فەلسەفەی نیچە

من و من هەمیشە لەگەڵ یەک نوقمی وتوێژن.
دۆست کەسی سێیەمە.

کاتێک ئێمە بەشێوەیەک تەماشای ئارەزوەکان دەکەین خراپن، خۆیان خراپ دەبن. مەسیحییەت بەم شێوەیە توانی ئیرۆس و ئەفرۆدیت دو هێزە جوان و بەتواناکان بۆ ئایدیا لەنێو ویژدانی باوەڕداراندا بکاتە دو شەیتان و ڕۆحی خەڵەتێنەر، کە ئەوکاتەی هەست بە ئارەزوی سێکسی دەکەن وایان لێ بێ تا ڕادەی ئازارخواردن هەستی پەشیمانی دایان بگرێت. ئەرێ باشە ئەوە ترسناک نییە پێویستی و ڕێکخراوی خەڵک ببێ بە پەرێشانی ناوەوەیان؟ بە ئەنقەست ئەم پەرێشانییە ناوەکییەی مرۆڤەکان کراوەتە شتێکی پێویست و ڕێکخراو تاوەکو هەمیشە پەرێشان بن.

با مرۆڤ بیر لە پرسی عاریف بکاتەوە، بە تۆبزی ڕۆحی ناچار بە مەعریفە دەکا، زۆرجاریش بە تۆبزی دڵی ناچار بەمە دەکا بڵێت: نەخێر، لەکاتێک حەزی لە بەڵێ و خۆشەویستی و خواپەرستییە پێکەوە.

من شەیتانێکی نورانیم.

ئەوەی ببێ بە من، دەبێ بەخۆی.

ئەو کەسەی بە شاگرد دەمێنێتەوە، پاداشتێکی شایان نادا بە مامۆستاکەی. بۆچی تاجەگوڵەکانی بان سەرم فڕێ نادەن!

زەردەشت نابێ بە شوان و سەگی گەلە.
                                                                     "نیچە"

لە قۆناغی شێری فەلسەفەی نیچەدا کە دابڕانە لە مەعریفەی باودا، هەست وەک ئەنتی تێزێک بە کوشتنی خوا نەست (وشتری ملکەچ/ تێز) دەخاتە ناو نەبون و لەخۆنامۆکردنەوە. بەڵام لە قۆناغی منداڵبونەوەدا (سێنتێز) لەبەر زیندوبونەوە و هاتنەوەبونی وشتری ملکەچەوە (خوای نەست)، لەپاڵ شێر (هەست/نەخێر) پێکەوە بە دو دەرونی (جوڵە و دەربڕین) پێچەوانەی یەکتر لەناو ئاگاییدا ئامادەییان هەیە.

بۆیە لەم قۆناغە لەسەر بنەمای ئەم چالاکبونەوەی نەستەوە وێناکردنێک بە پیرۆزی لەناویدا بونی هەبێ، کەچی لە هەستدا بشکێنرێت وەک بەرهەمهێنانەوەیەکی پێچەوانە و ناکۆک کەوتنەوەی پانتایی خەیاڵ و واقیع، ئەوە دەرون لە نێوانییاندا دەکەوێتە دۆخێکی شڵەژاو. لێرەدا بۆ ڕێکخستنەوەی ئەم شڵەژانە دەرونییە پێویستە پیرۆزییە نەستەکی و وێناکردنەکەی هاوشێوە بکرێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایەی لە منداڵبونەوەی تێکهەڵکێشدا پێویست نییە باوەڕبون بە پیرۆزییەکە لە نەستدا بشکێنرێ، لەبەرئەوەی منداڵبونەوە یەکێتی بون و بەڵێی پیرۆزە (تێکهەڵکێشی دژەکان) نەک نەخێر.

بەڵام چونکە ئەم ناکۆکخستنەوە وەک خۆشڵەژاندن و پێکدادانی نەست (خوا/تابو) و هەست (بە کوشتنی خوا/بە بەزاندنی تابو) دۆخێکی دەرونی خەسێنەر و (گەڕاندنەوەیەکی هەمیشەییە) دروستکردنەوەی مرۆڤی باڵای لێ بەرهەم دێتەوە، لەکاتێکدا باوەڕکردن بە پیرۆزییەک لە نەست و نەشکاندنی (بە هەست) دەرون لاواز و بە خەساوییەکی عاریفانە (پەرێشانی) بەرهەمی دێنێت. لێرەوەیە نیچە وەک ئاگاییەکی پێزانەر لە چۆنییەتی بەرهەمهێنانی دەروندا (بە خەسێنەری، یان خەساوی)، دەکەوێتە سەرەوەی دەرونەوە و بە تەنیا دەبێ بە ئاگایی، بەوەی پێزانەرە لە دروستکردنی بەهێزی و لاوازی و خۆئاڕاستەکردنە دەرونییەکاندا. ئەوەش ئاگاییەکەی بە پێزانینێکی وەها دەباتە ئەودیوی چاکە نەستەکییە خوایی (ئاسمانی) و خراپە هەستەکییە شەیتانییە دنیاییەکان.

