خۆناسین

(١)
سوپاسی ئەوانە مەکە پێت دەڵێن گەورەم
ئەو دەمانە ماچ بکە
پێت دەڵێن بچوک!

ئەم وشەیە کلیلی تێگەیشتنە،
تێگەیشتن دەرگای زانینە.

با پێت بڵێن بچوک
با هەستت بریندار بکەن
دەبێ بتۆرێی
دەبێ لەم، لەو، لە هەمویان بتۆرێی
تا دڵت نەشکێ واز لە ئاوەدانی ناهێنی.

ئەوان ناشیرینن
ئەوان خراپن
ئەوان پیسن
دورکەوە
بە هەستێکی بریندار دورکەوە
بە دڵێکی شکاو دورکەوە
لە دوری ئەوان دەچیتەوە ناوخۆت،
بیردەکەیتەوە،
ئەوەندە بیردەکەیتەوە مێشکت لێک دەبێتەوە.

لێکبونەوە دابڕانە
لەخۆت داببڕێ، ببە بە دوکەس
ببە بە هاوڕێی خۆت
پرسیار لە خۆت بکە
وەڵامی خۆت بدەوە
بەم پرسیار و وەڵامە خۆت دەناسی.

خۆناسین تێگەیشتنە لەخۆت
پێشتریش وتم تێگەیشن دەرگای زانینە
زانین جوانییە،
زانین چاکەیە،
زانین پاکییە.
لێگەڕێ با پێت بڵێن بچوک
تۆ جوان بی، چاک بی، پاک بی
بەختەوەری لەوە زیاتر چییە!
ئەوەیە گەورەیی.

(٢)
هەرچەندە ڕێگایەکی هەڵەم پیشاندای
بەڵام پێت ناڵێم بمبورە!
دەمویست ئەم هەڵەیە تاقی بکەیتەوە.

هەتا لەناوخۆت بەند نەبی
نازانی بە چ هەڵەیەکم دابردی
نازانی ئەو جوانی و
چاکی و
پاکییە
بەختەوەری نەبو، خەیاڵ بو
ئەو گەورەییەی سەرەتا بچوکی بو.

سەیری خۆت بکە چیم بەسەرهێنای
لە کۆیلەیەکی بچوک هیچی تر نی!

ئیشی من ئەوە بو فێرت بکەم
کەس بە ئازادی لەدایک نابێ
ئیشی تۆش ئەوەیە خۆت ڕزگار بکەی
لەناوخۆت وەرە دەرەوە
ژیان لە دەرەوەیە.

Popular Posts