دایکم خۆشناوێ، هەتا خۆشمبوێت

فریدریک نیچە لە کتێبی مرۆڤانە، سەرومرۆڤانە دەڵێت: دایک زیاتر لە خۆشویستنی کوڕەکەی، خۆشویستنی خۆی لەودا دەبینێتەوە. واتا بەختەوەری بۆ ژن لە دایکایەتییەکەیی و مێرد ئامراز و منداڵەکوڕەکەش ئامانجەکەیە. ئەم تێگەیشتنەی لە دنیابینییە فەلسەفییەکەیەوە دێ، بەهۆی ئەو پەیوەندییەی لە ژیانی سەرەتای منداڵیدا دەکەوێتە نێوان دایک و منداڵی کوڕ، لە دواتردا دەبێتە ڕێگر لە بەردەم هەڵوەشانەوەی گرێی ئۆدیب و کوشتنی باوک، لەکۆتایی دروستبونی مرۆڤی باڵا.

ژیل دۆلوز لە کتێبی ساردی و دڵڕەقی، ئەم جۆرە پەیوەندییە بە هاوپەیمانی مازۆخیستێک (ژێردەستەیەک) ئەویتری بۆ سادیستی (باڵادەستی) پاڵناوە، دەبینێت. وەک دەڵێ: گرێبەستی مازۆخیستی بۆ دەسەڵاتی سیمبولییە بە وێنەی دایک. لەبەرئەوەی پەیوەندی دایک و منداڵەکوڕەکەی هاوپەیمانێتی منداڵێکی ژێردەستەی مازۆخیست و دایکێکی باڵادەستی سادیستی (دایکی زارەکی) لێدەکەوێتەوە. لە هەمان کات ئەم باڵادەستی و سادیستییەی دایک، لە ناوەوە مازۆخیست و هەڵگرە بە چێژکردن لە ژێردەستەیی، بەڵام منداڵە کوڕەکە بە چێژکردن لە ژێردەستەییەکانی، دایکەکە بەلای باڵادەستی پاڵدەنێت.

بەو مانایەی ئەو چێژە مازۆخییەی (چێژکردن لە ژێردەستەیی) منداڵی کوڕ بۆ نمونە، لە مەمکمژینی دایک وەریدەگرێ، دایکیش ئەم چێژەی دەوێ، کەچی لە ژێردەستەیی و خەساوی کوڕەکەی، دەبێ بە سادیست (باڵادەست) بەسەریدا. لێرەدایە کاتێک منداڵەکوڕەکان دەگەنە سەروساوایی و درێژدادڕی لە مەمکژین دەکەن، دایکەکان بە هەڵچونێکی باڵادەستانە مەمکییان لێدەگرنەوە و زۆرجاریش لە نائامادەیی مێردەکان، بە جوێنێک بە منداڵەکە و باوکەکە (مێردەکە)یان، کۆتایی بە مەمکگرتنەوەکەیان دێنن. بەو مانایەی لە چرکەساتی مەمکپێدان و لاواندنەوەدا، ئەم مەمکگرتنەوە و جوێن و باڵادەستییەی دایک هەڵگرە بەو چێژە ژێردەستییە مازۆخییەی منداڵەکوڕەکەی دەیچێژێ و بۆخۆی لێی بێبەشە. سەرئەنجام بۆ ئەم چێژە و نائامادەیی مێردە باڵادەستە سادیستە چێژپێدەرەکەی لەم چرکەساتدا، لە هەردوکییان منداڵەکوڕەکە و باوکەکە (مێردەکە)ی هەڵدەچێت. بۆیە ئەم هەڵچون و جوێندانە، بارکراوە بە نەفرەتێک سەرەتا لە خەساو (فالۆس/ئەوەی نییەتی)ییە بەشنەدراوەکەی خۆی، دواتر جارێکی تر لە یەکسانبونی منداڵەکوڕەکەی بە خەساوییەکەی. وەکئەوەی دایک بەم جوێن و هەڵچونەی ساتی مەمکگرتنەوە، ئاماژەی ئەوە بە منداڵەکوڕەکەی بدا، کەڵکێکت نییە لەباوەشم، پێویستم بە باوکتە وەک نەخەساوێک (فالیک/ئەوەی هەیەتی).

کەواتە ئەوە منداڵەکوڕەکەیە لەپێناو چێژە ژێردەستەییەکەی، دایکەکە بۆ سادیستی (باڵادەستی) بەسەرخۆی پاڵدەدا، چونکە منداڵەکوڕە خەساوە مازۆخییەکەش بۆ چێژی ئازارخواردن و ژێردەستەیی، بەدوای نەخەساوێکە (سادیست)ێک. لێرەوەیە تێگەیشتنەکەی نیچە لەبارەی ئەوەی دایک زیاتر لە خۆشویستنی کوڕەکەی، خۆشویستنی خۆی لەودا دەبینێتەوە، یەکسان دەبێتەوە بە دایکێکی باڵادەستی سادیست و کوڕێکی ژێردەستەی مازۆخیست، دواجار ئەم باڵادەستی و ژێردەستییە، دەبێ بە ئەخلاق و هاوپەیمانێتییەک لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکەی نێوانیاندا.

ئامانج لەم تێروانینە ئەخلاقییە لە فەلسەفەی نیچەدا، بۆ دروستکردنی ئەخلاقێکی ترە، جیاواز لە مازۆخیزمی ماتریالی شەهوانی و مازۆخیزمی سۆزاوی عیسایی لە مرۆڤی باڵادا، بەڵکو مرۆڤ بە سەرکوتی و ڕێگرتن لەم چێژە مازۆخییەی (لاوازی، بەزەیی) لە ناوەوە، ئەویتری دەرەوە بەرەو دۆخێکی سادیست (باڵادەست) بەسەرخۆیدا ئاراستە نەکات.

هەروەها بۆ ئەم خۆگرتنەوەیە لە چێژ و خۆئازاردانە وەک پرسێکی تری ئەخلاقی بەرانبەر خود، دیسان دۆلوز لە ساردی و دڵڕەقی، لەسەر بنەمای تێگەیشتنی فرۆید، چێژکردن لە ئازار (سادیست) بە دوبەش لێکدەداتەوە: یەکەمیان، ئارەزو (id) لە ئازاردانی ئەوانیتردا دەیبینێ، دوەمییان، منی باڵا (Superego) پێویستی بەو چێژە نییە لە ئازاردانی ئەوانیتر بیکات، ئەم چێژەکە مازۆخییانە بە ئازاردانی خۆی وەردەگرێت. بە مانای سوپەرئیگۆ وەک ئەخلاقێکی بەرزی ناوەکی لە مرۆڤی باڵادا، بۆخۆی سادۆمازۆخییە.

بە زمانی نیچە، ئەو مرۆڤە باڵایە خۆناسەی خاوەنی سوپەرئیگۆیە، لەو خۆنەناسەی ئەم ئەخلاقە بەرزە ناوەکییەی نییە، سادیستییەکەیان (چێژکردنیان لە ئازار) جیاوازە. مرۆڤی خۆناسی نیچەیی بەهێزانە بە خۆئازاردانییەتی (باڵادەستییەکەی خۆویستانە بەسەرخۆیەتی)، بە پێچەوانەوە خۆنەناس لە باڵادەستی بەسەر ئەوانیتر و ئازاردانی ئەوانەی دەرەوەی خۆیەتی. ئەوەیە لە فەلسەفەکەیدا مرۆڤێک یەکسانە بە ئاژەڵ، لە مرۆڤێکی سەرومرۆڤ جیادەکاتەوە.


هیوا سەعید

Popular Posts