بۆچی ئازارەکەی خۆمان خۆشبوێ

ڕوبەڕوی مردن ببینەوە، هەست بە جوانی ژیان دەکەین.

"فیلمی ژیان، ئاکیرا کورۆساوا"

لە چاوپێکەوتنێکدا، لە مارتن هایدگەر دەپرسن، بۆچی لە نێوان فرۆید و مارکس و نیچە، نیچەت هەڵبژارد، دەڵێ: نیچە هەردوکیانە. بە مانای فەلسەفەکەی بۆ تاک و بۆ کۆمەڵ، بۆ ژیانی تەنیایی و پێکەوەیی، فەلسەفەیەکی واقیعانەیە. چونکە واقیعی تەنیاییش جیاوازە لە پێکەوەیی، پێویستە جیاوازییەکەیان بناسرێ و لێک بکرێتەوە.

لەبەرئەوەی کاتێک نیچە ڕەخنەی ئەو دیوە مازۆخییەی ئەخلاقی سۆسیالیستی و بەزەیی مەسیحانە* دەکات، بەو مانایە نییە ناواقیعانە چونەدەرەوەی تەواوەتی لەو دیالێکتیکەی نێوان هۆش، ئەم و ئەویتر دەوێ. بەڵکو جیاواز لە لێکدانەوە ئەفڵاتونییەکە بۆ گەڕانەوەی هەمیشەیی، بە لێکدانەوەی دۆلوز، دوای کوشتنی خوا و هەڵوەشاندنەوەی پیرۆزییەکان و ویستی هێز، لە مەودای نێوان قۆناغی مرۆڤی باڵا و گەڕانەوەی هەمیشەیی، لەسەر بنەمای ژیانی بازنەیی، ئەو دیالێکتیکەی جارێکی تر و بەشێوەیەکی جیاوازتر سەرهەڵدەدا، لەکن نیچە نیشاندراوەتەوە، بەوەی ئەنتیتێز بە ئەزمونێکی نوێ و گۆڕانەوە تێکهەڵکێش دەبێتەوە بە تێز، بۆ پێکەوەییەکی تازە. وەک لە شوێنێکدا دەڵێ:

مرۆڤ لە دژی دڵی خۆیدا

بکەوێتە ململانێ،

ئارەزوەکانمان بە نرخی رۆحمان کۆتایی دێ.

یان دەڵێ:

هەمووەکیەک وایە،

مردو بین یان زیندو،

بەئاگابین یان خەوتو،

گەنج یان پیر،

بەهۆی گۆڕانکارییەوە ئەمەیان دەبێ بە ئەوەیتریان.

بەڵام لەبری لاوازی و بەزەیی، بایەخدانی بە چەمکی ئازار و لێک جیاکردنەوەی مرۆڤی باڵا لە بازاڕ و ئەم بە نایەکسان بینینەیان، لەبەرئەوەیە ئازارەکانی تەنیابونەوە، هەڵچون و پچڕانە لە سۆز بۆ ئەوانیتر، وەک دابڕانێک سەرەڕای پەیداکردنی شکۆ، هۆشیاری گەورە و داهێنانی گەورەی لێ دروست دەبێت، بۆ هەڵگەڕانەوە بە ڕوی دەسەڵاتی چەقبەستودا، سەرەتا لە ئاستی کلتوریدا، دواتر خۆبەخۆ لە ئاستی سیاسی، وەک بەرهەمی کلتورەکە.

لە بەرانبەردا بە پێچەوانەی پچڕان، لاوازی و بەزەیی، هەردەم پێوەمانەوە و لکانە بە ئەوانیترەوە، توانای بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە لە هەڵگەڕانەوەی نییە، هەر لە شوێنی خۆی بێ هیچ گۆڕانکارییەک لە خولانەوەیە. وەک دیسان لە شوێنێکی تردا نیچە دەڵێ:

با مرۆڤ بیر لە پرسی عاریف خۆی بکاتەوە،

 بە تۆبزی ڕۆحی خۆی ناچار بە مەعریفە دەکات، زۆرجاریش بە تۆبزی دڵی خۆی ناچار بەمە دەکات، ناچاری دەکات بڵێت: نەخێر،

لەکاتێکدا حەزی لە بەڵێ و خۆشەویستی و خواپەرستییە پێکەوە.

بەو مانایەی لە ناوەوە هێشتا سۆزی بۆ مەعریفە و ئەخلاقی باوە، وەکو خوایەک و دەسەڵاتێکی سەپاو.

 لێرەوەیە چەمکی ئازاری نیچەیی خۆویستانە (هەندەکی) پێچەوانەی ئازارخواردنی خۆنەویستانەی عیسایی (هەمەکی)، یەکسانە بە دابڕانی مەعریفیی، کە لەلای هایدگەریش هەمان ئەم ئازارە کەوتنە ناو نەبون و لەوێوە ناسینی بون و سەررێکەوتنی مرۆڤێکە بە ڕەتکردنەوەی تێگەیشتنە باوەکان، هەوڵی ڕەسەنبون بە ناو ژیاندا دەدا و لەگەڵ گشت ڕەشبینی و ئازارەکانی، ژیانی خۆشدەوێ.

کەواتە مرۆڤ نەکەوێتە ناو ئازار و ڕەشبینی و هەست بە پوچی ژیان نەکات، بێئاگایانە لەناویدا دەژی. بۆیە دەبێ خۆویستانە بە هەڵگرتنی ئازار (دابڕنی مەعریفی)، بە تاریکاییەکانی بگا و ڕۆشنی بکاتەوە، بۆ ئەوەی بە جوانی تێیدا بژیت.

* بە تێگەیشتنی نیچە، لەکاتی تەنگانەدا، بەهاناوەچونی ئەوانیتر، زو بەرپێگرتنی ئەو ئازارەیە، دوچاری ئەوان هاتوە، هەتا لە دواتردا ڕوبەروی خۆمان نەبێتەوە. واتا ئەم بەهاناوەچونە جگە لەوەی لەپێناو پاراستنی خۆمان دایە، بۆ باڵادەستی بەسەرداکردنی ئەو ناچارکەوتوانەشە بەهانایانوەچوین. ئەوەیە ناشیرینی لە بەزەیی پێهاتنەوە و هەڵاتن لە ئازار.


هیوا سەعید

Popular Posts