خەونی ترسنۆکان

ئێوە دەڵێن باوەڕمان بە خوایە
بەڵام درۆ دەکەن
ئیشتان پێی هەیە.

لە هەژاری دەترسن
خەون بە دەوڵەمەندییەوە دەبینن،
لە نەخۆشی دەترسن
خەون بە لەشساغی دەبینن،
بە چارەنوسی خۆتان ڕازی نین
ژیانێکی چاکترتان دەوێ
ئێوە بەس دەتانەوێ
خۆتان ناخەنە ژێر هیچ بەرپرسیارێتییەک.

ئەگەر خوا نەیدا
پەنا دەبەنە بەر مەزاری ئەو مردوەی
ئێوە پێی دەڵێن پیاوچاک،
ئەگەر ئەویش وەڵامی نەبو
دەچنە لای ئەو ساختەچییە ڕیشنەی
ئێوە پێی دەڵێن شێخ،
ئەگەر ئەویش هیچی پێنەکرا
پیرێژنێکی جادوگەر دەدۆزنەوە،
یان بەدوای قەرەجێکی فاڵگرەوە دەگەڕێن،
یان خەوننامەیەک دەکڕن،
یان کەلوی بەخت دەخوێننەوە،
ئەگەر هەرنا قاوەیەک دەگرنەوە
ئێوە خواتان نییە، خەونتان هەیە.

ئێوە دەڵێن باوەڕمان بە پێغەمبەرە
بەڵام درۆ دەکەن
پێغەمبەر وتی چومە ئاسمان
ئێوە کاتێک فڕینی سوپەرمانتان بینی،
پێتان سەیر بو!
مرۆڤ لە یەکەم بەرکەوتن
سام دەیگرێ.

ئێوە دەڵێن باوەڕمان بە ئایینە
بەڵام درۆ دەکەن
چ ئایینێکە بێ خوا و پێغەمبەر!
ئێوە تەنیا خەونتان هەیە
خەون واتا ئومێد،
ئومێد واتا چاوەڕوانی،
چاوەڕوانی واتا دڵەڕاوکێ.

هەی قەزەمی قەمبورینە
دەبێ لەناو ئەو بازنەیە
هەر بە چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێوە بخولێنەوە
قەزەم واتا بچوک،
قەمبور واتا ملکەچ،
خولانەوە لەناو بازنە واتا ژیانی دوبارە.


هیوا سەعید

Popular Posts