نیچە و مرۆڤی باڵا یەک کەسن
ڕاستەقینەیەک
بونی نییە.
"نیچە"
فریدریک نیچە مەعریفەی تەواو (کامل) وەک تایبەتمەندییەکی بون بە لەناوچون لێکدەداتەوە، بەوەی خزینەناو لێک جیاوازەکانە، ئەوەش لەناوچونی (ڕاستەقینە) و یەکسانبونەوەیەتی بە (نماییش). کەواتە هیچ ڕاستەقینەیەکیش بونی نییە.
چونکە ئەو کارەکتەرەی بە ویستی هێز دەرونی خۆی ئاڕاستە بکات، بچێتە ناو کەسایەتییە لێک جیاوازەکانی وەک گاڵتەجاڕ، سۆزەکی، توندئاژۆ (شکۆ) و هەمان جوڵە و دەربڕینی ئەوان لەخۆیدا بەرهەم بێنێتەوە. لێرەدا بونە ڕاستەقینەکەی بە نماییشکردن لەناو دەچێت.
بۆیە لە فەلسەفەکەی مرۆڤێکی باڵا (هەڵگری ڕاستەقینەیەک نییە) دادەهێنێت، بۆ لێدان لەوانەی بەناوی ڕاستەقینەوە قسە دەکەن.
بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە نیچە بۆخۆی وەک چەمکێک یەکسان ببێتەوە بە خزینەناو و هەرجارەی ڕێگایەک بگرێتەبەر و ڕۆڵێکی تێدا بگێڕێت، وەکئەوەی ژیان نماییشکردنێک بێ، جارێک بە ڕێگایەکی گاڵتەجاڕانە مامەڵەی بکرێ، جارێکیش بەسۆز و گریان لەبەردەمیدا بخەسێت.
لەبەرئەوەی هەر مانەوە لە ژیاندا گرنگ نییە، بەڵکو لەپێناو چۆنییەتی مانەوەکە نیچە خۆی یەکسان دەکاتەوە بە کەسایەتی مرۆڤی باڵا. بە مانای هەرچەند بە خزینەناوەوە بتوانێ ببێتە چ کەسێک، هێشتا بە تەنیا بەرگی مرۆڤی باڵا بە هەڵبژاردنێکی جوان دەبینێت مرۆڤ بخزێتە ناوییەوە.
لێرەوەیە خزینەناو دەبێ بە تەکنیکێکی ئاشکراکردن و کارەکتەری نیچەش دەبێ بە ڕێگای سێیەم، واتا یەکسانبونەوەی بە ڕاستەقینەیی ژیانێک بێ دڵ و تراژیدیایە، لە سەرەتادا بەشێوەیەکی ئاسنین بە ویستی هێز لە ڕویدا دەوستێتەوە، دواجار بە تێکشکانێک، بە شێتبونێک بە مردنێکی نیچەییانەی تراژیدییانە کۆتایی دێت.
هیوا سەعید