من نەمرم
-١-
ئەی یار
ڕەنگە ڕۆژێک لە مەیدانی ئەم جەنگە نەبڕاوەیەدا
وەک قارەمانێکی ماندو
تێکبشکێم لە دەستەپاچەیی کوشتنت،
شێت ببم لەبەر پشونەدانێکی دوای سەرکەوتن،
لە کۆتایی وەک دۆڕاوێک بمرم!
-٢-
ئەی یار
هیچ دڵخۆش مەبە بەم بردنەوەیە
دڵنیابە ترسناکترین مێژوت بۆ بەجێدێڵم
هەرچی ترسنۆکە تەنیا بە بیستنی ناوم بلەرزێت
ئازاکان ئاخ هەڵکێشن بۆ گیانی کوژراو و
سەردانوێنن لەبەردەم شکۆی نەمرم!
-٣-
ئەی یار
من وەک جەنگاوەرێکی ئازا دەستم لە شەڕی تۆ هەڵنەگرت
ئەی یار
گشت جەنگێک بە قارەمانێک دەناسرێتەوە
ئەی یار
ئەوکاتەی ناوی بزرت لە ڕۆژگاری دادێ
بەبۆنەی ناوی منەوە دەهێنرێتەوە
ئەوکات وەرە سەر گۆڕم پێم بڵێ کێ براوەی جەنگەکەمانە
هەتا بزانین کێ کێی کوشتوە.
هیوا سەعید