لە نێوان سیخوڕ و فەلسەفەکاردا
سیخوڕ بێشکۆیەکە (بێشەڕەف/ خاوەنداری لەخۆنەکردن) بە دۆخی خۆی دەزانێ هێشتا ڕوی ناو خەڵکی هەیە! لەبەرئەوەی دەیەوێ لە پەنا لەشکۆکەوتوان (وەک نێردراوی ئەوان) تۆڵەی بێشکۆییەکەی بە لێدان لە شکۆی ئەوانەی خاوەندارییەتی لە هۆش و دەرونی خۆیان دەکەن (بەشکۆکان/بەشەڕەفەکان)، بۆ لەجیاوازیخستن و وەکیەکلێکردن (هاوشوناسی) وەک ناڕەسەنکردن و دیسپلینکردنێکی ئەوانیش بکاتەوە.
لەکاتێکدا ئەوە هیچی و مایەپوچییە، لەشکۆدان (بچوککردنەوە) هیچ دەستکەوتێکی تێدا نییە، چونکە گەورەیی و بەشکۆبون (شارستانییەتی باڵای فەلسەفەکاران) دەستکەوتە ئەویش بە سیخوڕی کردن (ویستی دیسپلینکردن) لەدەستیداوە، بە نەکردنیشی بەدەستی دێنێتەوە. ئەوەیە دەسەڵات لە شارستانییەتی نزمدا لەسەر بنەمای ئەم دیسپلینکردنەی هاوڵاتییان دەسەڵاتە و ئامانجەکەیشی بە هاوشوناسکردنە، بۆیە لەشکۆکەوتوە.
بە پێچەوانەوە فەلسەفەکاریش (سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر) لە پێچەوانە ویستنەوە فەلسەفەکارە، بەڵکو نەکەوێتە ناو ئەم دیسپلینە و بە هاوشوناس نەبێتەوە، واتا لە جیاوازی و شکۆ (فەرهەنگی باڵا) نەکەوێت.
لەم ڕوانگەوەیە ئەوەی سیخوڕ (چاودێر) پێی دەکرێ، فەلسەفەکاریش (بەهۆی پێزانین بە بنەڕەتی بونەوە) بە چونە ویژدانی ناخودئاگا (خزینەناو/چاودێری) دەتوانێ بیکا، بەڵام ئەم لەناو خەڵکیدا (وەک سێنتێز/بەخوابون) دور دەکەوێتەوە، تەنیا بەو مەبەستە دەچێتە ناوییان (وەک مرۆڤێکی باڵا/فەلسەفەکار) بە پێزانینەکانی تێیانبگەیەنێ سیخوڕی و دیسپلینکردنێک (بەهاوشوناسکردن/بچوککردنەوە/لەشکۆداماڵین) لە دەسەڵاتێکی لەشکۆکەوتوەوە لە ئارایە (کپ و بێدەنگ بین، چیتر فەلسەفەکار نین. نیچە)، پێی بزانن!
لێرەدا ئەم چاکەخوازییەی فەلسەفەکاران لەگەڵ خەڵک (مێگەل/سۆز) لە ئەوینەوەیە، بەوەی سەرەڕای بە هەڵگەڕانەوە لە نەریتی باو (کوشتنی باوک/بونەوە بە باوک/خاوەنمۆڕاڵ) لێیان هەڵگەڕاوەتەوە لەبەر گرێی ئۆدیب سۆزی بۆیان ماوە، بەو هۆیەی ئەوینداری دایکی (تێز/سۆز) و منداڵییەکەی ناوەوەی خۆیەتی، ئەوانیش (مێگەل) بەشێوەیەکی سیمبولی دەبنەوە بە کەسوکاری خۆیی و دایکەکەی (سۆزەکەی/دانیشتوانی ئەشکەوت)، کە تێپەڕی کردوە (ئەویندارە) و لێی تێپەڕ نابێ (ڕەتیکردۆتەوە و لەخۆیدا هەڵگرتوە/ئاوفهیبونگ)، بۆ باوکایەتی لێکردن (بە ئەویندارمانەوە) وەک کەوتنەئەستۆی ئەرکێکی مێژویی.
لە بەرانبەردا سیخوڕ لە نائەویندارییەوە خۆیی و ئەم ئەوینەی هەرچەند کەسایەتییە ڕەسەنەکەیەتی لەدەستداوە (ئیتر ویستی ئاڵقە لەودا لەگەڵە خۆی لە کێشەدا نییە/مفتەخۆرێکە چیتر ئەویندارێکی تراژیدی نییە/بە ئەوینی خەڵکی دەژی/هاوشوناس/ناڕەسەن)، دەبێتە منداڵی هەرکێیەک باوکایەتی (بەڕێوەبەرایەتی/سیستەم) بەسەردا بکا. لێرەوەیە بە لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە ڕەسەنەیەوە (بۆ چێژ لە خەساوی) چێژ لە دەسەڵاتی دیسپلینکردن و بەهاوشوناسبون دەبینێت.
هیوا سەعید