فەلسەفە بۆ مێگەلە

دورگەکانی بەختەوەری ئەو شوێنەن وەها دارگەلێک لە پەنا یەکدی وەستاون. بەڵام بەتەمام ڕۆژێک ئەوان هەڵکەنم و هەر کامییان بە تەنیا بچەقێنم هەتا تەنیایی و لاساری و دوربینی فێر بن.

گومان لەبارەی ئەو کەسانە دەوروژێنین تەحەمولییان ناکەین.

ڕقمان لە شتی باشە، ئەگەر لە ئاستیدا نەبین.

بژی هەرچییەک ڕق ساز دەکات.

                           "نیچە"

کاتێک مارتن هایدیگەر لەبارەی هەڵاتنی خواکاندا پێیوایە دەبێ بگەڕێنەوە ناو خەڵک، مەبەستی لە ئەو مرۆڤە بەخوابوەیە لەناو پرۆسەی زانیندا سەرەتا لە قۆناغی مێگەلی و بەڵێکردن وەک نەریت و زانینی باو ژیاوە (تێز/ڕابردو/وشتری ملکەچ)، دواتر بە نەخێرکردن و ڕەتکردنەوەی زانینە باوەکە بە ڕوی ژیانە مێگەلییەکەدا هەڵگەڕاوەتەوە (ئەنتی تێز/ئێستایی/شێر). سەرئەنجام بە تێکهەڵکێشی پێچەوانەی زانینە باو(بەڵێ) و ناباو(نەخێر)ەکەی گەیشتوە وەک بەخوابون(سێنتێز)ێکی هەڵگری هەردولایەنی چاکە و خراپە و لە مرۆڤکەوتنێک، بە تەواوەتی لە ژیانی واقیعی و پێکەوەیی(ئاوەدانی)دا چۆتە دەرێ.

لێرەدا لەبەرئەوەی بەخوابونی عاریفانە و فەلسەفەکارانە جیاوازە، واتا یەکەمییان هەست(ئێستا)ی لە بەردەم نەست(ڕابردو)ی بە خەسان دەدا و دەبێتە سادۆمازۆخییەکی ناوەک(توندوتیژێکی خۆئازاردەر)ی خەساو، لەپێناو بەندەیی و خواپەرستی(بەڵێکردن)دا لە فەلسەفەکاری دەکەوێ، بەوەدا لەبری هۆشەکیبون دەبێ بە سۆزەکییەکی نەستەکی.

بە پێچەوانەوە فەلسەفەکار بە کوشتنی ئەم خوایە نەستەکییە وەک دابڕاندنێکی هەست (شێر) لە نەست و ئۆبێکت (سۆز)، هەڵوەشاندنەوەی بەخوابونەکەی خۆیشی لێدەکەوێتەوە و دەبێ بە سادۆمازۆخییەکی ناوەکی خەسێنەر، بەوەی هۆشی بەشێوەیەکی ناسۆزەکی دەکەوێتە پانتایی ئایدیاکان، بە جوڵە و دەربڕین(دەرون)ێکی شێرانەی فەلسەفەکارانە(باڵایانە)ش لە پانتایی واقیعدا هاوسەنگ و جێگیر دەبێت. لێرەدا چونکە ئامانج قڵپکردنەوەی تێگەیشتنە باوەکان و داهێنانی تێگەیشتنی نوێیە، بەو مانایەی فەلسەفەکار وەک خاوەن ئاکارێک ویستی لە چاکەخوازییە بەرانبەر ئەو خەڵکە مێگەلییەی بە بێئاگاییەکەیان لە (زانینی نوێ/بەهای تازە) دژایەتی دەکەن، ئەویش بە بەئاگاهێنان و هۆشیارکردنەوە.

بەڵام مێگەلییەک لە ناوەخۆی توشی هەستکردن بە چەوسانەوە و کەوتنەناو نەبون وەک نامۆبونێک نەهاتبێ هەتا بۆ خۆبەدەستهێنانەوەی بیر بکاتەوە و دواجار هۆشیاری بە دۆخی خۆی پەیدا بکات، بە مانای لە دەرەوەی زانینە نزمەکان لەو زانینە باڵایە تێبگا بە ڕێی دیالێکتیک (خۆناسین/ئەویترناسین)ەوە هۆش پێی دەزانێ، چۆن لە زانینێکی باڵای فەلسەفی پێویستی بە دیالێکتیکی ناوەکی هەبێ بە فێرکردنێکی قوتابی و مامۆستایانە (کە هیچ لێی تێناگات) لێی تێ دەگات!

لێرەوەیە مەبەست لە گەڕانەوەی خواکان ئەو خوایەیە فەلسەفەکارانە(شێرانە) خۆی لە خوایەتی دەکەوێنێت، بە جوڵە و دەربڕین و تێگەیشتنێکی جیاواز دەگەڕێتەوە ناو مێگەل وەک ڕەسەنێک، بەم ڕەسەنی و نامێگەلییە لە کەسنەچوەی دەبێ بە بابەتی بیرکردنەوە و جێی سەرنج وەک خستنەناو نەبون و خەسێنەرێکی ناڕەسەن(ئەوەی نییەتی/گەمژە)ەکان. ئەوانیش لە کاردانەوەیاندا بۆ هەستکردن بە بون و خۆبەدەستهێنانەوەیان، بە نەزانییەکەیان لە دژیدا (بۆ خەساندنەوەیەک هەرچەند لە بێهۆشی پێیان ناکرێت) دەوەستنەوە، لە هەمان کات چەندە بە ڕوکەش ڕقهەڵگر و دژایەتیکەرن، کەچی لە ناوەوە و نائاگاییاندا (لەبەر گرێی ئۆدیب و چێژی ژێردەستەیی/مازۆخیزم) چێژ لەم خەساندنەیان وەردەگرن، دوچاری سەرسامیش بە خەسێنەرەکەیان (باڵادەستەکەی بەسەرییانەوە/فەلسەفەکارەکە) دەبن. لە کۆتاییدا بەم دیالێکتیکەی ئەم نێوانە و لێکبونەوەی هۆشییان (دیالێکتیکی ناوەکی) بە بێئاگاییەکەیان دەزانن و بەئاگا دێنەوە.


هیوا سەعید

Popular Posts