەساو (ئەوەی نییەتی/زێ/سۆز/گەمژە) پاڵ بە ئەویتر بدا خەسێنەر(ئەوەی هەیەتی/نێر/هۆش)ی لێ بەرهەم دێت، بەو مانایەی
مێردەمنداڵەکە وەکچۆن لە منداڵیدا دایکی بەسەرخۆی بەرەو خەساندن پاڵداوە، جارێکی
تر بە گەورەیی دەرون(جوڵە و دەربڕین)ی ژنەهاوسەرەکەیشی وەک دایکەکەی بەرهەم هێناوەتەوە.
لێرەدا ئەم دژایەتییەی
ژنەهاوسەرەکەیی و دایکی بەو هۆیەوە ڕودەدا کامییان خاوەندارییەتی لە خەساوەکە (سۆزەکەی
ناوەوەیان/دەرونییان) بکەن، لەبەرئەوەی ژنەهاوسەرەکە بە باڵادەستیکردنەکەی سۆزی بۆ مێردەکەی
وەک منداڵێکی خۆی (دەرون بەزەیی بە ژێردەستەدا دێتەوە) پەیداکردوە، لە هەمان کاتیش
بۆتە گرفتی دەرونی بۆ دایکەکەی (سۆزەکەی ناوەوەی/کوڕەکەی)، بەوەی بە خەساندنی
مێردەکوڕە ژێردەستەکەی هەڕەشەیە بۆ ئەم دایکە سەرەکی و یەکەمینە (بە خستنە دۆخی
بەزەیی پێهاتنەوە) و ئاماژە بە خەساندن و ژێردەستەکردنی ئەویش سەرەڕای خاوەنی زەکەری ئایدیالییە (باڵادەست و خەسێنەری کوڕەکەی خۆیەتی) دەدات.
بە پێچەوانەوە ئەو
کوڕەی گرێ ئۆدیبەکەی هەڵدەوەشێنێتەوە و سۆزی دایکباوکی تێدەپەڕێنێ وەک کوشتنێکی
خوا، دەبێتەوە بە باوک (ئەوەی هەیەتی/مێردی دایک)، دواجار دەبێ بە باوک بەسەر ژنەهاوسەرەکەیشیدا، بۆیە لەم ناوەندە ژنەهاوسەرەکەشی وەک خەساو (دەرونکەوتو)ێکی لێدێ
بەرانبەر بە دایکەکەی، هاوشێوەی دایکێک (خاوەن زەکەری ئایدیالی/دایکی زارەکی) و کچێکی خەساو.
ئەگەرنا ژنەهاوسەرەکەیی و دایکی بەتەنیا دوژمنێکی یەکتر نین، بەڵکو لە ناوەڕۆکدا (ئەوانیش بە بۆنەی گرێی
ئەلێکتراوە) دۆستێک و حەزیشییان لە یەکترە، لەسەر ئەو بنەمایەی کوڕەمێردەکە وەک
پردێک دو خەسێنەری بەسەرخۆیدا جۆین و لێک بەستۆتەوە، ئەوەش بەرهەمهێنانی
هۆمۆسێکسواڵیتەی ناڕاستەوخۆی ژنانەی (گرێی نێرینەیی لە ژندا بە هۆمۆسێکسواڵیتەی
ژنانە کۆتایی دێ. فرۆید) لە نێوان ژنەهاوسەرەکەیی و دایکیدا لێدەکەوێتەوە.
هیوا سەعید