مرۆڤی باڵای نیچەیی

ئۆرفیۆس و دکتۆر فاوست هەردوکییان قسەی خوایان شکاند و ڕۆحی خۆیان بە شەیتان فرۆشت، لە دواتریش هەردوک چارەنوسی یارەکانییان بە ژیانێکی دۆزەخی و مردنێکی کارەساتبار سپارد، لە کۆتایی بۆخۆشیان بەشێوەیەکی تراژیدی درێژەیان بە ژیاندا و مردن. ئەوە بە تەنیا چیرۆکێکی ئەفسانەیی نییە، لەپێناو چێژێکی ئەدەبیدا داڕێژرا بێ، چارەنوسێکە لە بەردەم هەمومرۆڤێکی باڵای نیچەییە (سادۆمازۆخی ناوەکی خەسێنەر/بکوژی خوا).

لێرەوەیە ژیانە ڕاستەقینەکەی نیچە و بە شەیتانبونەکەی (من شەیتانێکی نورانیم. نیچە)، هەروەها چارەنوسەکەی سالۆمی و لە خاوەندارییەتی کەوتنەکەی هەتا مردنی (کەوتنە دۆزەخی بێسۆزی/خاوەن زەکەری دایک/تەنیامانەوەکەی لە ناخەوە/شیعرەکانی دواتری بۆ نیچە، وەکئەوەی سینگدادڕان و هاوارێک بێ لەدۆزەخەوە) دەبێتە بەڵگە لەسەر ئەوەی ئۆرفیۆس و فاوست و نیچە یەک کەسی هاوشێوەی ڕاستەقینەن نەک ئەفسانە، ئەویش مرۆڤی باڵایە، بەهۆی عەشقەوە (خاوەندارییەتی/شەڕەف) دوچاری دەبێتەوە، کە لە دواییدا بەڵکو بەرانبەر هیچ ئەویترێک بێشەڕەف (بێشکۆ/دەرونکەوتو/خەساو) نەکەوێ و هەمیشە بە پێوە و بە سەربەرزی بمێنێتەوە، لە چەمکی شەڕەف و خاوەندارییەتی دەدا، لە تێگەیشتنی باو لەبارەی ئەخلاق و چاکەوە هەڵدەگەڕێتەوە، بەو مەبەستەی مانایەک بە ژیانەکەی داهاتوی (بونێکی نەخەساو/ بەشکۆ) ببەخشێ، ناچار لە ناوەوە یارەکەی وەک قەحپەیەک وێنای تەڵخ و تێگەیشتنی خراپی دەداتە پاڵ، دەستبەسەر سۆزەکەی ناخیدا دەگرێت، هەتا سۆز و ڕابردوی ئەم یارە تێپەڕ بکا و کەچی تێناپەڕێ، لە ئاگاییدا سەرەڕای چەپاندنی (بەخۆسەرقاڵکردنەکانی) لە خەیاڵدا ئامادە و لە نائاگایی و خەویشدا جارجارە بە خەون دێتەوە.

گشت ئەوەش چونکە شکۆی پیاوبونەکەی (مرۆڤی باڵا) ڕێی پێنادا جارێکی تر ببێتەوە بە کوڕی ئەو ژنەدایکە ڕاستەقینەیەی یەکەمی (لە سەرەتادا بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێی ئۆدیب) بە کوشتنی خوا و خەساندنی لە پانتایی خەیاڵی (بە بەزاندنی تابو) هەڵیوەشاندۆتەوە، بۆیە ئەوکاتەی دوبارە ژنێکی تر وەک یار (یار دایکە/خوایە/خەسێنەرە) دێتەوە سەرڕێی، دیسان ئەم خەسانە ڕەتدەکاتەوە، لێرەدا سەرئەنجام قوربانی و لە دۆزەخسوتانی یەکەم ژنە (یارەکە، لە ناخاوەنداریەتییەوە)، فەوتانە بە کارەسات و تراژیدییەکەی دوەمیش بەخۆیەتی، مرۆڤە (پیاوە) باڵایەکە، تەنیایەکە.

ئەو مرۆڤە باڵایەی لە تەواوی ژیانیدا بە ویستی هێز دەستی بەسەر سۆزیدا (وشتری ملکەچ) دەگرێ و ژیان و دنیابینییە تەنیاییەکەی لەناو هونەر و ئەدەب و فەلسەفەدا، بۆ هەڵاتن لە سۆزی یارەکەی بە دڵرەقی ژێراوژور دەکاتەوە، هێشتا لە بەیانییەک، لە نیوەڕۆیەک، لە ئێوارەیەک ڕودەدا بە چاوی بە تەڕ لە خەو هەستێت. لەم خەوەدا ڕەنگە یار مردبێ، یان چ کارەساتێکی بەسەرهاتبێ نازانرێت! بەڵام ئەوە دەزانرێ لە خەویشدا بێ، ئەو دۆزەخییە نەمرە مرۆڤە باڵاکە دەگریێنێ!

لەبەرئەوەی ئەم مرۆڤە (توندوتیژ و بیسۆز و دڵرەقەی لە ئێمە دیارە) لەبەر باڵاییەکەی ئەم شێوەیەی بەخۆی بەخشیوە، درۆ لەگەڵ خۆیدا دەکات، لە دڵەوە یاری وەک قەحپەیەک دەرنەکردوە.

بە پاکی و بە نەمری خۆشیدەوێت..

ئەویش خۆیەتی!


هیوا سەعید

Popular Posts