کۆمونەی کۆتایی بەدی نایەت

ئەوەیکە خوای خۆی تەمێ دەکات،

ئەوینداری خوایەکەیەتی،

کەوایە دەبێ بە غەزەبی خوایەکەی بفەوتێت.

                                "نیچە"

کۆمونیست وەک دابڕاوێکی مەعریفی (ئەنتی تێز) هەتا دوچاری تێکهەڵکێشبونەوەی پێچەوانە (سێنتێز) نەبێتەوە، نازانێ عاشق بە ئەوەیکە لێی دابڕاوە و لە نەستییەتی (تێز)، واتا ئەوەی لێی هەڵگەڕاوەتەوە لە بنەمادا سۆزی بۆی هەیە (ئاوفهیبونگ). ئەمە بەو مانایەی ئەو زانینەی بە ڕاستەقینەی تێدەگا لە دژی ئەو تێگەیشتنەی بە ناڕاستەقینەی دەزانێت، هێشتا نەگەیشتوەتە ئەو پێزانینەی هیچییان ڕاستەقینە نین، هەردوک لۆژیک و حەزێکی ئەویتر چەپێنەرن بۆ خۆهاوسەنگکردنی دەرونی. لەم ڕوانگەیەوە کۆمونیستێک لە ناوەوە باوەڕی بە خوا وەک خوایە پیرۆزە نەمردوەکەی نەست نەبێ، کۆمونیست نییە!


لێرەوەیە نیچە پێیوایە ئەم دو ڕەوشتە خوایی (عیسایی) و ناخواییە دەستەجەمعییە درێژکراوەی یەکترن، بۆیە ئەگەر لە قۆناغێک پێچەوانەیەکیش هەبێ لە نێوانییاندا بۆ نمونە ڕێپێدانی عیسا بۆ بە خاوەنکردنی ژنێکی لە خاوەنکەوتوی وەکو مەریەمی مەجدەلی بە پێماچکردن و بە فرمێسکشۆردنی وەک بەسۆزکردنەوە و ناسککردنەوەیەک (داپۆشین) لەخۆیدا. لە بەرانبەر ڕەخنەی مارکس لە فیتیشیزم و کارکردنی ژنیش هاوشێوەی پیاوان لە کارگەکان، کە ژنی لەپێناو بەپیاوبون وەک ڕەقبونێک (خاوەن زەکەری ئایدیالی/قیتکە) لە سۆز و ناسکی ژنانە دابڕاندوە وەک دانەپۆشینێکی، ئەوە ئامانج لە کۆمونەی کۆتایی بە دروستکردنی کۆمەڵگای خاوەندەرونە جێگیر و خەسێنەرە باڵادەستەکان (ئەرستۆکرات)، بەوەی نەبێتە هی هیچ کەس هی هەموانە، هی هەموانیش بەس هی خۆیەتی، ئەم خۆیەتییەش وەک خەسێنەرێک بە پاڵنانی لە خەساوەوە (سۆزەکەیەوە) درێژە بەخۆی دەدات. بە مانای بە تێکهەڵکێشانی سۆز (نەست/ئۆبێکت) لەگەڵ ئاگاییەکەی وەک بەرجەستەبونی خەیاڵی لە واقیعدا و دەستبەسەرداگرتنێکی سۆزەکەیی و خاوەندارییەتی لێکردنی لەلایەن ئاگاییەوە وەکبون بە خاوەنخۆیەک و عاشقێکی ئەرستۆکراتی (خانەدان)، دواجار وەک سڕینەوەی مەعشوق (زێ/سۆز) و تواندنەوەی لە خۆیەتییەکەی، وەکچۆن مەریەم بە پێماچکردنی عیسا دەبێتە سۆزێک و خۆی بە خاوەن و لەناو ئەودا دەتوێنێتەوە.

کەواتە ئەو ڕێپێدان بە پێماچکردنەی لەبەر پیرۆزی و پەرستن عیسا بە مەریەمی دەدا تێزە، ڕەخنەکردنی مارکسیزمیش لە فیتیشیزم و بە پیاوکردنی ژن ئەنتی تێزە و ئەویش لە قۆناغێکدا بە تێکهەڵکێشبونی ئەو پێچەوانانەی (کۆمونەی بێ دیالێکتیکی کۆتایی) تێیدا ئەمییان دەبێ بە ئەویتریان وەک سێنتێزێک، پێی پەسەندە.

بەڵام ئەمە خەونێکی عاشقانەیە، ئەم کۆمونەی کۆتاییە لەناوچونی دیالێکتیکە و ڕونادا، بەو هۆیەی شۆڕش (ئەنتی تێز) دابڕاوی مەعریفییە لە دەسەڵات (تێز)، ئەم دوانە لە ئاستی دەستەجەمعیدا بە تێکهەڵکێشی شۆڕش و دەسەڵات ناگەن، بەڵکو بە پێچەوانەیی یەکتری بەرهەم دێننەوە وەک بەردەوامبونێکی پرۆسەی دیالێکتیک. لێرەدا بەهۆی مرۆڤ لە قۆناغی ئەنتی تێزدا عاشقی ئەوەیە لە نەستی دایە، شۆڕشگێر بە تەنیا لە ئاستی تاکدا وەک مرۆڤێکی یاخی بەم تێکهەڵکێش(سێنتیز)ەی پێچەوانەکان دەگات. ئەوەش بۆ لەناوچون و چونە دەرەوە لە دیالێکتیکەکە وەک ئاشکراکەر و پێزانەرێکی بنەڕەتی بون (دو کەسایەتیبون لەناو یەکدا پێکەوە)، بە تێز و ئەنتییەکەی وەک دو لۆژیک/حەز بۆ چۆنییەتی ژیانکردن. ژیانیش بۆخۆی بە نامۆکردن و نایەکسانییەوە بەڕێوە دەچێ وەک دیالێکتیکێک.


هیوا سەعید

Popular Posts