مرۆڤی باڵا، کوڕ و زەکەری دایک
بەنی ئیسرائیل لە دەست و بازوی موسا وێنای خوایان دەکرد.
باوک خوایە.
دایک باوکە.
"فرۆید"
پیاوی ڕاستەقینە دو شتی دەوێت: خۆخستنە ناو مەترسی و یاریکردن. لەبەر ئەمەیە ژنی دەوێ، پێیوایە ترسناکترین یارییە.
وازی لێبێنە لەناو دۆزەخ بێت: پێویستە زۆر شت لەناو دۆزەخدا جێبێڵین بۆ نمونە نیوە هەستەکان، هەوڵیش نەدەین لە شێوەی سێبەرێک لە بونەکەی ڕزگارییان بکەین، ئەگینا دەبنە بیرکردنەوە و قسەکردن، دەبنە سەروەرە شەیتانە شەڕخوازە تینوەکان بە خوێنمان.
"نیچە"
باوکایەتی هێشتنەوەی
منداڵە هاوشێوەی ژن (مێ) بە خەساوی لە بەردەمی خۆیدا، هەتا لە هیچ پانتاییەکی
ئەو ڕۆڵی باوکبونی (باڵایی/خوایەتی) تێدا دەگێڕێ، کوڕەکەی لەپاڵ ژنە خەساوەکەی
نەوێرێ ڕۆڵەکەی بگێڕێتەوە. بە مانای دروستبونی باوک بە ترساندن و ترسیش ئەندامە
ئایدیالییەکەی کوڕ یەکسان دەکاتەوە بە مێ(زێ)ی ژنانە. لێرەدا هەرچەند بەبێ ئەم ترسەش
لایەنی مێیانەکە (بۆ چێژکردن لە ژێردەستەیی/مازۆخیزم) وەک نێرییەکەی لە کوڕدا
هەیە، بەڵام ترسەکە بۆ یەکسانبونەوەی بەلای دایکی پاڵی دەدا.
لێرەوەیە کوڕ ناچارە،
بۆ درێژەدان بە نەوێرانەکەی، بە نەبون بە باوکەکەی، بە مانەوەی لەناو منداڵییەکەی،
خۆی لە پەنا دایکیدا بنێ و بشارێتەوە، ئەوەش مانەوەیەتی لەسەر ئەو حاڵەتی
گەمژەییەی (بێهۆش لە خەساوی/نەکەوتنە پانتایی ئایدیاکان) مامەڵەی شێوەی شتەکان و توانای چونە قوڵایی نییە، کە
دایک بەهۆی سۆزپێدانێکی هەڵخەڵەتێنەر لێی ناگەڕێ بچێت. بەوەی دایکیش بە پێچەوانەی
باوک ئەو باوەشە بەسۆزە نییە و ئەویش لە ناوەڕۆکدا هەر باوکەکەیە (دایک باوکە)،
کەچی ئەم بەلاڕێدابردنەی بۆ ئەوەی بە ئاشکرابونی ناوەوەی، ئەو جادوی دایکایەتییە
بەتاڵ نەبێتەوە، ژنێکە حەزی لە باڵادەستی مێردەکەیەتی (ئەوەی هەیەتی/هۆش/خەسێنەر) بەسەریدا و
لە باوەشی بچوک ببێتەوە و لە زێیەوە بخەسێنرێت.
لەبەرئەوەی زانینی کوڕ
بەم حەز و ناوەڕۆکە، دەبێتە مایەی بەتاڵبونەوەی جادوەکەی (تێپەڕاندنی/خەساندنی)
دایک و بەتەنیا مانەوەی، واتا تێپەڕاندن و بێباکونی کوڕەکەی بە هەمان شێوەی مێرد
(باوک) لە بەرانبەر خەساوێکدا. بەوەدا دایک بەم تێپەڕبونەی کوڕ هیچی بەدەستەوە نامێنێ
لە بەردەم بۆشایی تێپەڕبونی باوک(مێرد)دا ڕایبگرێ و بەرانبەری
بوەستێنێتەوە.
ئەوەیە بۆ تێنەپەڕین
هەمیشە دایک (دایکی زارەکی) درێژە بە لەپەناخۆنان و خەساندنەوەی کوڕ دەدا، ئەوکاتەی کوڕیش لەبەر
چێژی هۆمۆسێکسواڵیتەی ناڕاستەوخۆ و ئەزمونکردنی (زەکەری ئایدیالی دایک)
بەسەرخۆیدا، خۆی لە گەمژەییەکەی (بارکراوە بەسۆز و لێکدانەوەی ڕەوشتی باو)
دەهێڵێتەوە، ئەم دایکپەرستییەی لێ دەبێ بە خواپەرستی، کە هەڵگرە بە ویستی
خۆلەباوەشنان و لستنەوەی، دواجار بونی بە کۆیلەیەک.
