خوای ئایین، بونگەرایی ئایینی و نائایینی

عاریف بە تۆپزی خۆی ناچار بە مەعریفە دەکات، زۆرجاریش بە زۆر لەخۆکردن دەڵێ: نەخێر، لە ڕاستیدا حەزی لە بەڵێ و خۆشەویستی و خواپەرستییە (ژێردەستەیی) پێکەوە.

"نیچە"



بەهۆی جارێک ئەزمونکردن و ناسینی هەبوییەک، جارێکی تر ئەزمونکردنەوە وەک دوبارەبونەوەیەک دەبێ بە چەقبەستن، سەرئەنجام ئەم دۆخە لە چێژکەوتن و بێزاربونی لێ دەکەوێتەوە. لێرەدا بۆ بەدەستهێنانەوەی چێژ بە گۆڕینی دۆخەکە و گۆڕانیش بە تێپەڕکردنی چەقبەستوییەکە و بەزاندن ڕودەدات.

کەواتە بەزێنەر وەکو تێپەڕکەرێکی چەقبەستویی جگە لەوەی دەبێ بە دەسەڵاتێکی باڵادەست بەسەریدا، لە هەمان کات بە ئاگاشە لێی (ئاوفهیبونگ/ڕەتیکردۆتەوە و لە خۆیشیدا هەڵیگرتوە) هاوشێوەی چاودێرێک. دواجار هەڵگرتنی ئەم خەسڵەتانە (بەزێنەر/باڵادەست/چاودێر) هەموییان خەسڵەتی خواییانەیە.

بەڵام بە پێچەوانەی ئەم بەخوابونە هەستەکییە، لە ئایینەکان خوای باڵادەست و چاودێر لە نەست دایە، بە نەبەزاندن (نەشکاندنی پیرۆزی) دەبێ بە باڵادەستێکی چاودێرکەر بەسەر هەست و ئاگاییەوە، واتا هەست و ئاگایی دەخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیی و توانای لەبارەی پێزانینی خۆیەوە سنوردار دەکات.

لە بەرانبەردا خوا لە بونگەرایی ئایینی (الوجودية الدينية) دەبێتە ئاگاییەکی هەستەکییانە، لە کاتێک هەرچەند ئەم خوائاگایەی هەست باڵادەست و چاودێرە لە خوانائاگاکەی نەستەوە، بەڵام ئەویش (خوائاگاکە) لەبەر نەشڵەژان، بە نەبەزاندن خۆی لە بەردەم خوانائاگاکە لە پانتایی خەیاڵ دەخەسێنێ (نەکوشتنی خوا/سادۆمازۆخی ناوەکی خەساو/وشتری ملکەچ)، وەک پێکهاتنێکی دولایەنەی هەستێکی خەساو (فالۆس/ئەوەی نییەتی) و نەستێکی خەسێنەر (فالیک/ئەوەی هەیەتی) لە دژی ئۆبێکتدا (داواکراوی ئارەزو).

جیاواز لە هەردوکییان، سەرەڕای بە خوابونی نیچەییش بەخوابونێکی ئاگایانەیە، کەچی ئەم بە بەزاندن و تێکشکاندنی پیرۆزی خوا باڵادەست و چاودێرەکەی نەست لە پانتایی خەیاڵدا دەخەسێنێت (کوشتنی خوا/سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر/شێر)، بەوەدا هەست و ئاگاییەکەی دەبێتەوە بە خوایەکی تری خەسێنەر (فالیک)، لەپێناو خەساندن (بەزاندن/باڵادەستیکردن/چاودێرکردن)ی نەستە فالۆس و خەساوەکەی (بەگەڕخستنی هۆش/خۆخستنە پانتایی چەمکەکان/قڵپکردنەوەی مەعریفی/ لێڕژان)، لە کۆتایی بە ویستی هێز و دەرونێکی جێگیر لە ڕوبەڕو وەستانەوەی ئەویتری دەرەوە (وەکو دەسەڵاتێک) لە پانتایی واقیعدا.


هیوا سەعید

Popular Posts