ئەویتر تێکشکێنەریشە، من دروستکەریشە
بێ بونە خۆڵەمێش، چۆن دەتەوێ نوێ ببییەوە؟
"لانی کەم دوژمن بە!" وەها دەڵێ ڕێزێکی ڕاستەقینە کە ناوێرێ خوازیاری دۆستایەتی بێت.
هەندێک تۆڵە ئەستاندنەوە مرۆڤانەترە لە هیچ و سزادانتانم پێخۆش نییە ئەگەر ئەو سزایە بۆ تاوانبار ماف و شەڕەفێکی تێدا نەبێت.
دەردیش لەزەتێکە، نفرینیش ئافەرینێکە.
ئەگەر مرۆڤ بە جدی بایەخ بە ڕزگاربونی فیکری خۆی بدات، ئارەزو و شەهوەتەکانی بە نهێنی هیوادارن سودێکی بۆیان هەبێت.
"نیچە"
کەسایەتی و دەرونێک ئەوانیتر (ئۆبێکت/دەسەڵات) لەپێناو دەستبەسەرداگرتن و جیاوازنەبوندا تێکییانشکاند
بێ، جارێکی تریش بە نیگاکردن بۆ ناوەڕۆک پێبەخشین و فۆرم پێدانەوە بە تێکشکاندنەکەی وەکئەوەی
لێنەگەڕێن چاکبونەوە و تێپەڕکردنێک ڕوبدا، هەردەم نەست بە نواندنەوە چالاک و ئیش لەسەر
شکاندنەوەی دەکەنەوە.
بەڵام مادام مرۆڤ
لەناوەڕۆکدا چۆن بێ، بەهۆی بەرهەمهاتنەوەی دەرونی ئەوانیتری دەرەوەش فۆرمەکەی وەها
دەبینن، واتا لە فۆرمەکەیەوە ناوەڕۆکەکەی لەلای ئەواندا دیارە، دواجار لە ژێر
چاودێری و کاریگەری نیگاکردنەکانییان وەک لە چوارچێوەدانێکی دوبارە ناوەڕۆکی وەکخۆی بەرهەم دێننەوە و هەمان فۆرمی پێ دەبەخشنەوە، لێرەدا ئەوە خۆیەتی (هێشتا پێی نازانێ) ئەوان وەها ئاڕاستە
دەکات.
لەبەرئەوەی دەتوانێ بە
ئاگایی و دابڕانێکی مەعریفی لە دنیابینی ئەم نیگایانەی کاریگەرییەکی وەهای هەیە وەک خۆتێپەڕکردنێک، سەرەتا ناوەڕۆک و لە دواتر فۆرمێکی
تر بەخۆی ببەخشێ، بەم جۆرە ئاڕاستەی نیگای ئەویترەکانیش بکاتەوە. بە مانای ئەو
ناوەڕۆکەی (ئەو دەرونەی) بۆخۆی پێویستییەتی بە دەستبەسەرداگرتنی نیگاکردنی ئەویترەکانەوە
وەک بون بە خاوەن دەسەڵاتێک لە بەرانبەرییاندا درێژە بە بەرهەمهاتنی کەسایەتییەکەی بدات.
لێرەوەیە بە تەنیا
نیگاکانی ئەویترەکان نابێ بە دەسەڵاتی چاودێری بۆ لە چوارچێوەدانی، بە پێچەوانەوە
ئەویش دەبێتە ئەو دەسەڵاتەی لە چوارچێوەیان بگرێتەوە. لە کۆتاییدا دەبێ بەو خۆیەی
دەیەوێ، نەک ئەوەی هەمیشە لەبەر تێکشکاندنەوەیدا بە ویستی خۆیان، بە نیگاکانییان بەرهەمی
بێنن. کەواتە ئەویتریش بەس تێکشکێنەر نییە، بنیاتنەر و دروستکەریشە.
بەوەی جۆری نیگاکردنەکان لە چۆنییەتی بەرهەمهێنانی دەرون(جوڵە و دەربڕین)ەوە سەرهەڵدەدەن، ئەوەش حەزە لەسەر بنەمای لۆژیکێک بۆ خۆهاوسەنگکردن. بۆیە کاتێک نیچە لەبارەی ئافراندن و
بەرهەمهێناندا دەڵێ: "سەروترین خراپە بە سەروترین
چاکە بەستراوەتەوە، بەڵام ئافرێنەری خۆی هەر ئەمەیە!" مەبەستی لە ئەم پێزانینەیە
بە بنەڕەتی بون، بە نیگاکانی ئەویترە خراپ و تێکشکێنەرەکان و چاک و دروستکەرەکان وەک خۆناسین ئەویترناسینێک پێکەوە لەناو یەکدا. بۆ خۆئافرێنەری وەک چۆن خۆبەرهەمهێنان(دەرون)ێک و کەسایەتییەک.
هیوا سەعید