بۆچی نیچە شێت بو؟

ئەوینی گەورە ئەوینی ناوێ - لەو پتری دەوێت.

برایان، دڵەکانی خۆتان هەڵکێشن، بۆ سەر و سەرتر! پێیەکانی خۆشتان لە یاد مەکەن! پێیەکانی خۆشتان هەڵکێشن، ئەی سەماکەرە باشەکان، باشترە لەسەر سەری خۆتان بوەستن.

هیوابڕاوبون باشترە لە تەسلیمبون، بەڕاستی ئێوەم لەبەرئەوە خۆشدەوێ نازانن ئەمڕۆ چلۆن بژین، ئێوە مرۆڤە باڵاترەکان کەوایە ئێوە لە هەموان باشتر دەژین.

لەبەر بەختیاری شێتبون باشترە لە چارەڕەشی.

دەمەوێ بە مەرگ بێژم: ئەمە بو - ژیان؟ کەوایە جارێکی دیکەش!
                                                
                                                              "نیچە"


مرۆڤی هەڵگەڕاوە لە زانینی باو (ئەنتی تێز) خۆی ناناسێ، بەڵکو ئەو بابەتە (تێز) دەناسێ تێپەڕی کردوە، لەبەرئەوەی هۆش لە قۆناغی تێکهەڵکێشدا (سێنتێز/تێپەڕکردنی قۆناغی ئەنتی تێز) بە ڕێی گرێی ئۆدیبەوە (بە نواندنەوەی نەستەوە) بەوە دەزانێ دۆستی (ئەوینداری) تێزە نەک دژی. لێرەدا جارێکی تر بەم تێپەڕکردنەی ئەویش ئەنتی تێز خۆی دەناسێت. ئەوەش لەناوچونی ڕاستەقینەیە وەک چونە سەروی چاکە و خراپە (لۆژیک/حەز).

هەروەها چونکە سێنتێز کەوتنە پانتایی خەیاڵ و کەرتبونی کەسایەتییە لە نێوان ئید (ئارەزو) و ئیگۆ (شکۆ)دا، بۆ کەوتنەوەی بە پانتایی واقیع دەبێ یەکێک لەم دوانە هەڵبژێرێتەوە بۆ بەرهەمهێنانەوەی دەرون و فۆرمبەخشینێک بەخۆی لەسەر بنەمای یەکێک لەم دو لۆژیک (حەز)ە. لێرەوەیە بە هەریەک دەرونی بەرهەم بێنێتەوە و فۆرم وەربگرێ وەک ئەوەیە ئەم حەز و ویستەی وەک ویستی هێزێکی هەندەکی لەلایەن ویستی هێزێکی هەمەکییەوە (لەخۆیەوە/لەسێنتزەوە) بێت.

بەو هۆیەی چیتر ویستی هێزەکەی قۆناغی ئەنتی تێز لەبەر ناسین و تێپەڕکردنییەوە وەک پێزانینێک بە بنەڕەتی بون لەناوچوە و دوچاری کەرتی لە کەسایەتی و لە هاوسەنگکەوتن هاتوە. بەوەدا بەم لەناوچونەی پێویستی بە سێنتێزە هێزی بۆ فۆرمپێدانەوە (بەرهەمهێنانەوەی دەرون) پێ ببەخشێتەوە، بۆ هاوسەنگکردنەوەی وەک زیندوکردنەوە و لەدایکبونەوەیەکی تر. بەڵام بەهۆی سێنتێز چاودێربەسەرخۆبونە، سەرەڕای هاوسەنگکردنەوە (بە گەڕانەوە بۆ تێز یان ئەنتی تێز) و لەدایکبونەوەشی ویستی هێزەکەی هێشتا لەرزۆکە، بەوەی لەژێر چاودێری (خۆی/سێنتێز) دایە، بۆ لە چوارچێوەدان و بەلاداخستنێکی وەک پێزنجیر و دەستبەسەرکراوێک.

ئەوەیە زنجیرکراوەکەی ناوەوەی ئەشکەوت (تێز/وشتری ملکەچ) لە میتافۆرەکەی ئەفڵاتوندا و زنجیرپسێنەکەی دەرەوەی (ئەنتی تێز/شێر) ئەشکەوت، کە هەردوک خۆیان ناناسن و ئەم خۆنەناسینە هاوسەنگی کردون: بە لۆژیکی پێچەوانە و جیاواز بە مەبەستی کەواندنی دەرون و ئاڕاستەکردنی یەکتر وەک حەزێک، لە هەمان کات لەناو پێچەوانەیی و ناکۆکبونەکەیاندا حەزکردن لە یەکتری وەک لەباربردنێکی جیاوازبونەکەیان و تواندنەوەی ئەمییان لە ئەویترییان (هاوشوناسی/لەیەکچویی/ناڕەسەنی) هەیە.

لەم پێزانینەوە نیچە بە دژەهاوشوناسی (دژەتێز و ئەنتییەکەیی) و لەکەسنەچویی وەک حاڵەتێکی سێیەم (مرۆڤەخوا/تاکگەرا) و ئەویندارێکی تراژیدی (سەروبەزەیی/تەنیا) مایەوە وەک هۆکاری شێتبونەکەی، بۆ ئەوەی لە دوڕیانێکی (مۆدێرنە و سەدەکانی ناوەڕاست) ناڕەسەندا بە هیچییاندا نەڕوا، سەرئەنجام لە بێشوێنبێلایەنیدا (لە نەکەوتنەوەی بە پانتایی واقیع/سێنتێز) پەککەوتە و تێکشکاو و شێت ببێ. هەڵبەت ئەم شێتییەی لە ئەوینداربونی بە زەوی ( ئێمە بە هیچ شێوەیەک داخوازی چون بۆ مەلەکوتی ئاسمان نین: چونکە ئێمە بوینە پیاو - کەوایە مەلەکوتی زەویمان دەوێ. نیچە) نەک ئاسمان.

وەک بۆخۆی لە زمانی زەردەشتەوە لەبارەی ئەم شێتبونەوە (لە پێزانین بە بنەڕەتی بونەوە/ لە دوکەرتبونی کەسایەتی/ لە بەخوابونی زەمینی/ لە غەریب و لەکەسنەچویی و ڕەسەنییەوە) دەڵێ: "ژیان لەنێو دورەپەرێزەکان و بزنەوانەکاندا خۆشترە لە ژیان لەگەڵ عەوامە زێڕکفتە ڕەنگینەکان - هەرچەند خۆ بە "خەڵکی باشتر"یش دابنێن. هەرچەند خۆ بە "ئەشڕاف" ناوبەرن. لەوێ هەموشت گنخاوە، لە هەموان پتر خوێن، لە بەرەکەتی ئاه و درمە خراپەکان و حەکیمە خراپترەکان.
ئەمڕۆ باشترین و خۆشەویسترین کەس لای من گوندییەکی ساغی قەبەی گزیکاری کەلەڕەقی سێبورە: ئەمڕۆ ئەم ڕەسەنترین ڕەگەزە. ئەمڕۆ گوندی باشترین ڕەگەز و ڕەگەزی گوندی دەبێ ببێتە ئەڕباب! کەچی لە هەرێمی حکومەتدا عەوامن. من ئیدی فریو ناخۆم، مانای عەوام بە هەرحاڵ ئاژاوەیە.

کەواتە: نیچە:
"چارەنوس بەدەستی خۆسازکردن باشترە!
شێتبون باشترە!
خۆ بەخوابون باشترە!"


هیوا سەعید

Popular Posts