خوایەتی لە نێوان ناشیرینی و جوانیدا
باوەڕم بە خوایەک نییە ئەوەندە حەزی لێبێ پێیدا هەڵبدەی.
بەزەیی خوا بە مرۆڤ ئەوی کوشت.
خوایەتی ئەوە نییە خوایەکان هەبن، نەک خوا؟
"نیچە"
چۆنییەتی دەربڕین لە زماندا، پەیوەستە بە چۆنییەتی بەرهەمهاتنی دەرونەوە. بەو مانایەی دەرون لە دۆخێکی خەسێنەریدا (ئەوەی هەیەتی/هۆش) بێ، زمان بەشێوەیەکی باڵادەستانە (توندوتیژ/سادیست) خۆی دەردەبرێت، بە پێچەوانەوە لە دۆخی خەساوی (ئەوەی نییەتی/زێ/سۆز) دەربڕینەکە نەرمییەکی سۆزەکییانە (مازۆخیست)ی لێ دەکەوێتەوە.
لێرەدا ئەم دو دۆخە پێچەوانە لە یەک دەروندا لە ناتەواوی (ناکامڵی) دەرونەکەوە سەرچاوە دەگرێ، بەو مانایەی دو چێژکردنن وەک هەوڵێک بۆ پڕبون (تێربون) و تەواوکۆیی.
کەواتە خوایەک پڕ و تەواوکۆ بێ، پێویستە چۆنییەتی دەربڕین لە زمانەکەشیدا دور بێ لەم ناتەواویە ناوەکییە، بەوەی جارێک زمانەکەی توندوتیژ و جارێکی تریش نەرمونیان بێت.
بۆیە تاکە شیکردنەوەیەک ئەم تێگەیشتنە پاساو بدا ئەم جۆرە خوایەتییە داوای تەواوکۆیی (خوایەتی) لە مرۆڤ ناکات، بەڵکو بەندایەتی (ناتەواوی دەرونی) لێ دەوێت، لێرەوەیە لە تێکستە ئاینییەکاندا بە هەمان زمان و دەرونە مرۆڤانە (ناکامڵە)کە دەیدوێنێتەوە وەک بەرهەمهێنانەوەیەک لە خۆی (لە مرۆڤ خۆی)ی و ئاڕاستەکردنێک.
لەکاتێکدا دەربڕینێکی توندوتیژ یان نەرمونیانانە پەیوەست بێ بە چۆن بەرهەمهاتنێک لە دەروندا، ئەوە بە پێچەوانەی دەرونی مێگەل (دوڕو)، مرۆڤبونی خوا(هەم شێر هەم بەخوابو/فەلسەفەکار)ییانەی باڵایانەی نیچەیی بەهۆی سادۆمازۆخییە ناوەکییە خەسێنەرەکەی (لەبری ئەزمونکردنی توندوتیژی و نەرمونیانی بەرانبەر ئەویتری دەرەوەدا، لەناوەوە توندتیژێکی خۆئازاردەرە وەک خۆخواردنەوەیەک/خەساندنی نەست و ئۆبێکت/هۆشەکی/خاوەن مۆڕاڵ*) هەر ئاڕاستەکردنێکی لەپێناو دروستکردنەوەی مرۆڤەخوایانەی هاوشێوەی خۆیەتی (یەکبونی خۆیی و خۆی/تاکگەرا/ئەوەی ببێت بە من دەبێت بەخۆی. نیچە)، هەتا بونی لە نامۆیی ڕزگار بکات. چونکە خوایەتی بەم شێوەیە نەبێ، بەشێوەیەکی ئاڕاستەکەری فەرمانڕەوایانە (ڕەوشتی پیشەییانە) دەبێتە دابەزین بۆ ئاستی مێگەلی دوڕوی بێهۆش (خوای مێگەل) و لە خواکەوتن، لە ئەنجامدا کەوتنە ناو پانتایی واقیع و لەدەستدانی جوانییەکەی.
لەبەرئەوەی بە تێگەیشتنی نیچە کاتێک دەڵێت:
بۆچی پێتانوایە ژیانی واقیعی ناشیرینە، ئەدی پێزانین و بەئاگابون لەم ناشیرینییە وەک مەعریفەیەک لە خودی خۆیدا جوانی نییە، بەڵام ئایا شتێک هەیە "لە خودی خۆیدا جوان" بێت؟ ئەم پرسەی دوایی یەکسانکردنەوەی جوانییە بە ناشیرینی! واتا جوانی (قوڵاییەکی ترسناک/مەعریفە) ئەگەر هەبێ ئەوەندەیە لە پانتایی خەیاڵدا بە شێوە جوانە. دواجار ئەزمونکردنی خوایەتیش لە پانتایی واقیعدا بە یەکسانبونەوەی لەگەڵ واقیعە ناشیرینەکە لە دەرەوەی مەعریف(بێهۆشی)ەوە دەبێتەوە بە ناشیرینییەک.
* مۆڕاڵ ئاکارێکە لە ئاگاییەوە، نەک بەشێوەیەکی نائاگایانە بەس ئەوە بە چاک لێکداتەوە بۆخۆی چاک بێت.
هیوا سەعید