سەرئەنجام بە پێکدادانە نەستەکی و هەستەکییەکانی (بە ئاگاییەکەی) لە پانتایی خەیاڵیدا، بەڵکو بە خۆشڵەژاندنی، بە کەوتنە گومان و مەترسییەوە (بە تابوبەزاندن)، سەرەتا لەپێناو چێژێکی مەستانە (لە زەینکەوتن/گەڕان لە پانتایی ئایدیاکان)، لە دواتریش بە قڵپکردنەوەیەکی مەعریفی تێگەیشتنێکی جیاواز لەبارەی چەمکە باوەکان لە خۆیدا بڕژێنێت (دەمەوێت بتاندۆشم، ئێوەی مانگاکانی سەرەوە!/من داینامێتم! نیچە) وەک مرۆڤێکی باڵا و هۆشەکییەکی فەلسەفەکار.

بە مانای بەشێوەیەکی سادۆمازۆخی ناوەکی بە خزینە بەرگی خوای مێگەل (گەڕانەوە بۆ نەست/سۆز/ وشتری ملکەچ) و بە پێزانییەکی شەیتانانەش (شکاندنی پیرۆزی/شێر) بە سەرچاوەی تێگەیشتن و ڕەوشتە خواییەکان دەزانێ، لە کۆتایی تەواوی تێگەیشتنە خواییە ئاسمانییەکان بە شەیتانییە دنیایی و زەمینییەکان هەڵدەگەڕێنێتەوە وەک تێپەڕکردنێکی مرۆڤی مێگەلی و ڕەوشتی باو (ئیتیک)، دواجار ئاکارێک دادەمەزرێنێ (مۆڕاڵ)، هەتا مرۆڤ و نەریتێکی باڵای دژە مێگەلی لێ دروست ببێ، لە هەمان کات ئەم باڵاییە لەبری سادۆمازۆخییەکی ناوەکییانەی عاریفانەیی (سۆزەکی/فالۆس/ئەوەی نییەتی)، ببێتە سادۆمازۆخییەکی ناوەکی خەسێنەری (هۆشەکی/فالیک/ئەوەی هەیەتی) فەلسەفەکارانە.

بۆ ئەوەی وەکچۆن لە پانتایی خەیاڵی مرۆڤی مێگەلی و عاریفانەی دەرونخەساودا (پاشکۆ) باوکێک وەک سەرۆک و خوا و ئەویتری گەورەیەک (لە ژیانی کۆمەڵایەتی و کاری دەستەجەمعی، یانیش لە تاکگەرایی عاریفانەدا) ئاڕاستەکەرییەتی، هەروەها دەرونی پێی بەهێز و (بە نەشڵەژاویییەکی خەساوانە وەک بە موڵکبونی ئەویترە خەسێنەرەکەی) لە واقیعدا جێگیرە، بە پێچەوانەوە مرۆڤە باڵایەکەی نیچە بەهۆی بەزاندنی تابو (کوشتنی خوا/بازدان بەسەر هیستریا) و چونە ئەودیوی شێتی بۆخۆی دەبێتەوە ئەم باوکە، هەر خۆیشی ئەویترە گەورەکەیە (تاکگەرایی فەلسەفەکاری). بەو مانایەی ئەو کەسایەتییە نمونەییەی لە پانتایی خەیاڵی مرۆڤی باڵای نیچەیی دایە، فەلسەفەکارە هۆشەکییە خاوەن ویستی هێز و باڵایەکەی خۆیەتی وەک بکوژێکی خوا و تێکشکێنەری بەها پیرۆزەکان، بە وزە وەرگرتن لێی و سەرسامبونی بە وێنایەکەی (بەخۆی) جوڵە و دەربڕینی دور لە شڵەژان و بە شکۆوە لە پانتایی واقیع پێ جێگیر دەکات.


هیوا سەعید

Popular Posts