مولحیدی [Athiest] چییە؟

مولحید ئەو کەسەیە بە پێزانینە هەستەکییەکانی (هۆشەکییەکانی/قۆناغی شێر) لە نەستی (قۆناغی وشتری ملکەچ) دابڕاوە، بەو مانایەی بەهۆی پێزانینەوە ئەو بیروباوەڕانەی لە نەستی بە پیرۆز و ڕاستی دەزانی، لەگەڵ دابڕانی هەستی (دابڕانی مەعریفی) لە نەست و هۆشیاربونەوەی چیتر لەکنی جێی باوەڕ و ڕاست نین.

ئەوەش لەسەر بنەمای زانینە هەستەکییان (هۆشەکییەکان) ڕودەدا، بەوەی ئەگەر لە نەستیدا باوەڕی بەوە هەبوبێ (بۆ نمونە) عیسا بەبێ باوک لەدایکبوە، ئەوە بە بەراوردکردنی ئەم تێگەیشتنە بە چۆنییەتی لەدایکبونی زانستییانەی منداڵ، هەرچەند باوەڕەکەی لە بنەڕەتەوە هەڵناوەشێتەوە، چونکە نەست نائاگایی و سۆزە (خوا مردوە، کەچی نەیزانیوە. لاکان)، بەڵام سڕ دەبێ وەک لەکارکەوتنێک.

بۆیە مولحید لە قۆناغی ئەنتی تێزدا بێباوەڕ نییە، لە تێگەیشتنە سۆزەکییەکانی هەڵگەڕاوەتەوە و بوە بە باوەڕدارێکی هۆشەکی، بە پشتڕاستکردنەوەی زانینێکی هەستەکییانە. واتا تەنیا بەشێوەیەکی ئەنتی تێز دژایەتی تێزە نەستەکییەکانی دەکا و هێشتا لەناو پرۆسەی دیالێکتیک دایە، هەتا ئەوکاتەی دەگاتە قۆناغی تێکهەڵکێشانی باوەڕە دژبەیەکەکانی نەست و هەستی وەک یەکگرتنەوەیەکی خۆیی و خۆیدا، بە سەرپەرشتی ئاگایی.

لە قۆناغی تێکهەڵێشی نەست (وشتری ملکەچ) و هەستیشدا (شێر)، بەڵکو لەنێوان ئەم دوکەرتبونە بەلایەکدا بکەوێت و دەرونی لە شڵەژان دوربخاتەوە و لە پانتایی واقیعدا جێگیر ببێ، دەکەوێتە بەردەم دو هەڵبژاردنی بونگەرانەی ئایینی و نائایینی، ئەویش بەوەی بونگەرایی ئایینی دەگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ڕابردو و پیرۆزییە نەستەکییەکانی و بە جۆرێکی مازۆخیستانە هەستی (شێر) لەبەردەم نەستدا (وشتری ملکەچ) دەخەسێنێت، بە پێچەوانەوە بونگەرای نائایینی ناگەڕێتەوە ژێر ئەم دەسەڵاتە نەستەکییە و پیرۆزییەکانی، لەبری لەناو ڕابردوییەکی سۆزەکیدا بژی، دەبێتە ئێستاییەکی ناسۆزەکی.

بە مانای لەم قۆناغەی دواییدا ئەم نائیلحادی (نەستەکی/وشتری ملکەچ) و ئیلحادە (هەستەکی/شێر) دو هەڵبژاردەن، ئەوکاتەی مرۆڤ توانای بەدەستهێنانی خۆئاڕاستەکردنی بەدەستدێنێ بە (هۆشی) ویستی خۆی دەتوانێ لە یەککاتدا هەم باوەڕدار و باوەڕداریش نەبێ، لەبەرئەوەی هەردو هەڵبژاردەکە لەپێناو چۆنییەتی خۆجێگیرکردندان، یەکەمییان ئەم خۆجێگیرکردنە بە کەوتنە ژێرباری نەستی و پشتکردنە واقیعێکی ئێستایانە، دوەمییان بۆ مامەڵەیەکی ئێستایی لە پانتایی واقیعدا بە زاڵکردنی هەست (شێر) وەک پشتلێکردنێکی نەست (وشتری ملکەچ) خۆجێگیرکردنەکەی دروست دەکات.


هیوا سەعید

Popular Posts