مرۆڤی عاقڵ بونی نییە، شێت هەیە
سوپاس
بۆ شێتی.
من ئەمڕۆم دوێنێم
ڕەتدەکاتەوە.
گومانی تێدا نییە،
ئەوە یەقینە تۆ شێت دەکات.
من فێری مرۆڤی باڵاتان
دەکەم.
ئەوەی مرۆڤی باڵای پێ
دروست دەبێ توندی هەستە باڵاکان نییە، بەردەوامییەتی.
"نیچە"
کاتێک نیچە دەڵێ:
"خوا مرد!"، جاک لاکان دەڵێت: "خوا مرد، کەچی نەیزانیوە!"،
واتا خوا لە نەست و نائاگاییدا مردوە، نائاگاییش بێئاگایە لە مردنی خوا لە خۆیدا.
کەواتە لەسەر ئەم
بنەمایە ئەوەی خوای کوشتوە، ئەویش شێت بوە، هێشتا ئاگای لێ نییە. بەوەی هەست (شێر) لەپێناو ویستی بەزاندنی تابودا (نواندنەوەی نەست/چێژ)، بە کوشتنی خواوە بازی بەسەر
دوکەرتییە هیسترییەکەیدا داوە، پێیوایە خۆی لە شێتییەکەی ڕزگارکردوە، ئەوە جارێکی
تر دوچاری شێتییەکی دیکە بۆتەوە، نەگەیشتوە بە قۆناغی تێکهەڵکێشی نەست (وشتری ملکەچ) و هەست
(سێنتێز)، هەتا بەوە بزانێ (ڕاستەقینە بونی نییە. نیچە) و شێتی یەکەمی (ویستی
بەزاندنی تابو/هیستریا/تێز) بە کوشتنی خوا گۆڕیوەتەوە بە شێتی دوەم (کەوتنە ناو
ترس و گومان/ئەنتی تێز) وەک بەزێنەرێکی تابو، لە ئەوەشدا گۆڕاوە بۆ شێتی سێیەم و
یەقین وەک شێتبونی تەواوەتی و چەندکەرتبونێکی هۆش و دەرون.
لەبەرئەوەی ئەوکاتەی
مرۆڤ بە کوشتنی خوا (دابڕانی مەعریفی/قۆناغی شێر) لە ژیانی مێگەلی (هیستریا/قۆناغی
وشتری ملکەچ) هەڵدەگەڕێتەوە و بەها پیرۆزە باوەکان تێکدەشکێنێ، لە ڕابردوە
نەستەکییەکەی (سۆزەکی) دادەبڕێ و دەبێ بە خاوەن ویستی هێزێکی هەستەکی
(هۆشەکی/مرۆڤی باڵا)، بۆ درێژەدانیش بە دابڕانەکەی لە ناوەوە دەکەوێتە ناکۆکییەکی
بەردەوامی هەستی (شێر) لەگەڵ نەستیدا (وشتری ملکەچ)، هەروەها بۆ ئەزمونکردنی ویستی هێزەکەی هەمیشە بە
ڕەتکردنەوەی ڕابردوی (سۆز) درێژە بە بونە ئەمڕۆییەکەی دەدات. بەڵام لە قۆناغێکدا
ئەم ناکۆکییە ناوەکییە دەگاتە تێکهەڵکێشان و یەکگرتنەوەیەک (یەکێتی بون/قۆناغی
منداڵبونەوە) وەک گەیشتن بە یەقینێک، سەرئەنجام وەک لەناوچون (پێزانین بە بنەڕەتی
بون لەناوچونە. نیچە) و شێتبونێک بە منداڵبونەوەی گەورەیەک.
چونکە مرۆڤی باڵا لە
قۆناغی شێر(هەست)دا بۆ خۆیەکسانکردنەوەی بە ڕاستەقینەیی تراژیدیای ژیان سەرەڕای
مرۆڤێکە ناسۆزەکی و ناگاڵتەجاڕە (نەخەساو)، خاوەنی ویستی هێزە و بە شکۆوە دەژی
(فالیک/ئەوەی هەیەتی/خەسێنەر)، لە هەمان کات بە ترس و گومانیشەوە، تابوی بەزاندوە (خوای کوشتوە)
وەک تاوان و شێتییەک.
لێرەدا لەکاتی گەیشتنی
بە یەقین و تێکهەڵکێشی نەستێکی سۆزەکی (دەرونکەوتو) و هەستێکی ناسۆزەک و پێزانینی
هیچییان ڕاستەقینە (ڕاستەقینە بونی نییە، تەفسیر هەیە. نیچە) نین، دەبێتە
گاڵتەجاڕ، هەرجارەی (بە بەرهەمهێنانەوەی دەرونی) ڕۆڵی کەسایەتییەکی جیاواز دەگێڕێ
وەک دەرنشڵەژاو و شێتێک، جارێک دەبێ بە سۆزەکییەکی منداڵانە (نەستەکی)، بە
پێچەوانەوەش دەبێ بە هۆشەکییەکی گەورە و بە شکۆ (هەستەکی)، گاڵتەی بە هەردوکیشیان
پێکەوە دێت، وەکئەوەی هەموی نماییش بێ، بەهۆی ئاگاییەوە بە نماییشەکان(جوڵە و
دەربڕینەکان)ی بزانێت.
لێرەوەیە نیچە بۆ
ئەوەی مرۆڤ لەم شێتبونە کەرت کەرتییە گاڵتەجاڕییەی قۆناغی منداڵبونەوە ڕزگاری ببێ،
بە (گەڕانەوەی هەمیشەیی)* بۆ ناو دۆخی ترس و گومانەکانی قۆناغی شێری مرۆڤی باڵا
(کە لە گەڕانەوەکەی ئەمجارە بەئاگاییە تێکهەڵکێشەکەی دەزانێ تایبەتمەندی
کەسایەتییەکە وەهایە ترس و گومانی هەیە، ترس و گومانەکانی هەڵدەوەشێنەوە) و بە یەککەرتییەکی
سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر (توندوتیژی خۆئازاردەر) دەرونی بەرهەم دێنێتەوە، بەوەدا
هۆشی بە باڵایی ئاڕاستە دەکا، بەڵکو لە نێوان شێتییە مێگەلییە نەستەکییەکەی
(هیستریا/ویستی بەزاندنی تابو/دوفاق) سەرەتا و شێتییە تێکهەڵکێشییەکەی کۆتایی
(سێنتێز/یەقین/گاڵتەجاڕ)، مرۆڤێکی بە شکۆی دور لە شڵەژان لە پانتایی واقیعدا
جێگیری بکات.
*
گەڕانەوەی بەردەوام و هەمیشەیی بنەمای پێنجەمە لە فەلسەفەی نیچە، لەدوای کوشتنی
خوا، تێکشکاندنی بەها پیرۆزەکان، ویستی هێز، لەدایکبونی مرۆڤی باڵا، ئینجا
گەڕانەوەی هەمیشەیی دێ، بۆ هەمیشە بە باڵایی ڕاگرتن و هێشتنەوەی مرۆڤی باڵایە وەک
هەڵگری سێ بنەمایەکەی تر.
هیوا سەعید