ئەفڵاتونیش شاعیرەکان بە سەرۆک دادەنێت
پشتم لە فەرماندەرەکان کرد چونکە دیتم ئەوەیکە نوکە فەرماندەری پێدەڵێن: چەنەلێدان و سەودایە لەسەر دەسەڵات - لەگەڵ بودەڵەکان!
هەرکەس نەتوانێ بە فەرمانی خۆی بکا، فەرمانی لەسەر دەدەن. وەهایە ڕەگەزی زیندوان.
من دەسگرەیەکم لە پەنا لافاو، ئەوەی توانای خۆپێهەڵواسینی هەیە، با خۆم پێهەڵواسێ! بەس دارشەقی بنهەنگڵی ئێوە نیم.
زەردەشت نابێتە شوان سەگی گەلە.
من پێشەنگی خۆمم لەناو ئەم خەڵکەدا.
"نیچە"
کاتێک
مرۆڤ بە تێگەیشتنێکی یاخییانە، کە یاخیبون لە هۆشیارییەوە نە دەیەوێ ببێتە پێشڕەو نە پاشڕەو، ئەم دو ڕەتکردنەوەیە لە توندوتیژبونێکی خۆئازاردەرانەی (سادۆمازۆخی ناوەکی) خەسێنەرانەیە وەکو ڕەتکردنەوەیەکی تەواوەتی ئەویتر، کەچی لێرەدا لەبەر ڕەتکردنەوەکەی مایەی جیاوازبونە و بە جیاوازبونەکەی جێی سەرسامی و نامۆییە، ئەوە دەبێتەوە بە دەستبەسەرداگرتنەوەی ئەویتریش (نەست/ئۆبێکت) وەک باڵادەستێک بەسەرخۆی.
لەبەرئەوەی مرۆڤی یاخی خاوەن ئاکار (مۆڕاڵ) و پابەندییەکی ناوەکی لە خۆیەوە بۆخۆیەوەی (بە پێچەوانەی ئیتیک/ڕەوشتی کڵێشەیی لە ئەویتری دەرەوە) هەیە*، لە دۆخی ئەم باڵادەستییەی بەسەر خۆیی و خۆبەخۆ وەک ژێردەستبون(نامۆکردن)ەکەی ئەویتریشدا، ئەویتر بەئاگا دێنێتەوە، ئەویش وەکو ئەم بە هەمان بەرهەمهاتنەوەی دەرونی (مرۆڤی یاخی/تاکگەرا) دەبێت بەخۆی. لێرەوەیە ئەم پێگەیاندن و بەئاگاهێنانەوەیە دەبێ بە متمانەیەک بۆ ژێردەستەبوەکە و جارێکی تر خۆویستانە نەک وەک خەڵەتێنراوێک، دەکەوێتەوە ژێر کاریگەری هۆشیارکەرەوە چاکەخوازە (بنیاتنەری خود) باڵادەستەکەی، ئەوەی بە دەرونبەرزە خانەدانەکەی (چاوتێر) چاوی لە ژێردەستەکردنی کەس نییە، حەزی لە پەیداکردنی هاوئاستی (جیاوازی) خۆیەتی وەک هاوڕێیەتییەک.
بۆیە مەعریفە
هەر دەسەڵات نییە، بەڵکو بە مۆڕاڵەوە متمانەش پەیدا دەکات. لەسەر بنەمای ئەم
تێگەیشتنە، مەعریفەی بە مۆڕاڵەوە دڵنیاترین پەناگەیە و ئەفڵاتون پێیوایە، دەبێ
ئەم شێوەیە لە مرۆڤ (چاکەخواز) کە چی بۆخۆی دەوێ بۆ ئەوانیتریش هەروا، ببێ بە سەرۆک. کەواتە پێویستە سەرۆکایەتی کردن بە ئاکارێکی مرۆڤی یاخی بە مانای بە گیانێکی ئاژاوەگێڕی نەک دیسپلینکەر بێت، هەتا لەلایەن
ئەوانی دیکەوە لەبری خۆسەپاندن، بە هەڵبژاردنی خۆیان پەسەندی بکەن. ئەوەیە لە
کۆمارەکەی، هەرچەند ئەم گیانە ئاژاوەگێڕ و (ڕەتکەرەوە و جیاواز) و شاعیرانەیە، بە هاوڵاتی دەردەکا،
کەچی بۆ سەرۆکی پێویستییەتی.
بەڵام لەبەرئەوەی ئەم جۆرە
شاعیربونە فەلسەفەکارانەیە، بەهۆی ئاکار و چۆنییەتی بەرهەمهاتنەوەی دەرونە (سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر)ەکەی بە تەنیا پێشڕەو(ئایدیال)ی لە پاشڕەوی خۆی دەکات. ئەوەش ویستنی تاکگەرایی و هاوئاستییە، سەرەڕای پلەی سەرۆکیشی پێ بدەی، هێشتا نایەوێ (بە ڕەتکردنەوە و جیاوازییەوە دەژی) ڕەتی
دەکاتەوە، واتا سەرۆکبونیش لە ئاستی خۆی بە نزمتر دەبینێت. وەکئەوەی
شاعیرە فەلسەفەکارەکان بە دنیابینییە چاکەخوازەکەیان (خانەدانی) هاوشێوەی چاکەی بەرز، داوای
جۆرێک بەخوابون بکەن! سەرئەنجام کۆمارەکەی
ئەفڵاتونیش دەبێ بە کۆمارێکی ئایدیالی و لە واقیعدا دروست
نابێت.
*مۆڕاڵ: خاوەنی ئاگاییە، بەشێوەیەکی نائاگایانە بەس ئەوە بە چاک نازانێ بۆخۆی چاک بێت.
هیوا سەعید