من پیاوێکی سیاسیم
من
پیاوێکی سیاسیم
ناسینی کەسم لێ زیاد نییە
زانا و نەزان
مەلا و قەحپە
شاعیر و بازرگان
هەموی بە دۆستی خۆم دەزانم
ئەوەی گوێی هەیە با تێبگات.
من پیاوێکی سیاسیم
لە پشتەوە دەوەستم بۆ ئەوەی بچمە پێشەوە
نۆرە دەگرم بۆ ئەوەی نۆرەبڕی بکەم
سڵاو لە هەموتان دەکەم
بۆ ئەوەی وەڵامی کەس نەدەمەوە
لەگەڵ هەژارەکان دادەنیشم
بۆ ئەوەی بگەمە سەرمایەدارەکان
ئەوەی چاوی هەیە با ببینێت.
من پیاوێکی سیاسیم
لە پەنا لێبوردەیی گەورەییم دەوێ
کوێرێک لە شەقام دەپەڕێنمەوە
بۆ ئەوەی چاوساغەکان بە هەڵدێردا ببەم
قۆڵ دەخەمە بن باڵی شەلێک
بۆ ئەوەی ڕاوەستاوەکان بەردەمەوە
بۆ منداڵێک دەنوشتێمەوە و
دەست لە ملی دەکەم
بۆ ئەوەیە گەورەکان لە بەردەمم
بکەونە سەرچۆک و دەست بەپێمەوە بگرن
ئەوەی هۆشی هەیە با بیر بکاتەوە.
هیوا سەعید