ئەم کۆیلەیەش دایک
دروستی ناکا، بەرهەمی باوکە وەک ئەویترێکی گەورە و خوایەکی نێر، چونکە دایک (دایکی ئۆدیبی) بۆ
چێژپێدان بە ئەوەی نییەتی/زێ کۆیلەی یەکسان بەخۆی ناوێ، پیاوی ڕاستەقینەRealman)/دەرونبەرز)ی دەوێت، بەو مانایەی دایک (لەبەر
بەمێکردنی نێردا)، ئەوەندەی چێژ لە مێبون و بەشدانی زێی (دەرچون لە
دوبارەیی/نوێبونەوە/وەک بۆسەیەکیش)، لە نێربون و هۆمۆسێکسواڵیتەی ناڕاستەوخۆ ناکات،
جارێکی تر ئەوە لە تێپەڕیوی باوکەمێردە دوچاری ئەم جۆرە چێژکردنە وەک شوێنگرەوەیەک
و بونەوە بە باوکی، مێردایەتی (باوکایەتی/دایکی زارەکی) بەسەر کوڕە مێیەکەیدا دەکات.
کەواتە دایک ئەم کوڕە
خەساو و کۆیلەیەی (بە شێوە سۆزی پێدەدا) بە ناوەڕۆک خۆشی لێی نایێ، چونکە دەزانێ
ترسنۆک و ژێردەستەیەکە بەزەیی پێدا دێتەوە، بوێری کوشتنی باوک و بون بە پیاوێکی
باڵادەست (مێرد/خاوەندار) و ڕاستەقینەی نییە، بتوانێ بەشێوەیەکی نالەشفرۆشانە چێژ
بە زێ بدا (بخەسێنێ) وەک خاوەندارییەتی لێ کردنێک، ئەو
گرێیەی بە لەدەستدانی زێیەوە (لە تێپەڕبونی باوک/مێردەوە دروست دەبێ) هەڵوەشێنێتەوە، کاتێک
مێردەکەی (باوک) بە تێپەڕکردن (خەساندن) وەک کوڕەکەی بۆ ئەویشی دروستکردوە، دواجار
بەسەر ئەویشدا بۆتە خوا.
بەوەدا ئامانجی زێ (ئەوەی نییەتی/مێیی) دەردەکەوێ، خۆتێرکردن نییە بە ئەویتری گەورە (باوکخوا)، بە پێچەوانەوە بۆ
وشککردن و سڕینەوەیەتی بە ڕێی زێیەوە لە خۆیدا (بۆ یەکسانکردنەوەی بە زێیەکەی، بۆ کوشتنی
ئەویتری باوکخوا و ژێردەستەکردن و چونەسەرەوەی هەموان نێرەکان، لە پێناو هەڵوەشاندنەوەی گرێی باوکخوایەتی.
لێرەوەیە مرۆڤی باڵای
نیچەیی (تاکگەرا/فەلسەفەکار/پیاوی ڕاستەقینە) بۆ ئەم دایکە خاوەن زەکەرە
ئایدیالییە (مەعشوقە) گرێیە، بە تاکگەراییەکەی پیاوە ئاساییەکانی (بەژنبون/مێبون)
بێبایەخ و ئەوی بێ مێرد (بێ زێ) هێشتۆتەوە، کردوییەتی بە مێردیش (وەکئەوەی ڕەگەزی
پێ گۆڕی بێت) بەسەر ئەوانیترەوە. لەکاتێکدا هەردەم لە چاوەڕوانی چالاکبونەوەی
زێیەکەیی و تێرکردنییەتی بە مرۆڤی باڵا وەک خوایەک و بەوەدا بیخاتە
بۆسەوە (بۆ کۆیلەکردن و یەکسانبونەوەی بە پیاوە مێبوەکانی تر)، مرۆڤی باڵاش ئەو
ئۆرفیۆس و خوایە (گۆدۆ) تێپەڕیوەیە ناگەڕێتەوە، ئەویدیکەی ناسیوە (ناسین
تێپەڕکردنە، خەساندنە.) و پێی دۆزەخە (تاکگەرایی)٠ سەرئەنجام ئەم چاوەڕوانییە دەبێ
بە (عەشق) و داخێکی تراژیدی بۆ لەناوچونێکی تراژیدیایی.
وەکچۆن لە کۆتاییدا
ئۆرفیۆسیش ئەو گۆدۆ(خوا)یە فریادڕەسە خەسێنەرەی دەبو بێ و نەهات، ئەو هونەرمەندە
فەیلەسوفە ناسۆزەکییە تاکگەرایەی دەبو وەک نێرەکانی تر بە مێ و ناهۆشەکی
(گەمژە) ببێ و نەبو، ئەو مرۆڤە باڵایەی دەبو یەکسان ببێتەوە بە مێگەل و
بەباڵایی (هۆشەکی) مایەوە، لە داخان ژنەکان ئەوانەی لێیان ببو بە گرێی زێیان
کوشتییان.
هیوا سەعید